ئێڵ جی
18, ئازار 2019
مانگی داهاتوو کۆمپانیای LG یەکەمین تەلەفزیۆنی زیرەک بە پشتگیری AirPlay و HomeKit ـەوە بەردەست دەکات

لە پێشوودا کۆمپانیای LG ڕایگەیاندبوو کە پشتگیری AirPlay و HomeKit بۆ تەلەفزیۆنە زیرەکە نوێیەکانی زیاد دەکات. کۆمپانیاکە کاتی ڕاگەیاندنی یەکەمین تەلەفزیۆنەکانی ئاشکراکرد کە پشتگیری لە دوو تایبەتمەندییەکە دەکەن.
تەلەفزیۆنە نوێیەکانی LG ناویان E9 و C9 دەبێت و ڕوونمای هەردووکیان لە جۆری OLED دەبن. مۆدێلی C9 خاوەن بژاردەی قەبارەی ڕوونمای 55 ئینج و 65 ئینج 77 ئینج دەبێت و نرخی لە 2.499$ ـەوە دەستپێدەکات. وە مۆدێلی E9 خاوەن بژاردەی قەبارەی ڕوونمای 55 ئینج و 65 ئینج دەبێت و نرخی لە 3.299$ ـەوە دەستپێدەکات. تەلەفزیۆنە نوێیەکان مانگی داهاتوو بەردەست دەکرێن.
بە هەبوونی هەردوو تایبەتمەندییەکە، ڕێگە بە بەکارهێنەرانی ئامێرەکانی ئایفۆن و ئایپاد و ماکەکان دەدات وێنە و ڤیدیۆ و دەنگەکانیان لە ڕێگای AirPlay ـەوە بگوازنەوە بۆ سەر تەلەفزیۆنە زیرەکەکانیان لە جۆری LG و لە ڕێگای خزمەتگوزاری دەنگی Siri کۆنتڕۆڵی تەلەفزیۆنەکانیان بکەن، هەروەها لە ڕێگای HomeKit ـی ئامێرەکانیانەوە تەلەفزیۆنەیان کار پێبکەن و بیکوژێننەوە.
پێشووتر کۆمپانیای سامسۆنگیش ئاشکرای کردبوو کە بە هاوکاری ئەپڵ پشتگیری AirPlay و HomeKit بۆ تەلەفزیۆنە زیرەکەکانی ئەمساڵی زیاد دەکات.
ماکوان بەرزان
نووسەری پێشکەوتوو لە Kitn لە ٢٠١٨ ـەوە.
ئەندازیاری iOS لە Gateway.
خوێندکاری ئەندازیاریی ئایتی لە زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی.