ئۆپۆ

وێنەکانی مۆبایلی Oppo Reno 2Z دزەیان پێکرا و دیزاین و چەند تایبەتمەندییەکی مۆبایلەکە ئاشکرا دەکەن

زۆر نییە کە کۆمپانیای ئۆپۆ ڕێکەوتی ڕاگەیاندنی مۆبایلی Oppo Reno 2 ـی بە خاوەن 4 کامێراوە ئاشکرا کرد. بەڵام وا دیارە کۆمپانیاکە دەیەوێت لەگەڵ نمایشکردنی مۆبایلی Oppo Reno 2 ـدا، مۆبایلی Oppo Reno 2Z و چەند مۆبایلێکی دیکەش نمایش بکات.

بۆ یەکەمین جار، وێنەکانی مۆبایلی Oppo Reno 2Z لە لایەن پێگەی 91Mobiles ـەوە دزەیان پێکرا. لە وێنەکاندا دەردەکەوێت کە مۆبایلەکە خاوەن 4 کامێرا و دووانە گڵۆپی LED دەبێت لە پشتەوە و لە پێشەوەش خاوەن کامێرایەکی دەرکەوتە دەبێت لە دەرەوەی ڕوونماکەیدا. هەروەها لەسەر ڕوونماکەیدا خاوەن هیچ نۆچ و چاڵێک نابێت، سوپاس بۆ کامێرا دەرکەوتەکەی.

هەرچی دەربارەی دەرچەکانی مۆبایلەکەیە، لە چەند وێنەیەکی دیکەدا دەردەکەوێت کە مۆبایلی Oppo Reno 2Z خاوەن دەرچەی USB-C و دەرچەی 3.5 ملیمەتری بیستۆک دەبێت.

پڕوپاگەندەکانی ڕابردوو دەیانگوت کە مۆبایلی Oppo Reno 2Z خاوەن ڕوونمایەک دەبێت بە قەبارەی 6.53 ئینج لە جۆری AMOLED بە هەبوونی هەستەوەری پەنجەمۆر لەسەر ڕوونماکەی. هەروەها دەگوترا پڕۆسێسەری Helio P90 ـی لەسەر جێگیر دەکرێت و خاوەن ڕامێک دەبێت بە فراوانی 8 گێگابایت و بیرگەیەک بە قەبارەی 256 گێگابایت.

پێشبینی دەکرێت ڕوونی کامێراکانی پشتەوەی مۆبایلەکە 48 و 8 و دووانی دیکەی 2 مێگاپێکسڵی ببێت، خاوەن پاترییەک ببێت بە توانستی 4,000 ملی ئەمپێر و پشتگیری لە وەشانی سێیەمی بارگاویکردنەوەی خێرای VOOC بکات. بە گشتی چاوەڕوان دەکرێت تایبەتمەندییەکانی نزیک بێت لە تایبەتمەندییەکانی مۆبایلی Oppo Reno 2 ـەوە.

سەرچاوە :
24 ئاب، 2019
ئاڤاتار
بەڕێوەبەری نووسین و نووسەرم لە کەی ئای تی ئێن. خوێندکاری پەیمانگەی کۆمپیوتەرم، گەشەپێدەرم و شارەزایی تەواوم هەیە لە هەریەک لە سیستەمە کارپێکەرەکانی iOS و macOS و Windows. ڕۆژانە و بە بەردەوامی ئاگاداری دواین هەواڵ و گۆڕانکارییەکانی تایبەت بە تەکنەلۆژیام. دەتوانیت کرتە لە وێنۆچکەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بکەیت ئەگەر خوازیاریت پەیوەندیم پێوە بکەیت یاخود ئاگات لە دواین چالاکییەکانم ببێت.
943