ئۆپۆ

وێنە و تایبەتمەندییەکانی مۆبایلی Oppo Reno 2 دزەیان پێکرا

کۆمپانیای ئۆپۆ لە ماوەی ڕابردوودا ڕێکەوتی ڕاگەیاندنی مۆبایلی Oppo Reno 2 ـی 4 کامێرایی ئاشکرا کردبوو. ئەمڕۆ وێنە و گرنگترین تایبەتمەندییەکانی مۆبایلەکە دزەیان پێکرا.

چەند وێنەیەک و گرنگترین تایبەتمەندییەکانی مۆبایلی Oppo Reno 2 لە ماڵپەڕەکانی TENAA و 3C ـدا بەدیار کەوتن. لە وێنەکاندا دەردەکەوێت کە مۆبایلەکە لە پشتەوە خاوەن 4 دانە کامێرا و لە پێشەوە خاوەن ڕوونمایەکی پڕاوپڕ و بێ نۆچ دەبێت. دەربارەی تایبەتمەندییەکانی، مۆبایلی Oppo Reno 2 خاوەن ڕوونمایەکی قەبارە 6.5 ئینج و لە جۆری AMOLED دەبێت و ڕوونی +FHD دەبێت. ڕوونی کامێراکانی پشتەوەی 48 و 13 و 8 و 2 مێگاپێکسڵ دەبن و ڕوونی کامێرا دەرکەوتەکەی پێشەوەشی 16 مێگاپێکسڵ دەبێت.

هەر بە پێی زانیارییە دزەپێکراوەکان، مۆبایلەکە خاوەن پڕۆسێسەرێکی جۆری 2.2 گێگا هێرتزی دەبێت (ناوی نەزاندراوە بەڵام پێشبینی دەکرێت پڕۆسێسەری Snapdragon 730G بێت). هەروەها خاوەن ڕامێک دەبێت بە فراوانی 8 گێگابایت و لەگەڵ بیرگەی ناوەکی بە بژاردەکانی 128 و 256 گێگابایت. خاوەن پاترییەک دەبێت بە توانستی 4,000 ملی ئەمپێر و پشتگیری لە بارگاویکردنەوەی خێرا دەکات بە توانای 20 وات.

مۆبایلەکە بە ڕەنگەکانی ڕەش و سەوز و پەمەیی بەردەست دەکرێت. دەگوترێت کۆمپانیاکە لە پلانیدایە 2 جۆری دیکە لە مۆبایلەکە بە ناوەکانی Reno 2Z و Reno 2F بەردەست بکات، بەڵام هیچ زانیارییەکی ئەو 2 جۆر مۆبایلەمان لانییە.

سەرچاوە :

21 ئاب، 2019
ئاڤاتار
بەڕێوەبەری نووسین و نووسەرم لە کەی ئای تی ئێن. خوێندکاری پەیمانگەی کۆمپیوتەرم، گەشەپێدەرم و شارەزایی تەواوم هەیە لە هەریەک لە سیستەمە کارپێکەرەکانی iOS و macOS و Windows. ڕۆژانە و بە بەردەوامی ئاگاداری دواین هەواڵ و گۆڕانکارییەکانی تایبەت بە تەکنەلۆژیام. دەتوانیت کرتە لە وێنۆچکەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بکەیت ئەگەر خوازیاریت پەیوەندیم پێوە بکەیت یاخود ئاگات لە دواین چالاکییەکانم ببێت.
943