10
سامسۆنگ 25, ته‌مموز 2019 بۆچوون

سامسۆنگ کێشەکانی مۆبایلی Galaxy Fold ـی چارەسەرکرد و ڕێکەوتی بەردەستکردنی ئاشکراکرد

نزیکەی 4 مانگ تێپەڕیوە بەسەر ڕێکەوتی ڕاستەقینەی بەردەستکردنی مۆبایلی چەماوەیی Galaxy Fold لە لایەن سامسۆنگەوە، لە دوای ئەوەی لە ماوەی ڕابردوودا کۆمپانیاکە ڕێکەوتی بەردەستکردنی مۆبایلە چەماوەییەکەی بۆ کاتێکی نادیار دواخست بە هۆی بوونی چەند کێشەیەک لە ڕوونماکەیدا. کێشەکانی مۆبایلە چەماوەییەکە چارەسەر کران و دواجار کۆمپانیاکە بە فەرمی ڕێکەوتی بەردەستکردنی مۆبایلەکەی ئاشکراکرد.

لە ڕاگەیەندراوێکدا کۆمپانیای سامسۆنگ بە فەرمی ڕایگەیاند کە سەرجەم کێشەکانی مۆبایلی چەماوەیی Galaxy Fold چارەسەرکراون کە پێشووتر لە لایەن ڕۆژنامەنووسان و هەڵسەنگێنەرانەوە بەدی کرابوون، هەروەها کۆمپانیاکە مانگی 9 ـی ئەمساڵی بە دیارینەکراوی وەکو ڕێکەوتی بەردەستکردنی مۆبایلە چەماوەییەکە دیاریکرد.

سامسۆنگ پشتڕاستی کردەوە کە نرخی مۆبایلە چەماوەییەکە گۆڕانکاری بەسەردا نایەت و بە نرخی 1,980$ دەمێنێتەوە. بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی ڕوونمای مۆبایلە چەماوەییەکە، سامسۆنگ بەشی پارێزگاریکەری Infinity Flex ـی سەرەوەی ڕوونماکەی فراوانتر کردووە و دەتوانرێت بە ئاسانی بەدی بکرێت و کراوە بە بەشێکی بنچینەیی لە ڕوونماکە، بەڵام بە مانای ئەوە نایەت کە لێ نەکرێتەوە. ئەمەش بە واتای ئەوە دێت کە توانای پارێزگاریکردنی ڕوونماکە لە گەردیلە دەرەکییەکان باشتر کراوە و ئەزموونێکی زیاتر دەبەخشێت بە مۆبایلە چەماوەییەکە.

لەگەڵ ئەوەشدا، کڵاوەیەکی پارێزگاریکەر بۆ بەشی سەرەوە و خوارەوەی ناوچەی چەمانەوە زیادکراوە، وە نێوانی تەوەرە و لاشەی مۆبایلە چەماوەییەکە کەمتر کراوەتەوە.

بە شێوەیەکی گشتی، جیاوازی لە ڕواڵەتی لاشەی مۆبایلە چەماوەییەکە دیزاینکراوەکەدا بەدی ناکرێت، بە تەنها هەندێک بەشی پەیوەندیدار بە ڕوونماوە چارەسەرکراون بەو مەبەستەی کە بەدوور بێت لە تووشبوون بە هەر حاڵەتێکی تێکچوونی لە ناکاوی ڕوونما.

لە دوای تێپەڕبوونی کەمتر لە 48 کاتژمێر بەسەر بەردەستکردنی مۆبایلە چەماوەییەکە بۆ ژمارەیەک لە ڕۆژنامەنووسان و هەڵسەنگێنەران، چەند کێشەیەکی جۆراوجۆر تووشی ڕوونمای مۆبایلە چەماوەییەکە بوو، بەمەش سامسۆنگ ناچار بوو ڕێکەوتی بەردەستکردنی مۆبایلە چەماوەییەکە بۆ کاتێکی نادیار دوابخات تا ئەو کاتەی سەرجەم کێشە بەدی کراوەکان چارەسەر بکات. بەڵام وا دیارە مۆبایلەکە ئامادەیە و لە چەند هەفتەیەکی داهاتوودا بەردەست دەکرێت.

سەرچاوە :
بۆچونی تۆ