ئەپڵ

کۆمپانیای ئەپڵ بۆ یەکەمجار پەخشی ڕاستەوخۆی کۆنگرەی تایبەتی خۆی لە پێگەی YouTube ـدا ئەنجام دەدات

ماوەی چەند ساڵێکە بە بەردەوامی کۆمپانیای ئەپڵ پەخشی کۆنگرە تایبەتەکانی خۆی لە ماڵپەڕی فەرمی خۆیدا دەگوازێتەوە، بەڵام وا دیارە کۆمپانیاکە نایەوێت چیدیکە پەخشی کۆنگرە تایبەتەکانی لە چوارچێوەی ماڵپەڕەکەی خۆیدا بهێڵێتەوە.

بە شێوەیەکی سەرسامکەرانە، کۆمپانیای ئەپڵ ڕایگەیاند کە کۆنگرەی By innovation only ـی چەند ڕۆژی داهاتووی لە پێگەی YouTube ـی کۆمپانیای گووگڵ دەگوازێتەوە. کۆنگرەکە لە شانۆی Steve Jobs لە بارەگای Apple Park لە شاری کۆپێرتینۆی ویلایەتی کالیفۆڕنیای ئەمریکا لە  کاتژمێر 8:00 ـی ئێوارەدا بە کاتی هەولێری پایتەختی کوردستان بەڕێوە دەچێت. لە ساڵی ڕابردوودا کۆمپانیاکە بۆ یەکەمجار پەخشی یەکێک لە کۆنگرەکە تایبەتەکانی لە تۆڕی Twitter ـدا گواستەوە. دەتوانیت لە خوارەوە بینەری پەخشی ڕاستەوخۆی کۆنگرەکەی ئەپڵ ببیت لە یوتیوب و لە ڕێکەوتی ئاماژەپێکراودا.

لە ساڵی 2015 ـەدا بۆ یەکەمجار ئەپڵ پشتگیری پەڕەی گواستنەوەی پەخشی کۆنگرە تایبەتەکانی لە ماڵپەڕی فەرمی خۆی بۆ وێبگەڕی Edge ـی کۆمپانیای مایکرۆسۆفت زیادکرد، لە پاشانیش پشتگیرییەکە بۆ هەریەکە لە وێبگەڕەکانی Chrome و Firefox ـیش زیادکرا.

پێشبینی دەکرێت لە کۆنگرەکەی چەند ڕۆژی داهاتووی ئەپڵدا، هەریەکە لە ئایفۆنە نوێیەکان و زنجیرەیەکی نوێ لە کاتژمێری زیرەکی Apple Watch و چەند بەرهەمێکی دیکە نمایش بکرێن.

هاوشێوەی هەموو کۆنگرەیەکی تایبەتی ئەپڵ، بۆ ئەمساڵیش کەی ئای تی ئێن کۆنگرەکەی ئەپڵتان بە زمانی کوردی بۆ ڕووماڵ دەکات، چاوتان لەسەر نوێکارییەکانمان بێت بۆ زانینی شوێنی ئەنجامدانی ڕووماڵەکەمان!

سەرچاوە :
7 ئه‌یلول، 2019
ئاڤاتار
بەڕێوەبەری نووسین و نووسەرم لە کەی ئای تی ئێن. خوێندکاری پەیمانگەی کۆمپیوتەرم، گەشەپێدەرم و شارەزایی تەواوم هەیە لە هەریەک لە سیستەمە کارپێکەرەکانی iOS و macOS و Windows. ڕۆژانە و بە بەردەوامی ئاگاداری دواین هەواڵ و گۆڕانکارییەکانی تایبەت بە تەکنەلۆژیام. دەتوانیت کرتە لە وێنۆچکەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بکەیت ئەگەر خوازیاریت پەیوەندیم پێوە بکەیت یاخود ئاگات لە دواین چالاکییەکانم ببێت.
927