10
ئەپڵ 25, ئه‌یلول 2019 بۆچوون

پڕوپاگەندە: ڕەنگە ئایفۆنەکانی ساڵی داهاتوو خاوەن هەمان دیزاینی iPhone 4 ـی ساڵی 2010 ببن

چەند ڕۆژێکی کەم تێپەڕیوە بەسەر ڕاگەیاندنی ئایفۆنە نوێیەکانی ئەمساڵ، بەڵام پڕوپاگەندەکان گرنگی بە کات نادەن و هەنگاو بەرەو ماوەیەکی زۆری داهاتوو دەنێن.

لە ڕاپۆرتێکی نوێدا، پێشبینیکەری بەناوبانگ بەڕێز Ming-Chi Kuo ڕایگەیاندووە کە پێشبینی دەکات دیزاینی سەرجەم ئایفۆنە نوێیەکانی ساڵی داهاتوو لە iPhone 4 ـی ساڵی 2010 ـەوە نزیک ببن، بە دیاریکراوی ئاماژەی بە بەشی دیزاینەکە کرد و ڕایگەیاند کە دیزاینی چوارچێوەی لایەکانی ئایفۆنە نوێیەکان لە iPhone 4 ـەوە نزیک دەبن. ئەمەش بە مانای ئەوە دێت کە ئەپڵ چوارچێوەی لایەکانی ئایفۆنە نوێیەکان ڕێک دەکاتەوە تاوەکو بەدوور بن لە هەر کاردانەوەیەکی خراپ لە کاتی بەرکەوتندا.

بەڕێز Kuo، کە ژمارەی پێوانەیی شکاندووە لە ڕاست دەرچوونی پێشبینییەکانی دەربارەی بەرهەمەکانی ئەپڵ بەر لەوەی کۆمپانیاکە بە فەرمی ڕایانبگەیەنێت، پێشووتر ڕایگەیاندبوو کە سەرجەم ئایفۆنە نوێیەکانی ساڵی داهاتوو خاوەن دیزاینێکی تەواو نوێ دەبن و چیدیکە دیزاینی iPhone X بۆ ئایفۆنە نوێیەکان بەکارناهێندرێتەوە. ڕاپۆرتەکەی Kuo بەبێ لەخۆگرتنی زانیاری زیاتر بوو.

ئەگەر پێشبینییەکانی Kuo ڕاست دەربچن (کە زۆر جار وابوون)، ئەوا ئەپڵ گۆڕانکاری ڕیشەیی لە ئایفۆنە نوێیەکانی ساڵی داهاتوودا ئەنجام دەدات لەو کاتەوەی کە دواین گۆڕانکاری ڕیشەیی لە دیزاینی ئایفۆنەکان لە سەردەمی iPhone X ـەوە ئەنجام دابوو.

پێشتر هەمان پێشبینیکەر ڕایگەیاندبوو کە سەرجەم ئایفۆنە نوێیەکانی ساڵی داهاتوو پشتگیری لە نەوەی پێنجەمی پەیوەندی دەکەن.

سەرچاوە :
بۆچونی تۆ