10
ئامێرە هەمەجۆرەکان 8, ئاب 2019 بۆچوون

سەرجەم ئەو بەرهەمانەی لە کۆنگرەی Unpacked 2019 ـدا لە لایەن سامسۆنگەوە نمایش کران

دوێنێ شەو کۆمپانیای سامسۆنگ کۆنگرەی Unpacked 2019 ـی تایبەت بە نمایشکردنی گالەکسی Note 10 و چەند بەرهەمێکی دیکە ئەنجامدا. ئەمانەی خوارەوە سەرجەم ئەو بەرهەمانەن کە دوێنێ شەو سامسۆنگ لە کۆنگرەکەدا نمایشی کردبوون.

لە ڕاستیدا، کۆنگرەکەی دوێنێ شەو تایبەت بوو بە نمایشکردنی نەوەیەکی نوێ لە زنجیرە مۆبایلی گالەکسی نۆت. مۆبایلی گالەکسی Note 10 خاوەن ڕوونمایەکە بە قەبارەی 6.3 ئینج و خاوەن بیرگەیەکە بە فراوانی 8 گێگابایت و بیرگەیەکی ناوەکی بە قەبارەی 256 گێگابایت و پاترییەک بە توانستی 3,500 ملی ئەمپێر. مۆبایلی گالەکسی +Note 10 ـیش خاوەن ڕوونمایەکی گەورەیە بە قەبارەی 6.8 ئینج و ڕامێک بە فراوانی 12 گێگابایت و بژاردەی بیرگەی ناوەکی بە قەبارەی 256 و 512 گێگابایت و پاترییەک بە توانستی 4,300 ملی ئەمپێر. هەروەها مۆبایلی گالەکسی Note 10+ 5G ـش خاوەن هەمان تایبەتمەندییەکانی مۆبایلی گالەکسی +Note 10 ـە، بەڵام تاکە جیاوازی ئەوەیە کە پشتگیری لە نەوەی پێنجەمی پەیوەندی 5G دەکات. وا بڕیارە مۆبایلەکان لە ڕێکەوتی 23 ـی ئەم مانگەدا بە نرخی دەستپێکی 949$ بۆ گالەکسی Note 10 و 1,099$ و 1,299$ بۆ مۆبایلەکانی گالەکسی +Note 10 و گالەکسی Note 10+ 5G بەردەست بکرێن بۆ کڕین.

  • چاکسازی لە قەڵەمی زیرەکی S Pen ـدا

سامسۆنگ چاکسازی لە قەڵەمی قەڵەمی زیرەکی S Pen ـدا ئەنجامداوە، لەمەودوا دەتوانرێت قەڵەمەکە بۆ سەرجەم مۆبایلەکانی دیکە لە ڕێگەی Bluetooth ـەوە پەیوەست بکرێن و چیدیکە سنووردار ناکرێت بۆ بەکارهێنانی لە مۆبایلەکانی گالەکسی نۆتدا. هەروەها قەڵەمە نوێیەکە دەتوانێت وشە نووسراوەکان لە ئەپی Word ـدا بنووسێت بە پشتگیری کردن لە چەند زمانێک. وە دەتوانرێت وەکو کۆنتڕۆڵێک بۆ گالەکسی Note 10 بەکاربهێندرێت. وە دەتوانێت نووسینەکان بە شێوەی ڕاستەوخۆ لەسەر وێنەکان بنەخشێندرێن بە یارمەتی تایبەتمەندی AR Doodle. لەگەڵ ئەوەشدا، سامسۆنگ SDK ـی تایبەتی بۆ گەشەپێدەران بەردەست کردووە تاوەکو بتوانن جوڵەکانی قەڵەمەکە لە ئەپەکانیاندا بەکاربهێنن.

  • ڕاگەیاندنی جۆرێکی تایبەت لە کاتژمێری زیرەکی Galaxy Watch Active 2 بە ناوی UNDER ARMOUR

لە دوای ئەوەی لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا سامسۆنگ کاتژمێری زیرەکی Galaxy Watch Active 2 ـی ڕاگەیاند، لە کۆنگرەکەی دوێنێ شەودا کۆمپانیاکە جۆرێکی تایبەتی لە کاتژمێرە زیرەکەکە بە ناوی Galaxy Watch Active 2 UNDER ARMOUR ـەوە ڕاگەیاند کە تایبەتە بە وەرزشکردن و خاوەن ئەپی MapMyRun ـە. هەروەها خاوەن تایبەتمەندی Wireless PowerShare ـە بۆ هاوبەشیپێکردنی وزە و نرخی 309$ ـە.

  • لاپتۆپی Galaxy Book S

بە شێوەیەکی سەرسامکەرانە سامسۆنگ لاپتۆپی Galaxy Book S ـی ڕاگەیاند. لاپتۆپەکە خاوەن ڕوونمایەکی هەستیارە بە قەبارەی 13.3 ئینج. پڕۆسێسەری Snapdragon 8cx ـی لەسەر جێگیرە و وزەی پاترییەکەی توانای هەیە تاوەکو 23 کاتژمێری بەردەوام بەکاربهێندرێت و بە سیستەمی Windows 10 کار دەکات. پشتگیری لە ڕایەڵەی LTE دەکات. بە ڕەنگەکانی خۆڵەمێشی و پەمەیی بەردەست دەکرێت و نرخی لە 999$ ـەوە دەستپێدەکات و وا بڕیارە لە مانگی داهاتوودا بەردەست بکرێت بۆ کڕین.

  • زیادکردنی پشتگیری Samsung Dex بۆ لاپتۆپەکانی Windows و Mac

لە دوای بەردەستکردنی نەرمەکاڵای Samsung Dex بۆ دیسکتۆپەکان لە 2 ساڵ پێش ئێستادا. لە کۆتایدا پشتگیری ئەو لاپتۆپانە بۆ ئەپەکە زیادکرا کە بە سیستەمەکانی Windows و macOS کار دەکەن. لە ڕێگەی ئەپەکەوە دەتوانرێت مۆبایلەکانی نۆت بە دەرچەی USB ـەوە پەیوەستی لاپتۆپەکان بکرێن و ئاگادارکەرەوەکان لە لاپتۆپدا ببیندرێن.

سەرچاوە :
بۆچونی تۆ