ئەپڵ

لە ئەمڕۆوە ئەپڵ دەست دەکات بە بەردەستکردنی کارتی بانکی Apple Card

لە دوای تێپەڕبوونی چەند مانگێک بەسەر بەردەستکردنی کارتی بانکی Apple Card لە لایەن ئەپڵەوە، ئەمڕۆ بە فەرمی کۆمپانیاکە دەست دەکات بە بەردەستکردنی کارتە بانکییەکە بۆ ژمارەیەک لە بەکارهێنەران.

ئەمڕۆ کۆمپانیای ئەپڵ بە فەرمی ڕایگەیاند کە دەست دەکات بە بەردەستکردنی کارتی بانکی Apple Card بۆ ئەو بەکارهێنەرانەی کە لە پێشوودا ویستبویان ئاگادارکەرەوەیان بەدەست بکات لە کاتی بەردەستبوونی کارتە بانکییەکەدا و دانیشتووی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکان، ئەو ژمارە بەکارهێنەرە وەکو بانگهێشتکراو مامەڵەیان لەگەڵدا دەکرێت لە لایەن ئەپڵەوە. ئەوەی لەسەر ئەو ژمارە بەکارهێنەرە بانگھێشتکراوانە پێویستە، داخڵ بوون و پڕکردنەوەی هەر یەکە لە زانیارییەکانی ناونیشان، ڕێکەوتی لە دایکبوون، قۆناغی دەرامەتی ژیان و کۆتا 4 ژمارە لە کارتی Social Security ـە. هەروەها پێویستە بانگهێشتکراوەکان وەشانی ئامێرەکانیان iOS 12.4 ببێت.

داخڵبوون لە کارتە بانکییەکەدا لە ئەپی Wallet ـدا ئەنجام دەدرێت، هەروەها لە هەمان کاتدا داواکاری بەدەست گەیشتنی کارتە بانکییەکە بە شێوەی فیزیایی ئەنجام دەدرێت.

سەرچاوەی سەرەکی هەموو مامەڵەیەکی دراو لە بانکدا ئەنجام دەدرێت، هەر بۆیە کۆمپانیای Goldman Sachs وەکو بانکی Apple Card هەژمار دەکرێت و گشت زانیارییە تۆمارکراوەکان ڕەوانەی کۆمپانیای ناوبراو دەکرێن. ئەپڵ لە ڕابردوودا ڕایگەیاند کە هیچ کەسێک ناتوانێت بزانێت لە ڕێگەی کارتە بانکییەکەوە چیت کڕیوە، چەندت بە فیڕۆ داوە و لە کوێ شتت کڕیوە.

هەروەها ئەپڵ دەڵێت مەبەست لە درووستکردنی کارتی بانکی Apple Card بۆ کێبڕکێکردنی کارتەکانی Chase Sapphire یاخود American Express نییە، بەڵکو تاکە ئامانج لە درووستکردنی کارتەکە، توانای ئاسان بە دەست گەیشتنی کارتە ئەلیکترۆنییەکانە لە لایەن خاوەنی ئایفۆنەکانەوە. هەر بۆیە تۆماربوون لە کارتی بانکی Apple Card ـدا هێندە قورس نییە.

لە دوای ئەوەی کە داواکاری تۆماربوونت لە کارتە بانکییەکەدا قبوڵ کرا، دەست بەجێ کارتەکەت لە ئەپی Apple Wallet ـدا بەدیار دەکەوێت و لە ڕێگەی پۆستەیەکەوە کارتەکەت بە شێوەی فیزیایی بە دەست دەگات. هەروەها ڕێکخستنی کارتەکە بە نزیککردنەوەی کارتەکە دەبێت لە ئایفۆنەکەت.

لە کاتی ئەنجامدانی مامەڵەکاندا، هیچ بڕە باجێک وەرناگیرێت، ئەمەش بە پێچەوانەی کارتە بانکییەکانی دیکەوە. لەگەڵ ئەوەشدا، مامەڵەکار بڕی 3% ـی بۆ دەگەڕێتەوە لە کاتی کڕینەکانی ڕۆژانە، بڕی 2% لە کاتی ئەنجامدانی کڕینەکان لە ڕێگەی Apple Pay و بڕی 1% ـیش لە کاتی ئەنجامدانی کڕینەکان لە ڕێگەی کارتە فیزیاییەکەدا دەگەڕێتەوە بۆ کڕیار.

لە سەرەتادا کارتە بانکییەکە بە تەنها بۆ ژمارەیەک لە بەکارهێنەرانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بەردەست دەکرێت، هەروەها لە کۆتاییەکانی ئەم مانگەدا بۆ سەرجەم بەکارهێنەرانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بەردەست دەکرێت و لە کۆتاییەکانی ئەمساڵدا بۆ بەکارهێنەرانی ناوچەکانی دیکەی جیهان بەردەست دەکرێت. بە هیوای ئەوەی کارتە بانکییەکەی ئەپڵ لە کوردستانیشدا بەردەست بکرێت.

سەرچاوە :
6 ئاب، 2019
ئاڤاتار
بەڕێوەبەری نووسین و نووسەر لە کەی ئای تی ئێن. خوێندکاری پەیمانگەی کۆمپیوتەرم، گەشەپێدەرم و شارەزایی تەواوم هەیە لە هەریەک لە سیستەمە کارپێکەرەکانی iOS و macOS و Windows. ڕۆژانە و بە بەردەوامی ئاگاداری دواین هەواڵ و گۆڕانکارییەکانی تایبەت بە تەکنەلۆژیام. دەتوانیت کرتە لە وێنۆچکەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بکەیت ئەگەر خوازیاریت پەیوەندیم پێوە بکەیت یاخود ئاگات لە دواین چالاکییەکانم ببێت.
841