بیروڕا

کۆمێنتی فەیسبووک؛ کۆمەڵگای زۆمبییە کوردەکان

زۆر کات ئەم پەندە کوردییەمان گوێ لێدەبێت کە دەڵێت “چوویتە شاری کوێران دەست بە چاوتەوە بگرە.” خوێندنەوەی ئەم وتارە لەلایەن هەر کەسێکەوە، کاریگەرییەکی وای دەبێت کە دوور بێت لە هۆکاری نەخۆشی زۆمبی کە زۆر جار لە فیلمەکان بە ڤایرۆسی Z ناونراوە، مەگەر کەسەکە “فەساد” بێت یان ئەوانەی کە مۆر هاتووە بەسەر دڵ و گوێیاندا، کە هەر وەک خودا لە سورەتی بەقەرە – ئایەتی ٦ باسیان دەکات. وشەی فەسادمان لە زمانی عەرەبییەوە بیستووە، بەڵام گرنگترین مانایت زانیوە؟ من فەسادی لە ناو چاوی زۆرینەی بەکارهێنەرە کوردەکانی فەیسبووک دەبینم. زۆر ڕوونە!

لە ئیسلامدا، کاری چاکە خێرە و بە ئیسڵاح یان چاکسازی لە کەسێتی خۆماندا لە فەسادی دوور دەکەوینەوە. واتای فەساد لە ئیسلامدا گەورەیە و دژەکەی کە چاکسازییە؛ کلیلی گەشەکردنی هەر کۆمەڵگایەکە. من ڕاستەوخۆ دەڵێم، چاکسازی لای ئەم زۆرینە بەکارهێنەرەی فەیسبووک چییە؟ لە کاتێکدا کە بە موسڵمان خۆیان ناو دەنێن، پێم بڵێ پێش ئەوەی بچیتە بەشی خوارەوە!

ئەم بەکارهێنەرانە کە لەسەرەوە بانگم کردن، بە وتەی خۆیان کوردی بەشەرەفـن، بانگەشەی وازهێنان لە فەسادی دەکەن. بەڵام من پێیان دەڵێم ئێوە چاولێکەرن. من لەم وتارە چاولێکەری، زۆمبی، فەسادی دەکەم بە یەک. سێوێکی بۆگەن لە ناو سندوقێکدا سێوەکانی هاوڕێشی بۆگەن دەکات، هەر وەک ئەو زۆمبیە کوردەی کە لە یەکەم کۆمێنتدا دیار دەکەوێت و کۆمێنتەکانی دووەم و سێیەمی دوای خۆی توشی ڤایرۆسی هۆکاری نەخۆشی زۆمبی دەکات. چاولێکەرن، چونکە زۆمبی یەکەم چی بکات زۆمبییەکانی دیکە دەیکەنەوە. لە کۆمێنتەکانی فەیسبووکیش کە کۆمەڵگای ئەم زۆمبییە کوردانەیە، زۆمبی یەکەم چ بابەتێک باس بکات، زۆمبییەکانی دیکەیش باسی دەکات. ئەمەیە کۆمەڵگای زۆمبی کوردی!

ئێوە فەسادن، چونکە شوێن پەیجێکی زانیارییەکان نەکەوتوون، بەڵکو ئەو پەڕانەی کە تایبەتن بە “فەسادی” ئەوانەی کە بە کاری خەڵکەوە سەرقاڵن، ئەو خەڵکانەی کە خەریکی کاری خۆیانن تا بگەن بە ئاواتێک و چاکسازی لە خۆیان و پڕۆژەکانی خۆیان دەکەن تا بچنە کاری نێودەوڵەتی و لەم ڕێگەیەشەوە دووبارە چاکسازی مرۆڤایەتی. ئێوە فەسادن چونکە سەرقاڵن بە ژینی کاتی و وەستان لە هەمان ژین (تەنیا بەڕێکردنی ژیان بە خواردن و خەو). فەسادن چونکە چاکسازی لە خۆتان ناکەن.

ئەرێ ئێوە بۆ زۆمبین؟ خۆ فیلمە زۆمبییەکانتان دیوە مرۆڤەکان دەخۆن و دەستدرێژی دەکەن. باشە ئێوە خۆ تووشی زۆمبی نەبوون ئەوە تەنیا من پێتان دەڵێم زۆمبی، ئێوە مرۆڤن و گرنگتریش لەم خاڵە ئێوە موسڵمانن، ئەی باشە بۆ دەستدرێژی وشە دەکەن؟ ئەی خودا لە قورئان نافەرموێت “خودا دەستدرێژیکەرانی خۆشناوێت؟” دەستدرێژیتان لە چی و موسڵمانیبوونتان لە چی؟ وتنی شتی چاکە خێرە و دەستدرێژی لەلایەن خوداوە قەدەغەکراوە، ناتوانیت لەو کۆمەڵگا زۆمبییە (کۆمێنت) ناوی خۆت بنێیت موسڵمان، ناتوانیت بڵێیت کوردی بەشەرەفم! ڕۆژانێک دەڵێم، خۆزگە بمتوانییایە بەرپرسی ژووری خزمەتگوزارییەکانی کۆمپانیای فەیسبووک بومایە، تا بمتوانیایە موسڵمانانی کورد و بە تایبەت ئافرەتانی موسڵمان، لە دەستدرێژییەکانی کوردە زۆمبییەکان بپارێزم، ئەویش بە لابردنی تایبەتمەندی دانانی لێدوان (کۆمێنت) بۆ ئەو کەسانەی کە زۆمبین. بێگوومان ئەو کاتە بە هۆی تەکنەلۆژیای ژیری دەستکردەوە هەموو هۆکارەکانی نەخۆشی زۆمبی (ئەو بابەتانەی پەیوەندن بە موسڵمانان و لەلایەن زۆمبییەکانەوە باس دەکرێن) لە کۆمێنت دیاری دەکەم و دەسڕدرێنەوە، چیبکەین ناچارم، جیهاد لە پێناو موسڵمانان و ئیسلام دەکەم! چونکە دەبینم دەستدرێژی وشە دەکرێنە سەر ئافرەتانی موسڵمان، یان ئافرەتانی هەر ئایینێک، کە لە کۆتاییدا ئافرەتن و هێندەی خوشکمان خۆشمان دەوێن.

لە کۆتاییدا، هاوزمانانی خۆشەویست، موسڵمانان، من ناڵێم هیوادارم وتارەکەم سوودی هەبووبێت، من دەلێم سوودی هەبووە بە یارمەتی خودا. پوختەی وتارەکەم لە چەند وشەیەکی دیکەدا جێ دەکەمەوە، ئەویش ئەوەیە بەئاگای ئەو کۆمێنتانە بن کە دەینوسن، چونکە بەشی کۆمێنتەکان کۆمەڵگایەکی کراوەن و هەموو جۆرە کەسێک دەیان بینن، با وا تێنەگەین تەنیا لەبەر ئەوەی خۆمان کۆمیدی بکەین، ئەوا بەرامبەرمان بە کۆمێنتێکی “فەسادی و دەستدرێژی” دەهێنینە پێکەنین و ڕیپلەی (ههههه)ـمان بۆ بکەن و ئێمە کەسێکی تایبەت لە کۆمێنت دیار دەکەوین. تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان پڕن لە زانیاری، خودا و ئاینی ئیسلام هانمان دەدەن بۆ زانست، و چاکسازی بکەن تا نەبنە زۆمبی.

دڵنیام زۆمبییە کوردەکان بەدوای خوێندنەوە نین، هەر بۆیەش بە دوای چارەسەری هۆکارە نەخۆشییەکەیان (وتارەکەم) ناکەون، هەرچۆنێک بێت ئێمە پەنا دەگرین بە خودا لە شەڕ و لە زۆردارییەکانی خەڵک… حسبي الله ونعم الوكيل (خودامان بەسە و پشت پێبەستراوێکی چاکە.)

11 كانونی دووه‌م، 2019
ئاڤاتار
گرنگی بە نوسینەکانی کەی ئای تی ئێن دەدەم. نوسەرانی ئەم تۆڕە دەیانەوێت کوردستانیش بێبەش نەبێت لە تام و چێژی خوێندنەوە بەڵکو کەی ئای تی ئێن ماڵپەڕێکی فێرکار بێت لە ڕووی نوسین و پەرەپێدانی توانای ڕۆژنامەوانی، بۆ کەسان و پێگەی تر.
481