10
رەقەکاڵا 12, تشرینی یه‌كه‌م 2019 بۆچوون

ڕام (Ram) لە مۆبایلەکاندا چییە و چۆن کار دەکات؟

ڕام (Ram) بەشێکی گرنگی ناو مۆبایلەکانی ئەمڕۆیە، خەڵکانێکی زۆر لە کاتی کڕینی مۆبایلەکانیان، یەکەم شت پرسیاری قەبارەی ڕامەکەی دەکەن، بە تایبەت ئەو کەسانەی هەواداری یاریە ئەلیکترۆنییەکانن پێیان وایە کە قەبارەی ڕام بەرپرسە لە خێرایی مۆبایلەکەیان. بەڵام، لە ڕاستیدا ڕام هیچ پەیوەندییەکی ڕاستەوخۆی نییە لەگەڵ خێرایی مۆبایلدا، بەڵکو ئەوەی بەرپرسە لە خێراییەکەی، ئەوا چیپ (Chip)، چیپسێت (Chipset) یاخود (CPU) ـە کە بە ئەقڵی مۆبایل ناسراوە.

کەی ئای تی ئێن لەم بابەتەدا باس لە ڕام و چۆنیەتی کارکردنی دەکات بە کۆمەڵێک نموونەوە.

  • ڕام (Ram) چییە؟

ڕام خێراترین جۆری بیرگەیە کە بەرپرسە لە پاراستنی زانیارییەکانی ئەپڵیکەیشنەکانی مۆبایلەکانمان بە شێوەی خودکار. ڕام ڕێگە دەدات لە ئەپڵیکەیشنێکەوە بچینە سەر ئەپڵیکەیشنێکی دیکە و بە پێچەوانەشەوە و گەڕانەوە بۆ ئەپڵیکەیشنی پێشتر بەبێ ئەوەی زانیارییەکانمان ون ببێت. بەبێ بونی ڕام لە مۆبایەکانماندا، ئەپڵیکەیشنەکان خۆیان دادەخرێنەوە لە کاتی گەڕاندنەوە بۆیان، وەک ئەوەی هەرگیز بەکارمان نەهێنابێت. قەبارەی ڕام واتا بڕی ئەو توانایەی کە ڕامەکە هەیەتی بۆ هەڵگرتنی زانیارییەکان، بە نموونە؛ ڕامی 12 گێگابایت واتا لە توانایدا هەیە بڕی 12 گێگابایت زانیاری هەڵبگرێت.

  • ڕام (Ram) چۆن کار دەکات؟ (بە نموونەوە):

با وای دابنێین ئێمە جزدانێک و جانتایەکمان هەیە، ڕام جزدانەکەیە و جانتاکە بیرگەی مۆبایلەکەمانە کە بە Hard Drive یاخود زاکیرە ناسراوە.
ئایا دەرهێنانی شتێک لە جانتاکە ئاسانترە یاخود جزدانەکە؟ بێ گومان لە جزدانەکە ئاسانترە.
واتا هەڵگرتی زانیارییەکان لە ناو ڕامدا وەکو جزدانەکەیە و زانیارییەکانی ناوی بە شێوەیەکی کاتییە، چونکە لە کاتی کوژاندنەوەی لە ناکاوی مۆبایلەکەدا، هیچ زانیارییەک لە ڕامدا نامێنێتەوە.

کاتێک تۆ سەرەتا مۆبایلەکەت هەڵدەکەیت و ئەپڵیکەیشنێک دەکەیتەوە، ئەوا مۆبایلەکەت ئەپڵیکەیشنەکە لە سیستەمی کارپێکەر (Operating System) دەر دەهێنێت، بۆ نمونە؛ کاتێک یاری PUBG Mobile دەکەیتەوە، سەرەتا ڕوونمای مۆبایلەکەت ڕەش دەبێت و پاشان وێنۆچکەی کۆمپانیای درووستکەر بەدیار دەکەوێت، لە پاشان گۆڕانکارییەکانی دیکە ڕوو دەدەن تاوەکو ئەو کاتەی ئەپڵیکەیشنەکە بە تەواوی ئامادە دەبێت و دەتوانیت دەست بە یاری کردن بکەیت، بەمەش کاتێکی زۆر دەخایەنێت. بەڵام ئەگەر بێت و پێشتر تۆ لە کاتی یاری کردندا نامەیەک یاخود تەلەفۆنێکت بۆ هاتبێت و ڕاستەوخۆ جوابت دابێتەوە و یاریەکەت بەجێ هێشتبێت، ئەوا لە کاتی گەڕانەوە بۆ ناو یاریەکە زۆر ئاسانە و کاتێکی زۆر کەمی دەوێت بە بەراورد بە یەکەم جار، چونکە ئەپڵیکەیشنەکە لە نێو ڕامی مۆبایلەکەتدا دەمێنێتەوە. وە بێگومان تاوەکو ڕامت چەندە زیاتر بێت، زانیاری نێو ئەپڵیکەیشنەکان زیاتر دەمێننەوە بە شێوەی کاتی.

تێبینی: جیاوازی لە کارکردنی ڕامی کۆمپیوتەر و مۆبایل و ئامێرە زیرەکەکانی دیکەدا نییە و هەردووکیان بە هەمان شێوە کار دەکەن.

بۆچونی تۆ