ئامێرە هەمەجۆرەکان

کۆمپانیای ئۆنەر یەکەمین تەلەفزیۆنی زیرەکی کارکردووی بە سیستەمی HarmonyOS ڕاگەیاند

لە دوای ئەوەی دوێنێ کۆمپانیای هواوەی چینی سیستەمی کارپێکەری HarmonyOS ـی ڕاگەیاند، ئەمڕۆ کۆمپانیا چینییەکە یەکەمین تەلەفزیۆنی زیرەکی کارکردووی بە سیستەمە نوێیەکەی ڕاگەیاند.

کۆمپانیای ئۆنەری سەر بە کۆمپانیای هواوەی، نوێترین تەلەفزیۆنە زیرەکەکانی بە ناوی Honor Vision و Honor Vision Pro ـەوە ڕاگەیاند. تەلەفزیۆنە زیرەکەکان بە سیستەمی کارپێکەری HarmonyOS ـی کۆمپانیای هواوەی کار دەکەن. هەردوو تەلەفزیۆنە زیرەکەکە خاوەن ڕوونمایەکن بە قەبارەی 55 ئینج لە جۆری UHD و بە ڕوونی 4K و بە وردی نیشاندانی 3840 بە 2160 پێکسڵ و بە خێرایی 60 هێرتز. چیپی Honghu 818 ـیان لەسەر جێگیرە و ئەستوورییان تەنها 6.9 میلیمەتر دەبێت.

نرخی تەلەفزیۆنی زیرەکی Honor Vision لە 540$ ـەوە دەست پێدەکات و نرخی تەلەفزیۆنی زیرەکی Honor Vision Pro ـیش لە 680$ ـەوە دەست پێدەکات. هواوەی دەڵێت ئامانج لە بەردەستکردنی تەلەفزیۆنە زیرەکە نوێیەکانی، بۆ سەرنج خستنە سەر پەرەپێدانی سیستەمی HarmonyOS ـە.

لە ڕێکەوتی 15 ـی ئەم مانگەدا لە بازاڕەکانی وڵاتی چین بەردەست دەکرێن و چاوەڕوان ناکرێت لە بازاڕی وڵاتانی دیکەدا بەردەست بکرێن بۆ کڕین.

سەرچاوە :
10 ئاب، 2019
ئاڤاتار
بەڕێوەبەری نووسین و نووسەر لە کەی ئای تی ئێن. خوێندکاری پەیمانگەی کۆمپیوتەرم، گەشەپێدەرم و شارەزایی تەواوم هەیە لە هەریەک لە سیستەمە کارپێکەرەکانی iOS و macOS و Windows. ڕۆژانە و بە بەردەوامی ئاگاداری دواین هەواڵ و گۆڕانکارییەکانی تایبەت بە تەکنەلۆژیام. دەتوانیت کرتە لە وێنۆچکەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بکەیت ئەگەر خوازیاریت پەیوەندیم پێوە بکەیت یاخود ئاگات لە دواین چالاکییەکانم ببێت.
840