سیستەمی وەگەرخەر

هواوەی ڕێکەوتی ڕاگەیاندنی ڕووکاری EMUI 10 ـی ئاشکرا کرد

وەکو هەمیشە، بۆ ئەمساڵیش کۆمپانیای هواوەی کۆنگرەی گەشەپێدانی خۆی ئەنجام دەدات، کە تێیدا نەرمەکاڵا نوێیەکانی کۆمپانیاکە ئاشکرا دەکرێن و گرنگترینیان ئاشکراکردنی وەشانە نوێیەکانی ڕووکاری EMUI دەبێت.

کۆمپانیای هواوەی ڕێکەوتی 9 ـی ئەم مانگەی دیاریکرد بۆ ئەنجامدانی کۆنگرەی گەشەپێدەرانی ساڵانەی خۆی لە وڵاتی چین. هەروەها لە بڵاوکراوەیەکدا، کۆمپانیاکە ئاشکرای کردووە کە لە کۆنگرەکەدا دەیەمین وەشانی ڕووکاری EMUI ڕادەگەیەنێت کە بە تایبەتی دیزاین دەکرێت بۆ مۆبایلە نوێیەکانی هواوەی Mate 30 و Mate 30 Pro.

وەشانە نوێیەکانی ڕووکاری EMUI ـی تایبەت بە کۆمپانیای هواوەی لەسەر نوێترین وەشانەکانی سیستەمی ئەندرۆید دادەڕێژرێن. چاوەڕوان دەکرێت ڕووکاری EMUI 10 لەسەر وەشانی Android Q دابڕێژرێت.

وا چاوەڕوان دەکرێت لە ڕووکاری EMUI 10 ـدا، مەڵتی تاسکین خێراتر بکرێت و ئەپی Camera سەر لە نوێ دیزاین بکرێتەوە، لەگەڵ بەردەستکردنی وەشانی 4.0 ـی تایبەتمەندی GPU Turbo و خێراکردنی جێبەجێکردنی کردارەکان.

لەگەڵ ئەوەشدا، پێشبینی دەکرێت لە کۆنگرەی گەشەپێدانی ئەمجارەی هواوەیدا، سیستەمی Hongmeng OS بۆ جێگرتنەوەی ئەندرۆید ڕابگەیەندرێت.

سەرچاوە :
6 ئاب، 2019
ئاڤاتار
بەڕێوەبەری نووسین و نووسەر لە کەی ئای تی ئێن. خوێندکاری پەیمانگەی کۆمپیوتەرم، گەشەپێدەرم و شارەزایی تەواوم هەیە لە هەریەک لە سیستەمە کارپێکەرەکانی iOS و macOS و Windows. ڕۆژانە و بە بەردەوامی ئاگاداری دواین هەواڵ و گۆڕانکارییەکانی تایبەت بە تەکنەلۆژیام. دەتوانیت کرتە لە وێنۆچکەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بکەیت ئەگەر خوازیاریت پەیوەندیم پێوە بکەیت یاخود ئاگات لە دواین چالاکییەکانم ببێت.
828