10
مۆبایل و تابلێت 6, تشرینی یه‌كه‌م 2019 1 بۆچوون

9 هۆکار کە وا دەکات Galaxy Note 10 لە iPhone 11 Pro باشتر بێت

هەر لەگەڵ ڕاگەیاندنی ئایفۆنە نوێیەکان لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا، تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان پڕ بوون لە بەراوردکردنی ئایفۆنەکان بە مۆبایلە جیاوازەکانی دیکە. هەروەک دەزانین، کۆمپانیای سامسۆنگ ڕکابەری سەرسەختی کۆمپانیای ئەپڵە، هەروەها لە ماوەی ڕابردوودا مۆبایلی بەتوانای Galaxy Note 10 ـی ڕاگەیاند کە خاوەن هەندێک تایبەتمەندییە لە ئایفۆنە نوێیەکانی ئەمساڵدا بوونیان نییە.

ئەم بابەتە بریتییە لە باسکردنی 9 هۆکار کە وا دەکات Galaxy Note 10 لە iPhone 11 Pro باشتر دەربخات، ئەگەر نازانیت کە کام لە دوو مۆبایلە ناوبراوەکە بکڕیت، ئەم بابەتە بیرۆکەت دەگۆڕێت.

  • ڕوونمایەکی گەورەتر

ڕاستە، مۆبایلی iPhone 11 Pro خاوەن ڕوونمای Super Retina XDR ـە کە ڕووناکترین و ڕەنگاوڕەنگترین ڕوونمایە تاوەکو ئێستا ئەپڵ بەکاری هێنابێت. بەڵام قەبارەی ڕوونمای ئایفۆنە نوێیەکە 5.8 ئینجە، لە کاتێکدا کە قەبارەی ڕوونمای Galaxy Note 10 بریتییە لە 6.1 ئینج، هەر بۆیە ڕوونمای Galaxy Note 10 بە ڕێژەیەکی زۆر لە iPhone 11 Pro گەورەترە.

  • قەبارەی بیرگەی زۆر زیاتر

هەردوو مۆبایلەکانی Galaxy Note 10 و Galaxy Note 10 Plus خاوەن بیرگەی 256 گێگابایتن، لە پاڵ ئەوەشدا، پشتگیری لە دەرچەی microSD دەکەن بە مەبەستی زیادکردنی قەبارەی بیرگەکەیان تاوەکو 1 تێرابایت. بەڵام فراوانترین بژاردەی بیرگەی iPhone 11 Pro بریتییە لە 512 گێگابایت، هەروەها هیچکام لە ئایفۆنە نوێیەکان پشتگیری لە دەرچەی microSD ناکەن، وەک هەمیشە.

  • قەڵەمی زیرەکی S Pen 

لەگەڵ کڕینی Galaxy Note 10 ـدا، دەتوانیت سوودمەند بیت لە بەکارهێنانی قەڵەمی زیرەکی S Pen بۆ ئەنجامدانی چەند کردارێکی جیا جیا لەسەر ڕوونمای گالەکسییەکەت. دەگوترا کە ئایفۆنە نوێیەکانی ئەمساڵیش پشتگیری لە قەڵەمی زیرەکی Apple Pincel دەکەن، بەڵام ڕاست دەرنەچوون و پشتگیری لە قەڵەمە زیرەکەکان ناکەن.

  • بارگاویکردنەوەی ئامێرەکانی دیکە

بە هۆی تایبەتمەندییەکی ناوازەوە، مۆبایلی Galaxy Note 10 ڕێگەت پێ دەدات مۆبایلە زیرەکەکان و ئامێرە جیاوازەکانی دیکەی وەکو بیستۆک و کاتژمێرە زیرەکەکان بارگاوی بکەیتەوە. لە کاتێکدا تایبەتمەندی هاوشێوە لە iPhone 11 Pro ـدا بوونی نییە.

  • بارگاویکردنەوەی خێرا

لەگەڵ ڕاگەیاندنی iPhone 11 Pro ـدا، ئەپڵ ڕایگەیاند کە ئایفۆنە نوێیەکە خاوەن بارگاویکەرەوەیەکە کە بە توانای 18 وات مۆبایلەکە بارگاوی دەکاتەوە، مۆبایلی Galaxy Note 10 ئەو ژمارەیەی تێپەڕ کردووە و پشتگیری لە بارگاویکردنەوە بە توانای 25 وات دەکات.

  • دەرچەی USB-C

هەروەک دواین مۆبایلەکانی سامسۆنگ، مۆبایلی Galaxy Note 10 ـیش خاوەن دەرچەی جۆری USB-C ـە لە ژێرەوە کە دەرچەکە لە توانایدایە بە خێرایی زانیاری و وزە بگوازێتەوە. هەرچەندە دواین بەرهەمەکانی وەک MacBook Pro و iPad ـی ئەپڵ خاوەن دەرچەکەن، بەڵام ئەپڵ دەرچەکەی بۆ iPhone 11 Pro و هیچکام لە ئایفۆنە نوێیەکانی دیکەی ئەمساڵی بەکارنەهێنا.

  • دیزاین

مۆبایلی Galaxy Note 10 لە پشتەوە خاوەن چەند کامێرایەکی ڕێکخراوی ستوونی و چەند ڕەنگێکی تێکەڵاو و نایابە. بە پێچەوانەوە ئەمە لە iPhone 11 Pro ـدا نابینیت و بە لای هەندێکەوە خاوەن ناشرینترین دیزاینە.

  • نەبوونی نۆچ

مۆبایلی Galaxy Note 10 خاوەن دڵۆپەیەکی ڕەشە لە بەشی سەرەوەی ڕوونماکەیدا کە بە چاڵی ژێر ڕوونما ناو دەبرێت و کەمترین قەبارەی ڕوونما داگیر دەکات و بەکارهێنەر بێزار ناکات لە کاتی بەکارهێناندا. بە پێچەوانەوە ئەپڵ بەردەوامە لە بەکارهێنانی هەمان ئەو شێوازە نۆچە ڕەشەی کە یەکەمجار بۆ iPhone X ـی بەکارهێنابوو.

  • نرخ

بۆ بەدەستهێنانی Galaxy Note 10 ـی خاوەن ڕام 8 گێگابایت و بیرگەی 256 گێگابایت، تەنها پێویستە 949$ بدەیت. بەڵام بۆ بەدەستهێنانی iPhone 11 Pro ـی خاوەن ڕام 4 گێگابایت و بیرگەی 64 گێگابایت، پێویستە 999$ بدەیت و نرخەکە بە پێی بیرگەی فراوانتر زیاد دەکات.

زیاتر بیر بکەرەوە بەر لە کڕین و ئەو مۆبایلە هەڵبژێرە کە گونجاوترینە بۆت لە گشت ڕوویەکەوە، نەوەک لەبەر ئەوەی کە بە تەنها دڵخوازترینە.

بۆچوونەکان
  • MUHAMAD

    Kaka bo gaiming ipad bashtra yan mobile

بۆچونی تۆ