بیروڕا 4, ته‌مموز 2019

کێشە تەکنیکیەکەی فەیسبووک و F8ـی میللەتی کورد

لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان هەر رۆژە و باسێک گەرم دەکرێت و هەر کتوپڕیش کەس لە بیری نامێنێت. لە ماوەی ڕابردوودا چەندین بابەت گەرم کران و زۆربەی بەکارهێنەرانیش بە شێوەیەک لە شێوەکان کاردانەوەی خۆیان هەبووە بۆ ئەو ڕووداو و بابەتانە، جا ئیتر لەوانەیە ئەو کۆمێنت و کاردانەوەی تۆ هەتبووبێت جێی خۆی گرتبێت و لەوانەشە ئیتر گومانێکی خەراپ و تاوانێکت بەرامبەر کەسێک یان لایەنێک کردبێت. هەر چۆنیک بێت ئەوە تۆڕی کۆمەڵایەتییە و باش و خەراپ تێیدا کۆبۆتەوە و هەریەکە و لە ئاراستە و تێڕوانینی خۆیەوە بەکاری دێنێت.

لەم نێوەندەشدا، کێشە هونەریی و تەکنیکییەکان لە جیهانی دیجیتاڵی و ئەلیکترۆنیدا ڕوودەدەن و ئاسایین، و تەنها کاتیان پێویستە تا چارەسەر دەکرێن، بۆ نمونە، کەی ئای تی ئێن چەندین جار ڕاژەکارەکانی وەستاوە و لە ماوەیەکی کەمدا چارەسەرمان کردووە و گەڕاوەتەوە باری ئاسایی خۆی. هەروەک ئەوەی دوێنێ شەویش ڕوویدا، کە تۆڕەکانی فەیسبووک و ئینستەگرام و وەتسئەپ چەند بەشێکیان لە کارکەوت، بە شێکە لەو کێشە هونەریی و تەکنیکیانە کە بەلای ئێمەی شارەزای بواری تەکنەلۆژیا زۆر ئاسایین و شتەکان چاوەڕوان کراون کە ئەم هەموو تۆڕە زەبەلاحە لەسەر کۆمەڵێک ئامێر وەستاوە و کاردەکات، کە ئەوانیش ڕاژەکار(سێرڤەر)ـەکانن و بە کارەبا و کۆمپیوتەر و چەندین شتی ترەوە بەستراون. ئیتر هەر چۆنێک بێت ئەوە ڕوویدا و دوێنێ لە دوانیوەڕۆکەیەوە فەیسبووک هۆشداریدا کە تۆڕەکانی فەیسبووک و ئینستەگرام و وەتسئەپ کێشەیان تێکەوتووە و سەرقاڵی چارەسەرکردنن. ئێمەش وەکو پیشەی هەمیشەیی خۆمان ڕووماڵی ئەو کێشەیەمان کرد تا کاتی چارەسەرکردنی.

تا ئێرە هیچ کێشەیەک نییە و ئەوەی ڕوویدا کاتی بوو و چارەسەرکرا، بەڵام ئەوەی کێشەکەیە ئەوەیە کۆمەڵێک ئەم جۆرە ڕووداوانە بە هەل وەردەگرن و زۆرینەی خەڵکیش لەم نێوەدەدا زۆر بە ساویلکەیی باوەڕیان پێ دەکەن و ئەوەی ئەوان داوای بکەن ئەنجامی دەدەن، چونکە پێیان وایە هیچی تێ ناچێت، ئیتر جا کۆمێنت نوسین بێت یان لایک یان هەر کارێکی تر. ئەوەی دوێنێ بە خەڵک کرا بە ناوی ڤایرۆسی F8 بە کەس نەکراوە تا ئێستا. بۆ نمونە سەیری ئەم وێنەیەی خوارەوە بکەن و ئەم هەموو کۆمێنتەی بۆی نوسراوە:

بە داخەوە کە بەم شێوە و بەم ساویلکەییە تۆ ئینتەرنێت و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بەکاربهێنیت! ئەوەی جێگەی داخە لە ناویاندا خەڵکی خوێندەوار و ڕۆشنبیریشی تێدایە کە نوسیویەتی F8. نامەوێت لەبیرم بچێت، F8 کۆنگرەیەکی ساڵانەی فەیسبووکە و تێیدا دوایین گۆڕانکاری و نوێکارییەکانی فەیسبووک و مێسنجەر و ئینستەگرام و وەتسئەپ دەخرێنەڕوو. لە ڕاستیدا، ئەوەی ئەم پەڕانە کردیان ئامانج لێی تەنها وەکو خۆمان دەڵێین بۆ ئەکتیڤی پەیجەکانیان بووە، واتە بۆ زیادکردنی چالاکی پەڕەکەیان بووە و بە هەلیان زانیوە تاوەکو Engagement و Reachـی پەڕەکانیان بفڕێنن بەو شێوەیە. لە پەیامەکانیشیاندا خەڵکیان ترساندووە بەوەی ئەگەر نەنوسن F8 ئەوا فەیسبووکیان دەسوتێت*؛ واتە لە کاردەکەوێت. لە ڕاستیدا، ئەمە لە بێ ئاگایی و نەزانی هیچی تر نییە و ڕەواج دانە بەو جۆرە پەڕە بێ ئیش و کارانە، کە دواجار و لە دوای ئەوەی پەڕەکەیان دەگاتە لایکی زۆر ڕێک دەیفرۆشنەوە و من و تۆش دەبێت هەر شەق لە دیوار بدەین. کەواتە بۆ ڕەواجیان پێ دەدەن و بە قسەیان دەکەن. لە کاتی ئاوادا پێویستە بوەستن تا لە سەرچاوەی باوەڕپێکراوەوە دەزانن چی ڕوویداوە نەک هەرچی تۆ بەرچاوت کەوت و داوات لێکرا بیکەیت لە پێناوە ئەوەی فەیسبووکەکەت لە کار نەکەوێت.

داواکارم بە زیاتر هۆشیارییەوە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بەکاربهێنن و نەبنە هۆکاری بەناوبانگکردنی خەڵکێک کە هیچ بەهایەکی ڕەوشتیان تێدا بەدی ناکرێت و هەروەک نەبنە هۆی ڕەواج دانیش بەو پەڕانەی کە ئامانج لێیان تەنها زیادکردنی لایک و چالاکییە و پاشان فرۆشتنەوەیەتی بە پارەیەکی باش.


*سوتان: ئەو زاراوەیە کە بۆ لەکارکەوتنی هەژمارێکی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لە ناو بەکارهێنەرانی کورد بەکاردەهێندرێت و بووەتە باو، بەڵام پێمان وایە زۆر هەڵەیە و تا بکرێت خۆی لێ بەدوور بگیرێت چونکە سوتان هیچ پەیوەندی بە لەکارکەوتنی هەژمارەوە نییە.

بۆچونی تۆ