10
ئەپڵ 17, ئه‌یلول 2019 بۆچوون

ئەپڵ خزمەتگوزاری Apple Arcade ـی تایبەت بە یاریکردنی بۆ تاقیکارانی وەشانەکانی iOS 13 ـی بەردەستکرد

لە دوای چەند مانگێک لە چاوەڕوانی، لە کۆتایدا کۆمپانیای ئەپڵ خزمەتگوزاری Apple Arcade ـی تایبەت بە یاریکردنی بۆ تاقیکارانی وەشانەکانی iOS 13 ـی بەردەستکرد.

ئەپڵ خزمەتگوزاری Apple Arcade ـی لە بۆنەیەکی تایبەت لە سەرەتاکانی ئەمساڵدا ڕاگەیاند، بەڵام ڕێکەوتی بەردەستکردنی ئاشکرا نەکرد، ڕێکەوتی بەردەستکردنی لە کۆنگرەکەیەکی تایبەتی چەند ڕۆژی ڕابردووی ئەپڵ ئاشکرا کرا. درەنگانێکی دوێنێ شەو، کۆمپانیاکە خزمەتگوزارییەکەی بۆ سەرجەم بەکارهێنەرانی وەشانە تاقیکارییەکانی iOS 13 ـی بەردەستکرد.

خزمەتگوزاری Apple Arcade خزمەتگوزارییەکی تایبەت بە یاریکردنە کە سەدان یاری جۆراوجۆر تێیدا بوونی هەیە، زۆرێک لە یارییەکان دەتوانرێت بە شێوەی سەرهێڵ یاخود دەرهێڵ یارییان پێ بکرێت. نرخی بەژداریکردنی خزمەتگوزارییەکە تەنها 4.99$ ـە بۆ هەر مانگێک و لە کاتی بەژداریکردن بۆ یەکەمجار مانگێک بەژداریکردنی بە خۆڕایی وەردەگریت.

یەکێک لەو هۆکارانەی خزمەتگوزارییەکە جیا دەکاتەوە لە هاوشێوەکانی، ئەوەیە کە ناتوانی هیچکام لە یارییەکانی نێو خزمەتگوزارییەکە لە نێو خزمەتگوزارییەکانی دیکەدا بدۆزیتەوە و سەرجەم تایبەتن بە Apple Arcade.

وا بڕیارە خزمەتگوزاری Apple Arcade ـی تایبەت بە یاریکردن لە ڕێکەوتی 19 ـی ئەم مانگەدا بۆ سەرجەم بەکارهێنەرانی ئایفۆن و ئایپاد و ئەپڵ تیڤییەکان لەگەڵ بەردەستکردنی وەشانی جێگیری iOS 13 ـەدا بەردەست دەکرێت.

بۆچونی تۆ