ئەپڵ

لە پێناو باشترکردنی پاتریدا، ئەپڵ کێش و قەبارەی ئایفۆنە نوێیەکانی ئەمساڵی زیاتر و ئەستوورتر کردووە

لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا، کۆمپانیای ئەپڵ چەند جۆرێکی نوێی لە مۆبایلی ئایفۆن بە ناوەکانی iPhone 11 و iPhone 11 Pro و iPhone 11 Pro Max ـەوە بە خاوەن پاتری بەهێزترەوە ڕاگەیاند. بەڵام ئایفۆنە نوێیەکان گەورەتر، قورستر و ئەستوورتر بەدیار دەکەون لە چاو ئایفۆنەکانی ساڵی ڕابردوو.

ئەپڵ دەڵێت پاتری iPhone 11 نزیکەی 4 کاتژمێر خۆڕاگرترە لە چاو پاتری iPhone XR ـی ساڵی ڕابردوو، هەروەها پاتری iPhone 11 Pro و iPhone 11 Pro Max ـیش 4 و 5 کاتژمێر خۆڕاگرترن لە چاو iPhone XS و XS Max ـدا. ئایفۆنە نوێیەکانی ئەمساڵ قورستر و ئەستوورترن، بێجگە لە iPhone 11، کە کێش و ئەستووری هاوشێوەی iPhone XR ـی ساڵی ڕابردووە. بەڵام سەبارەت بە iPhone 11 Pro و iPhone 11 Pro Max، کێش و ئەستوورییان بە ڕادەیەکی مامناوەند زیادی کردووە.

بە جۆرێک کە کێش و ئەستووری iPhone 11 Pro بریتییە لە 188 گرام و 8.1 میلیمەتر، لە کاتێکدا کە کێش و ئەستووری iPhone XS ـی ساڵی ڕابردوو 177 گرام و 7.7 میلیمەتر بوو. سەبارەت بە iPhone 11 Pro Max ـیش، دۆخەکە هیچ باش نییە، کێش و ئەستووری مۆبایلەکە 226 گرام و 8.1 میلیمەترە، لە کاتێکدا کە کێش و ئەستووری مۆبایلی iPhone XS Max ـی ساڵی ڕابردوو 208 گرام و 7.7 میلیمەتر بوو.

بە شێوەیەکی گشتی، قەبارەی ئایفۆنەکانی ساڵانی ڕابردوو هێندە ئەستوور و قورس نەبوون، بەڵام لە هەمان کاتدا ئەپڵ لە ئایفۆنە نوێیەکاندا تەنها 2 کاتژمێر یاخود کەمتر پاتری خۆڕاگرتر کردبوون. بە شێوەیەک کە پاتری مۆبایلەکانی iPhone XS و XS Max تەنها 30 خولەک و کاتژمێرێک و 30 خولەک لە iPhone X باشتر بوون.

پێویستە لە یادی نەکەین کە ئایفۆنە نوێیەکانی ئەمساڵ خاوەن پڕۆسێسەری A13 Bionic ـن و وزەیەکی زۆر کەمتر پاتری بە فیڕۆ دەدەن، لەم حاڵەتەدا بە تەنها زیادکردنی کێش و ئەستوورکردن کاریگەری نییە لەسەر باشترکردنی پاتری.

سەرچاوە :
12 ئه‌یلول، 2019
ئاڤاتار
بەڕێوەبەری نووسین و نووسەرم لە کەی ئای تی ئێن. خوێندکاری پەیمانگەی کۆمپیوتەرم، گەشەپێدەرم و شارەزایی تەواوم هەیە لە هەریەک لە سیستەمە کارپێکەرەکانی iOS و macOS و Windows. ڕۆژانە و بە بەردەوامی ئاگاداری دواین هەواڵ و گۆڕانکارییەکانی تایبەت بە تەکنەلۆژیام. دەتوانیت کرتە لە وێنۆچکەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بکەیت ئەگەر خوازیاریت پەیوەندیم پێوە بکەیت یاخود ئاگات لە دواین چالاکییەکانم ببێت.
943