ئەپڵ

پێشبینی دەکرێت ئەپی Siri Shortcuts و تایبەتمەندی Screen Time بۆ وەشانی داهاتووی macOS زیاد بکرێت

تا دێت نزیکتر دەبینەوە لە دەستپێکردنی کۆنگرەی جیهانی گەشەپێدەران WWDC، ئەو کۆنگرەیەی کە ئەپڵ نوێترین وەشان لە سیستەمەکانی iOS و macOS و tvOS و watchOS نمایش دەکات. چەند مانگێک لە پێش بەردەستکردنی وەشانە نوێیەکانی سیستەمە ناوبراوەکان، پێگە جیهانییەکان دەکەونە پێشبینی کردن دەربارەی تایبەتمەندییەکانیان.

ساڵی ڕابردوو لە وەشانی iOS 12 ـەدا ئەپڵ ئەپی Siri Shortcuts ـی تایبەت بە زیادکردنی کردار بۆ یاریدەدەری دەنگی Siri و تایبەتمەندی Screen Time ـی بۆ دانانی کاتی بەکارهێنانی ئەپەکان زیاد کرد. پێگەی 9to5Mac لە ڕاپۆرتێکدا ڕایدەگەیەنێت کە ئەپڵ لە پلانیدایە ئەپی Siri Shortcuts (یاخود هاوشێوەی ئەو بە ناوێکی جیاواز) لە وەشانی نوێی macOS 10.15 ـدا زیاد بکات. هەروەها پێگەکە دەڵێت لەگەڵ زیادکردنی Siri Shortcuts ـدا، ئەپڵ تایبەتمەندی Screen Time ـیش تایبەت بۆ دانانی کاتی بەکارهێنان بۆ ئەپەکان و زانینی کاتی بەفیڕۆ چوو لە بەکارهێنانی ئەپەکان زیاد دەکات بۆ وەشانە نوێیەکەی macOS.

ئەپڵ دەیەوێت هەستێکی هاوشێوەی ئایفۆن و ماک ببەخشێت بە بەکارهێنەرانی کۆمپیوتەرەکانی ماک لە کاتی بەکارهێناندا و هەست بە جیاوازی نەکەن. لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا پێشبینی دەکرا کە وەشانی نوێی macOS 10.15 خاوەنی ئەپە نوێیەکانی Music و Podcasts و Books دەبێت و کۆتایی بە ئەپی iTunes دێت.

وا بڕیارە کۆنگرەی جیهانی گەشەپێدەران WWDC لە ڕێکەوتی 3 ـی مانگی 6 ـدا لە هۆڵی McEnery ـی شاری سان خۆسێی ویلایەتی کالیفۆڕنیای ئەمریکا بەڕێوە بچێت، هەروەها 5 ڕۆژ دەخایەنێت و تاوەکو 7 ـی هەمان مانگ بەردەوام دەبێت.

سەرچاوە :
20 نیسان، 2019
ئاڤاتار
بەڕێوەبەری نووسین و نووسەر لە کەی ئای تی ئێن. خوێندکاری پەیمانگەی کۆمپیوتەرم، گەشەپێدەرم و شارەزایی تەواوم هەیە لە هەریەک لە سیستەمە کارپێکەرەکانی iOS و macOS و Windows. ڕۆژانە و بە بەردەوامی ئاگاداری دواین هەواڵ و گۆڕانکارییەکانی تایبەت بە تەکنەلۆژیام. دەتوانیت کرتە لە وێنۆچکەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بکەیت ئەگەر خوازیاریت پەیوەندیم پێوە بکەیت یاخود ئاگات لە دواین چالاکییەکانم ببێت.
836