10
هەواڵ 19, كانونی دووه‌م 2019

ئێستا ڕووکارە نوێیەکەی مێسنجەر بەردەستە بۆ هەمووان

لە دوای ئەوەی مێسنجەر لە مانگی ٥ ـی ساڵی ڕابردوو لە کۆنگرەی F8 ـدا ڕایگەیاند کە وەشانی نوێی مێسنجەر بە ناوی Messenger 4 پڕ دەبێت لە چەندین چاکسازی و نوێکاری نایاب، لەوانە؛ گۆڕینی دیزاینی ئەپ، زیادکردنی باری تاریک، زیادکردنی ڕەنگی نوێ بۆ پاشبەندی گفتوگۆکان و چەندینی دیکە. هەرچەندە لە پێشوودا هەنگاو بە هەنگاو فەیسبووک دیزاینە نوێیەکەی ڕەوانەی بەکارهێنەرانی مێسنجەر کرد، بەڵام دواجار ئەمڕۆ ڕووکارە نوێیەکە و ڕەنگە نوێیەکانی پاشبەندی گفتوگۆکان ڕەوانەی سەرجەم بەکارهێنەرانی ئەپەکە کرا.

لە ڕووکارە نوێیەکەی ئەپەکەدا بەشەکانی Chats و People و Discover بە تەواوی دیزاینیان گۆڕدراوە، هەروەها چوارچێوەی بەشی ستۆری لە هەردوو بەشی Chats و People گۆڕانکارییان بەسەردا هاتووە و نوێکاری لە وێنۆچکەکانی نێو ئەپەکە و نێو گفتوگۆکان کراوە. لەگەڵ ئەوەشدا گۆڕانکاری لە فرمانەکانی سڕینەوە و کپ کردنی گفتوگۆ و تەلەفۆن و ڤیدیۆ کردنی سەر گفتوگۆکان کراوە و بە دەست بردن بە ڕاست و چەپی گفتوگۆکان وێنۆچکەی فرمانە ناوبراوەکان نیشان دەدات. هەروەها چەند ڕەنگێک لە جۆری تێکەڵاو (Gradient) بۆ پاشبەندی گفتوگۆکان زیاد بووە و وێنۆچکەی سەرەکی ئەپەکە گۆڕانکاری بەسەردا هاتووە. بە گشتی بەکارهێنانی بەشەکانی نێو ئەپەکە ئاسانتر بووە و خێرایی ئەپەکە لە وەشانە نوێیەکەدا زیادی کردووە.

نوێکارییەکی دیکەی ئەپەکە بەڕێوەیە کە بریتییە لە باری تاریک کە لە ئێستادا بۆ ژمارەیەک لە بەکارهێنەرانی ئەپەکە بەردەست کراوە و بەمنزیکانە و هاوشێوەی ڕووکارە نوێیەکە بۆ سەرجەم بەکارهێنەران بەردەست دەکرێت. زیادکردنی ڕووکار و تایبەتمەندییە نوێیەکان گشت بەکارهێنەرانی ئەپەکەی لەسەر سیستەمەکانی ئای ئۆ ئێس و ئەندرۆید گرتۆتەوە، هەروەها دەتوانیت لە کۆگای ئامێرەکەت وەشانی نوێی ئەپەکە دابگریت بۆ سوودمەند بوون لە ڕووکار و تایبەتمەندییە زیادکراوەکان ئەگەر تا ئێستا بەدەستت نەگەیشتووە.

داگرتن/نوێکردنەوە بۆ ئای ئۆ ئێس | داگرتن/نوێکردنەوە بۆ ئەندرۆید

سەرچاوە :
بۆچونی تۆ