10
ئای ئۆ ئێس 18, ئاب 2019 بۆچوون

ئامرازی Unc0ver بە زیادکردنی پشتگیری لە جەیڵبرەیک کردنی وەشانی iOS 12.4 و خوارترەوە نوێکرایەوە

هاککەری بە توانا Pwn20wnd خاوەن ئامرازی Unc0ver تایبەت بە جەیڵبرەیک کردن سەرکەوتوو بوو لە جەیڵبرەیک کردنی دواین وەشانی iOS بە ژمارەی iOS 12.4. هەر بەم بۆنەیەوە، هاککەرەکە دواین وەشانی لە ئامرازی Unc0ver بە پشتگیری لە جەیڵبرەیک کردنی وەشانی ناوبراوەوە نوێکردەوە.

کەمێک لەمەوبەر هاککەر Pwn20wnd بە سەرکەوتوویی وەشانی iOS 12.4 ـی جەیڵبرەیک کرد. هەروەها وەشانی 3.5.0 ـی لە ئامرازی Unc0ver ـی تایبەت بە جەیڵبرەیک کردن بە شێوەیەکی گشتی بۆ هەوادارانی جەیڵبرەیک بەردەست کرد. لە وەشانە نوێیەکەی ئامرازەکەدا، Pwn20wnd ئێکسپڵۆیتی Sock Puppet و Sock Port ـی بەکارهێناوە.

لە ئێستادا ئامرازەکە پشتگیری لەو ئامێرانە دەکات کە پڕۆسێسەری A7 تاوەکو A11 ـیان لەسەر جێگیرە و بە وەشانەکانی iOS 11.0 تاوەکو iOS 12.4 کار دەکەن (ئایفۆن 5S تاوەکو iPhone X). بەڵام ئامرازەکە پشتگیری لە وەشانەکانی iOS 12.3 و iOS 12.3.1 ناکات.

ئەوەی جێگەی ئاماژە پێکردنە، وەشانی iOS 12.4 دواین وەشانی نوێی iOS ـە تاوەکو ئێستا و ئەپڵ تا ئێستا پەنجەرەی بەکارهێنانی وەشانەکەی دانەخستووە. وەشانەکە پشتگیری لە کارتی بانکی Apple Card دەکات. هەر بۆیە ئەگەر جەیڵبرەیکت دەوێت، دەتوانیت زۆر بە ئاسانی وەشانی ئامێرەکەت نوێ بکەیتەوە بۆ iOS 12.4 یاخود لە وەشانی تاقیکاری iOS 13.0 و وەشانە کۆنەکانی iOS ـەوە وەشانی iOS 12.4 جێگیر بکەیت.

دەنگۆ هەیە کە ئەپڵ وەشانی iOS 12.4 بگەڕێنێتەوە و بە ژمارە بنیادنەرێکی نوێوە بەردەستی بکاتەوە، بەمەش چیدیکە ناتوانرێت وەشانەکە جەیڵبرەیک بکرێت. بۆیە تکایە، ئەگەر جەیڵبرەیکت دەوێت پێویستە بە زووترین کات وەشانەکە دابمەزرێنیت و جەیڵبرەیکی بکەیت.

بۆچونی تۆ