10
سۆنی 28, ئاب 2019 بۆچوون

کۆمپانیای Sony کامێراکانی A6600 و A6100 ـی لە جۆری APS-C ـی بێ هاوێنەیی ڕاگەیاند

کۆمپانیای Sony ـی ژاپۆنی چەند کامێرایەکی نوێی لە زنجیرەی A ـی کامێراکانی لە جۆری APS-C ـی بێ هاوێنەیی ڕاگەیاند.

تایبەتمەندی کامێرا نوێیەکان نزیکن لە تایبەتمەندییەکانی کامێرای A6500 ـی کۆمپانیاکە کە لە ساڵی 2016 ـەدا ڕایگەیاندبوو. کامێرای A6600 خاوەن هەستەوەرێکە بە ڕوونی 24.2 مێگاپێکسڵ لە جۆری APS-C Exmor CMOS و خاوەن تایبەتمەندی سەرنجدانی خودکار (Auto focus) ـە بە خێرایی 0.02 چرکە. کامێراکە خاوەن پاترییەکە کە بەرگەی چرکاندنی 720 وێنە دەگرێت و ڕوونماکەی هەستیارە و پشتگیری لە تایبەتمەندی سەرنجدانی خودکارانەی چاو دەکات، هەروەها پشتگیری لە تۆمارکردنی فیلمەکان دەکات بە ڕوونی 4K HDR.

هەرچی دەربارەی کامێرا نوێیەکەی دیکەیە کە ناوی A6100 ـەیە، بە هەمان شێوە خاوەن هەستەوەرێکە بە ڕوونی 24.2 مێگاپێکسڵ و پشتگیری لە تایبەتمەندییەکانی سەرنجدانی خودکارانە و سەرنجدانی خودکارانەی چاو دەکات. پشتگیری لە پێوانەکردنی ڕاستەقینەی کات دەکات و ڕوونماکەی هەستیارە، بەڵام ناتوانێت وەکو جۆری A6600 تۆماری فیلمەکان بکات.

کامێرای A6600 بە نرخی دەستپێکی 1,400$ لە مانگی 11 ـی ئەمساڵ لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بەردەست دەکرێت و کامێرای A6100 ـیش بە نرخی دەستپێکی 750$ لە مانگی 10 ـی ئەمساڵدا لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بەردەست دەکرێت.

سەرچاوە :
بۆچونی تۆ