10
گەرمترین 16, ئه‌یلول 2019 بۆچوون

وێنەی مۆبایلەکانی هواوەی Mate 30 دزەیان پێکرا و مۆبایلەکە بە 4 جۆر بەردەست دەبێت

تەنها 3 ڕۆژ ماوە بۆ بەڕێوەچوونی کۆنگرەی تایبەتی هواوەی بۆ نمایشکردنی مۆبایلەکانی هواوەی Mate 30. بەر لەو کاتە، دەتوانیت دیزاینی سەرجەم جۆرەکانی مۆبایلە نوێیەکەی هواوەی ببینیت.

چەند وێنەیەکی دزەپێکراوی مۆبایلەکانی هواوەی Mate 30 دەست هەژماری evleaks لە تویتەر کەوتووە. بە پێی وێنەکان بێت، مۆبایلە نوێیەکەی هواوەی 4 جۆر دەبن و ناویان Mate 30 و Mate 30 Pro و Mate 30 Lite و جۆرێکی دیکەی تایبەت دەبێت بە ناوی Mate 30 Porsche Design دەبن. سەبارەت بە مۆبایلی Mate 30، لە پشتەوە خاوەن 4 دانە کامێرای بازنەیی دەبێت و لە پێشەوەش خاوەن 2 کامێرا دەبێت و لەسەر نۆچێکی بچووک لە ڕوونماکەیدا جێگیر دەکرێن.

دەربارەی مۆبایلی Mate 30 Pro، تەنها قەبارەی لە Mate 30 گەورەتر دەبێت و چاوەڕوان دەکرێت خاوەن ڕوونمایەک بێت لە جۆری تاڤگەیی (Waterfall) کە بە پلەی 90 دەچەمێتەوە خوارەوە.

جۆرێکی دیکەی مۆبایلی Mate 30 ناوی Mate 30 Lite دەبێت و دیزاینی تەواو جیاواز دەبێت لە چاو Mate 30 و Mate 30 Pro و نزیک دەبێت لە دیزاینی مۆبایلی Nova 5i Pro. بێگومان نرخ و تایبەتمەندییەکانی کەمتر دەبن.

هەرچی دەربارەی دواین جۆری مۆبایلەکەیە، کە جۆرێکی تایبەت و گرانبەهایە، ناوی Mate 30 Porsche Design دەبێت و دیزاینی پشتەوەی جیاواز دەبێت. لە پشتەوە خاوەن 4 کامێرا دەبێت و بە ڕەنگەکانی سوور و ڕەش بەردەست دەکرێت. پێشبینی دەکرێت نرخی نزیکەی 1,900$ ببێت.

ئەوەی جێگەی ئاماژەپێدانە لەسەر مۆبایلە نوێیەکانی هواوەی، هیچکام لە مۆبایلەکانی Mate 30 خاوەن کۆگای Google Play و ئەپە سەرەکییەکانی دیکەی گووگڵ نابن.

وا بڕیارە لە ڕێکەوتی 19 ـی ئەم مانگەدا کۆمپانیای هواوەی لە بۆنەیەکی تایبەتدا مۆبایلە نوێیەکانی Mate 30 نمایش بکات.

سەرچاوە :
بۆچونی تۆ