ئەپڵ 13, ئه‌یلول 2019

لە ئایفۆنە نوێیەکاندا، ئەپڵ کۆتایی بە تایبەتمەندی 3D Touch هێنا

لە کۆنگرەیەکەی تایبەتی چەند ڕۆژی ڕابردووی ئەپڵدا، کۆمپانیا ئەمریکییەکە ژمارەیەک ئایفۆنی نوێی بە ناوەکانی iPhone 11 و iPhone 11 Pro و iPhone 11 Pro Max ـەوە ڕاگەیاند. بەڵام هەواڵێکی ناخۆش (بۆ هەندێک) هەیە، ئەویش کۆتایی هێنانی تایبەتمەندی 3D Touch ـە لە دوای ڕاگەیاندنی ئایفۆنە نوێیەکانەوە.

پڕوپاگەندەکان لە ڕابردوودا بۆ چەند جارێک باسیان لە کۆتایی پێهێنانی تایبەتمەندی 3D Touch دەکرد لە لایەن ئەپڵەوە. پڕوپاگەندەکان ڕاست دەرچوون، لە ئایفۆنە نوێیەکاندا ئەپڵ کۆتایی بە تایبەتمەندییەکە هێنا، بەڵام لە جێگەی 3D Touch، ئەپڵ تایبەتمەندی Haptic Touch ـی بۆ ئایفۆنە نوێیەکان زیاد کردووە وەکو جێگرەوەیەک بۆ 3D Touch.

تایبەتمەندی 3D Touch پێویستی بە فشاری زۆر هەبوو لەسەر ڕوونما تاوەکو بە تەواوی کار بکات، بەڵام تایبەتمەندی Haptic Touch پێویست بە هیچ فشارێک ناکات و بە تەنها بە ڕاگرتنی پەنجە لەسەر ڕوونما کرداری خۆی ئەنجام دەکات، ئەگەر فشاریشی لەسەر بکرێت خێراتر کردارەکانی خۆی ئەنجام دەدات.

Animated GIF

تایبەتمەندی 3D Touch لە ساڵی 2015 لەگەڵ ڕاگەیاندنی iPhone 6S ـدا ئاشکرا کرا، تایبەتمەندییەکە تایبەت بوو بە کار ئاسانی لە جێگەی کردنەوەی ئەپ و پەڕەکان. تایبەتمەندی Haptic Touch ـیش هەمان کردار ئەنجام دەدات، بەڵام ئەم تایبەتمەندییە نوێیە پێویست بە فشارکردن لە ڕوونما ناکات.

لە کۆنگرەی ڕاگەیاندنەکاندا ئەپڵ هیچ باسێکی لە کۆتایی پێهێنانی تایبەتمەندی 3D Touch یاخود هەبوونی Haptic Touch لە ئایفۆنە نوێیەکاندا نەکرد، بەڵام لە پەڕەی ئایفۆنەکاندا لە ماڵپەڕی فەرمی ئەپڵ، ئاماژە بە هەبوونی Haptic Touch دراوە.

بۆچونی تۆ