بابەتی گرینگ 17, ئایار 2013

یەکەمین ڤیستیڤاڵی ساڵانەی ئەندازەی سیستەمی زانیاری!

Postpicvest

لەژێر دروشمی ئامانجمان خزمەتکردنی وڵاتە ، بەشی ئەندازەی سیستەمی زانیاری (ئایتی) – کۆلێژی تەکنیکی هەوڵێری سەر بە زانکۆی پۆلی تەکنیکی هەوڵێر ، هەڵسا بە کردنەوەی یەکەمین ڤیستیڤاڵی ساڵانەی خۆی بە ناونیشانی (ISE Festival) , لە کاتژمێر ١٠ ی سەر لەبەیانی رۆژی ١٣-٥-٢٠١٣ دا مەراسیمەکە بە کردنەوەی سیمینارێک دەستی بە کارەکانی کرد بە نوێنەرایەتی زانکۆی پۆلی تەکنیک و نوێنەری کۆمپانیا و پارێزگای هەوڵێر و لایەنی تری پەیوەنددار ، لەم ڤیستیڤاڵە دا ٣٢ پرۆژەی جیاوازی تایبەت بە بواری ئایتی خرانە ڕوو وەکو (ئەپلیکەیشن ، وێبسایت ، داتەبەیس ، گرافیک دیزاین ، جی ئای ئێس ، سیکيوریتی ، سیستەمی کارگێری) ،
ڤیستیڤاڵەکە بۆ ماوەی دوو رۆژ بەردەوام بوو رۆژانە سەردانی بەردەوامی کرا لە لایەن چەند ئەندام پەرلەمان و قوتابی و فێرخوازانی کۆلێژەکانی تر و شارەزایانی بواری ئایتی کۆمانیاکان .

چەند نمونەیەک لەو پرۆژانەی کە خرانە ڕوو :

ئەپلیکەیشنی ڕێنموی گەشتیاری شاری هەوڵێر
کە ئاسانکاری باش دەکات بۆ گەشتیار لە دۆزینەوەی شوێنی گەشتیاری و چێشتخانە و هۆتێل و مۆتێلەکان بە نمایشکردنی زانیاری تەواو و نەخشە و دیارکرنی کورتترین ڕێگە بۆ گەیشتن بە شوێنەکە.

ئەپلیکەیشنی پەیوەستکراو بە گۆگڵ ماپ
سیستەمی جی ئای ئێس ، کە داتاکانی خاڵەکانی هەوڵێری لەسەر تۆمارکرابوو، کە ئەمەش وەزارەتەکانی پلاندان و کارەبا دەتوانن سودی باشی لێ ببینن.

ئێکس پی ئەندرۆید
یەکێ بوو لە پرۆذەکان کە سیستەمی کاربەری ئێکس پی – لەسەر فۆن دانرابوو کە سیستەمی ئەندرۆیدی لەسەر بوو ، دەکرا هەر دوو سیستەم بەکارببرێ لە هەمان فۆن دا.

سیستەمی ئەلیکترۆنی چێشتخانە
یەکێ لە پرۆژە زۆر کارا و جوانەکانی ڤیستیڤاڵ بوو کە پێکهاتبوو لە کۆمپیوتەرێک و ئایپاد ێک لە ڕێگەی راوتەرێکەوە پەیوەست کرابوون بە یەک ، بە جۆرێک شاگردی چێشتخانە ئایپادەکەی بەدەستە و لەگەڵ داواکاری میوانان دا ژمارەی مێزەکە دیاردەکا و پاشان لیستی خۆراکەکەیان نیشان دەدا و چەند دانە پاش ئەوەی میوان داواکاری کرد ئەو کەسەی ئایپادەکەی لە دەستە تەواوی داواکارییەکان دەنێرێ بۆ سەر کۆمپیوتەرەکە لەوێدا داواکاری ئامادەدەکەن و نرخەکە لێک دەدەنەوە و وەسلەکەی بۆ چاپ دەکەن ، سیستەمێکی زۆر خێرا و کارایە چەند چێشتخانە و کافتێریایەک لە ئێستادا ئەم سیستەمە بە کاردێنن .

گرافیک و جولە پێ کردن بە پرۆگرامینگی جاڤا
یەکێ لە پرۆژەکان بریتی بوو لە گرافیکێک کە لە ریگەی پرۆگرامی جاڤا وە کۆنترۆڵ کرابوو جولە درابوو بە گرافیکەکە.

یاری بۆمب
ئەم یارییە بە مەبەستی خێراکردنی دەست بۆ نوسین ئامادەکرابوو ، یارییەکە چەند قۆناغێکی هەبوو لەگەڵ بردنەوەی یارییەکە بۆ هەنگاوی دواتر یارییەکە سەختتر دەبوو بە داگرتنی دوگمەکانی سەر تەختەکلیلی کۆمپیوتەر. ئەم یارییە بە زمانی پرۆگرامسازی جاڤا ئامادەکرابوو.

سیستەمی گرتنی هۆتێڵ بەشێوەی ئۆنڵاین
ئەم سیستەمە بە زمانی پهپ دامەزرابوو کە بەکاربەر دەتوانی بەدوای هۆتێڵ دابگەرێ بۆ هەر چوار شارەکەی کوردستان بەچەند رێگەیەکی گەڕان ، کە هەر هۆتێلە و زانیاری تەواو بە میوان دەدا وەکو ژمارەی ژوور و نرخ و ژ.ئەستێرە ، خزمەتگوزاری ، ناونیشانی لەسەر نەخشەی گۆگڵ ..، وە میوان دەتوانێ لە دوورەوە ژوور لە هەر هۆتێلیکی هەر شارێک بیەوێ دەتوانێ بیگرێ و پارەکەی لە رێگەی ڤیسا کارد و ماستەرکارەوە بدا ، وە دەتوانێ پەشیمان بێتەوە لە داواکارییەکەی بۆ گرتنی ژوور، ئەمەش بە سوودە بۆ ئەو گەشیارانەی دەیانەوێ سەردانی کوردستان بکەن و بەر لە هاتنیان زانیاری باشیان هەبێ یاخود راستەوخۆ ژوور بگرن لە هەر هۆتێلک کە بیانەوێ .

سیستەمی داتابەیسی دەرمانخانە
کە بە زمانی جاڤا دارێژرابوو بە پەیوەستکردنی بە ئەکسس بۆ داتاکان ، دەکرێ سوودی لێ ببینری بۆ تۆمارکردنی ژمارە و جۆر و نرخی دەرمانی هەر دەرمانخانەیەک وە چەندی دەفرۆشرێ و کۆگاکەی و تەواوی پێویستەکانی تر.

سیستەمی بازارگەری مارکێتەکان بە زمانی سی پلاس
کە مارکێتەکان دەکرێ سودی لێ ببینن بۆ خێرا تێپەراندنی کارەکانیان و تۆمارکردنی تەواوی زانیارییەکان چەند فۆرشراوە، کامە زیاتر، ژمارەی کڕیاری هەر رۆژ ، کۆگا چەندی بەرهەم تێدا ماوە .

وێبسایتی کڕین و فرۆشتن ئۆنلاین
کە سوودی زۆری لێدەبینرێ لە جیهان دا دەتوانی لە ماڵی خۆتەوە پێویستیەکانت بکرێ ، کە بە زمانی پهپ دامەزرابوو .

سیستەمی دەنگدان
لەڕێگەی ئەم سیستەمەوە دەتوانی کاری دەنگدان بکەیت و ئاسانکاری باش دەکات بە تۆمارکردنی تەواوی دەنگەکان و لێکجیاکردنەوە و دەرخستنی کەمترین و زۆرترین دەنگ.

وە یەکێک لە پرۆژە گەورەکان کاری نێتۆورک بوو کە تێیدا سێرڤەرێک بە چوار کۆمپیوتەر پەیوەست بوو ، هەر کلاینتەی دەیتوانی کارێک بکا ، جیا لەوەی سێرڤەر دەسەڵاتی تەواوی هەیە بەسەر کۆمپیوتەرەکانی تر

وە کۆمەڵێک پرۆژەی تر …

ئەمانەش کۆمەڵێک دیمەنن لە پڕۆژەکان و کاتی بەڕێوەچوونی فیستیڤاڵ:
dd

پاشخان :
بەشی ئەندازەی سیستەمی زانیاری
لە ساڵی ٢٠٠٨-٢٠٠٩ دا بۆ یەکەمجار دەستی کرد بە وەرگرتنی فێرخوازان
سەر بە کۆلێژی تەکنیکی هەولێرە ، فێرخوازانی دەرچووی ئەم بەشە ، بڕوانامەی ئەندازیاری تەکنیکی یان پێ دەدرێ لە سەندیکای ئەندازیاران .

ئەندازەی سیستەمی زانیاری = Information System Engineering

ئامادەکردنی ڕاپۆرت: سۆران عبدالرحمن

بۆچونی تۆ