ئۆپۆ
23, ئەیلوول 2019
دیزاین و گرنگترین تایبەتمەندییەکانی مۆبایلی Oppo Reno Ace ئاشکرا بوون

لە ماوەی ڕابردوودا، کۆمپانیای ئۆپۆی چینی ڕێکەوتی ڕاگەیاندنی مۆبایلی Oppo Reno Ace ـی ئاشکرا کردبوو. بەڵام دیزاین و زۆرینەی تایبەتمەندییەکانی مۆبایلەکە بە نادیاری مابوونەوە.
کۆمپانیاکە وێنەیەکی لە تۆڕی Weibo ـی چینیدا بڵاوکردۆتەوە و تێیدا دیزاین و گرنگترین تایبەتمەندییەکانی مۆبایلی Oppo Reno Ace ـی ئاشکرا کردووە. لە وێنەکەدا، دەردەکەوێت مۆبایلەکە لە پشتەوە خاوەن 4 دانە کامێرای ستوونی دەبێت لە ناوەڕاستدا و لە پێشەوەی ڕوونماکەشیدا نۆچی دڵۆپەیی بوونی دەبێت بۆ جێگیرکردنی کامێرای پێشەوەی. هەستەوەری پەنجەمۆر لە پشتەوەدا نابیندرێت، هەر بۆیە ئەگەر زۆرە خاوەن هەستەوەری پەنجەمۆری ژێر ڕوونما بێت. هەروەها بە ڕەنگەکانی سەوزی تێکەڵاو و شین و مۆری تێکەڵاوەوە بەردەست دەکرێت.

سەبارەت بە تایبەتمەندییەکانی، مۆبایلەکە پڕۆسێسەری Snapdragon 855 Plus ـی لەسەر جێگیر دەبێت و خاوەن دەرچەی USB-C و بیستۆکی 3.5 میلیمەتری دەبێت. پشتگیری لە بارگاویکردنەوەی خێرا دەکات بە توانای 65 وات و خێرایی ڕوونماکەی 90 هێرتز دەبێت.
وا بڕیارە لەڕێکەوتی 10 ـی مانگی داهاتوودا مۆبایلەکە لە بۆنەیەکی تایبەتدا ڕابگەیاندرێت.
ماکوان بەرزان
نووسەری پێشکەوتوو لە Kitn لە ٢٠١٨ ـەوە.
ئەندازیاری iOS لە Gateway.
خوێندکاری ئەندازیاریی ئایتی لە زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی.