سامسۆنگ

بەڕێوەبەری کۆمپانیای سامسۆنگ دڵنیایی دەدات لە بەردەستکردنی گالەکسی Fold لە دوای چارەسەرکردنی کێشەکەی

کۆمپانیای سامسۆنگ لە ماوەی ڕابردوودا ڕێکەوتی بەردەستکردنی گالەکسی Fold ـی بۆ کاتێکی نادیار دواخست بە هۆی چەند کێشەیەک کە لە ڕوونمای مۆبایلەکە هەبوو. هەرچەندە دەبووایە سامسۆنگ لە ڕێکەوتی 26 ـی مانگی ڕابردوودا مۆبایلەکە بەردەست بکات، بەڵام تاوەکو ئێستا ڕێکەوتی بەردەستکردنی مۆبایلەکە بە نادیاری ماوەتەوە. بەڕێوەبەری کۆمپانیای سامسۆنگیش دەربارەی بەردەستکردنی مۆبایلە چەماوەییەکەیان دڵنیایی دەدات.

بەڕێز Koh Dong-jin بەڕێوەبەری گشتی کۆمپانیای سامسۆنگ لە وەڵامدانەوەیەکدا بۆ پێگەی The Korea Herald دەڵێت؛ بە دڵنیاییەوە مۆبایلی چەماوەیی گالەکسی Fold لە ئایندەیەکی نزیکدا بەردەست دەکرێت، هەرکات کێشەی ڕوونماکەی چارەسەر کرا. بەڵام بەڕێوەبەرەکەی سامسۆنگ هیچ باسێکی لەسەر ڕێکەوتی بەردەستکردنی نەکرد، تەنها ئەوەندە نەبێت کە وتی “زۆر دوا ناکەوین لە بەردەستکردنی”.

بە پێی قسەکانی بەڕێوەبەرەکەی سامسۆنگ بێت، وا دیارە سامسۆنگ بەنیاز نییە تاوەکو چەند هەفتەیەکی دیکەی داهاتوو مۆبایلەکە بەردەست بکات، ڕەنگە ماوەیەکی کەمێک درێژ بخایەنێت. قسەکانی بەڕێوەبەرەکەی سامسۆنگ دڵنیاییمان دەداتێ سەبارەت بە بەردەستکردنی مۆبایلەکە، لە کاتێکدا کە هەندێک لە پێگەکان کەوتبوونە پڕوپاگەندەی ئەوەی کە ڕەنگە سامسۆنگ بە یەکجاری مۆبایلە چەماوەییەکە ڕەت بکاتەوە و هەرگیز بەردەستی نەکات.

سەرچاوە :

10 ئایار، 2019
ئاڤاتار
خوێندکاری پەیمانگای کۆمپیوتەرم، شارەزایی تەواوم هەیە لە هەریەک لە سیستەمە کارپێکەرەکانی iOS و macOS و Windows. ڕۆژانە و بە بەردەوامی ئاگاداری دواین هەواڵ و گۆڕانکارییەکانی تایبەت بە تەکنەلۆژیام. ئێستا، لە کەی ئای تی ئێن سەرقاڵی نووسینی بابەتی پەیوەندیدار بە تەکنەلۆژیاوەم. دەتوانیت کرتە لە وێنۆچکەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بکەیت ئەگەر خوازیاریت پەیوەندیم پێوە بکەیت یاخود ئاگات لە دواین چالاکییەکانم ببێت.
508