ئای ئۆ ئێس

12 زیادکراوی جەیڵبرەیک کە ئەپڵ لە وەشانەکانی iOS 13 و iPadOS 13 ـەدا بەکاریانی هێناوە

لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا، ئەپڵ وەشانی نوێی iOS 13 و iPadOS 13 ـی لە کۆنگرەی WWDC 19 ـەدا نمایش کرد. وەشانە نوێیەکان خاوەن دەیان تایبەتمەندی نوێ و ناوازە بوون، بەڵام زۆرێک لە تایبەتمەندییە زیادکراوەکانی وەشانەکەکان، پێشووتر دەتوانرا بە دەست بخرێن لە ڕێگای تویکەکانی جەیڵبرەیکەوە.

لەم بابەتەدا، کەی ئای تی ئێن ئاماژە بە 12 تایبەتمەندی نوێی iOS 13 و iPadOS 13 دەدات کە پێشووتر لە ڕێگای تویکەکانی سیدیاوە دەتوانرا بەدەست بخرێن.

  • دۆخی تاریک (Dark Mode)

دۆخی تاریک تایبەتمەندییەکی نامۆ نییە لە لامان، هەرچەندە بۆ یەکەمین جار ئەپڵ دۆخی تاریکی لە وەشانەکانی iOS 13 و iPadOS 13 ـەدا بەردەستکرد. بەڵام دۆخەکە ساڵانێکی زۆر لەمەوبەر بە شێوەی تویک بە ناوەکانی Eclipse و Noctis لە کۆگای سیدیا بەردەست ببوو.

  • گۆڕینی دیزاینی نیشاندەری پلەی دەنگ (Volume HUD)

لە وەشانەکانی iOS 13 و iPadOS 13 ـەدا، ئەپڵ دیزاینی نیشاندەری پلەی دەنگی لە دیزاینێکی قەبارە داگیرکەر و گەورەوە بۆ دیزاینێکی مۆدێرن و بچوککراوە گۆڕی. ئەمەش لە دوای ڕەخنەی بە لێشاوی بەردەوامی بەکارهێنەرانی ئایفۆن و ئایپادەکان لەسەر دیزاینە کۆنەکەی نیشاندەری پلەی دەنگ. بەڵام دیزاینە نوێیەکەی نیشاندەری پلەی دەنگی وەشانی iOS 13 و iPadOS 13 زۆر نزیکە لە دیزاینی تویکەکانی StatusHUD و Sonus12، کە پێشووتر بۆ هەمان مەبەست بەکار دەهاتن.

  • لابردنی سنووردارکردنی قەبارەی داگرتنی ئەپەکانی ئەپ ستۆر لە ڕێگای ئینتەرنێتی سیمکارت

لە وەشانەکانی iOS 12 و کۆنتردا، دەتوانرا ئەپی قەبارە 150 مێگابایت و کەمتر دابگیردرایە لە کۆگای ئەپ ستۆر و لە ڕێگای ئینتەرنێتی سیمکارتەوە. دواین جار سنووردارکردنەکە زیاد کرا بۆ 200 مێگابایت. بەڵام لە وەشانی iOS 13 ـەدا، سنووردارکردنەکە بوونی نەماوە و لەمەودوا دەتوانرێت ئەپی قەبارە زۆر لە کۆگای ئەپ ستۆر و لە ڕێگای ئینتەرنێتی سیمکارتەوە دابگیرێن. بەڵام پێشووتر تویکێک بە ناوی Appstore Unrestrict لە کۆگای ئەپ ستۆردا بەردەست کرابوو کە سنووردارکردنەکەی لادەبرد.

  •  دۆخی زانیاری کەم (Low Data Mode)

لە وەشانەکانی iOS 13 و iPadOS 13 ـەدا، ئەپڵ دۆخی زانیاری کەم (Low Data Mode) ـی زیادکرد، تایبەتمەندییەکە یارمەتیدەرە بۆ بەفیڕۆدانی کەمترین بڕی ئینتەرنێت، بە سوودە بۆ ئەو کەسانەی کە هێڵی ئینتەرنێتەکانیان سنووردارە. پێشووتر تویکی Membrane لە کۆگای سیدیا بەردەستکرا کە بەکار دەهات بۆ هەمان مەبەست، لە ڕێگایەوە بڕێک مێگابایت/گێگابایتت دیاری دەکرد و لە کاتی گەیشتن بە بەکارهێنانی بڕە دیاریکراوەکەدا، ئاگاداری دەکردیتەوە.

  • ویدجێتەکانی پەڕەی ماڵەوە (Home Screen Widgets)

لە سیستەمی نوێی iPadOS 13 ـەدا کە داڕێژراوی وەشانی iOS 13 ـەیە و تایبەتە بە ئامێرەکانی ئایپاد، لەمەودوا ویدجێتەکان بەشێکن لە پەڕەی ماڵەوە و لە تەنیشت ئەپەکانەوە بوونیان دەبێت. تایبەتمەندییەکە نوێ نییە و ساڵانێکی زۆر لەمەوبەر دەتوانرا تایبەتمەندییەکە لە ڕێگای تویکی Dashboard X ـەوە بۆ ئایفۆن و ئایپاد و ئایپۆدەکان زیاد بکرێت.

  • باشترکردنی جوڵەکانی دەستکاریکردنی نووسین

لە وەشانەکانی iOS 13 و iPadOS 13 ـەدا، دەستکاریکردنی نووسینەکان ئاسانتر کراون و دەتوانرێت بە چەند جوڵەیەکی جیاواز و نوێوە نووسینەکان بە ئاسانترین شێوە دەستکاری بکرێن. ئەمەش نوێ نییە و پێشووتر لە ڕێگای تویکی SwipeSelection ـەوە دەتوانرا هەمان کردار ئەنجام بدرێت.

  • بە پەنجەرە کردنی مەڵتی تاسک

ئەپڵ شێوەی مەڵتی تاسکی لە وەشانی iPadOS 13 ـەدا نوێ کردۆتەوە و لە شێوازی چوار گۆشەیی ستوونی لەسەر یەک گۆڕیوە بۆ شێوازی پەنجەرەیی ئاسۆیی. بەمەش دەتوانرێت چەندین ئەپ لە یەک کاتدا بکرێنەوە و بەکاربهێندرێن. پێشووتر هەمان کردار لە ڕێگای تویکی Quasar و چەند تویکێکی دیکەوە دەتوانرا بە ئەنجام بگەیەندرایە.

  • گۆڕینی فۆنتی سیستەم

لەگەڵ وەشانەکانی iOS 13 و iPadOS 13 ـەدا، دەتوانرێت فۆنتی سیستەم بگۆڕدرێت بۆ چەند شێوازێکی دیکەی فۆنت. ڕەنگە زۆرینەمان حەز بە تایبەتمەندییەکە بکەین، بەڵام هەر لە سەرەتای سەرهەڵدانی جەیڵبرەیک و وەشانە کۆنەکانی ئای ئۆ ئێسدا، دەتوانرا فۆنتی سیستەم لە ڕێگای تویکەکانی A-Font و BytaFont ـەوە بە ئاسانترین شێوە بگۆڕدرێن.

  • بەڕێوەبەری داگرتنی Safari

لەمەودوا لە وەشانەکانی iOS 13 و iPadOS 13 ـەدا دەتوانرێت پەڕگە جیاوازەکان بە بێ یارمەتی ئەپە جیاوازەکان، ڕاستەوخۆ لە نێو وێبگەڕی Safari ـییەوە دابگیرێن. ئەم تایبەتمەندییەش نوێ نییە و پێشووتر دەتوانرا لە ڕێگای تویکی Safari Download Manager ـەوە کرداری ناوبراو بە ئەنجام بگەیەندرایە.

  • پشتگیریکردن لە کۆنتڕۆڵەکان بۆ یاریکردن

ئەوەی یاریکەرانی ئامێرەکانی ئایفۆن و ئایپاد و ئایپۆدەکان بە لایانەوە مەحاڵ بوو، یاریپێکردنی ئامێرەکانیان بوو لە ڕێگای کۆنتڕۆڵی سەکۆ جیاوازەکانی وەکو Xbox و PS4 ـەوە بوو. بەڵام لە وەشانەکانی iOS 13 و iPadOS 13 ـەدا، لەمەودوا دەتوانرێت کۆنتڕۆڵی سەکۆ جیاوازەکان پەیوەستی ئامێرەکانی ئایفۆن و ئایپاد و ئایپۆدەکان بکرێن بە بێ یارمەتی ئەپە لایەنە سێیەمینەکان و تویکەکانی جەیڵبرەیک. لە ماوەی ڕابردوودا تویکی nControl هەمان کرداری بۆ ئەنجام دەداین. ئەمەش دەری دەخات کە ئەم تایبەتمەندییەش نوێ نییە.

  • نیشاندانی دەقی گۆرانییەکان لە ئەپی Music

ئەپڵ ئەپی Music ـی لە وەشانەکانی iOS 13 و iPadOS 13 ـەدا باشتر کردووە و لەمەودوا دەقی گۆرانییەکان لە کاتی کارپێکردنیاندا نیشان دەدات. ئەم تایبەتمەندییەش نوێ نییە و پێشووتر لە ڕێگای تویکی ArtworkUpNext ـەوە دەتوانرا هەمان تایبەتمەندی زیاد بکرێت.

  • قەدبڕەکانی تەختەکلیل (Keyboard Shortcuts)

لەمەودوا وەشانەکانی iOS 13 و iPadOS 13 توانای پشتگیریکردنیان لە قەدبڕەکانی تەختەکلیلە دەرەکییەکان دەبێت، ئەمەش بە مەبەستی ئاسانکاری لە بە ئەنجام گەیاندنی کردارەکاندا. لە ڕابردوودا تویکی KeyCommands هەمان کرداری بۆ بە ئەنجام دەگەیاندنین. ئەمەش دەری دەخات کە ئەم تایبەتمەندییەش نوێ نییە.

وەشانەکانی iOS 13 و iPadOS 13 لە ئێستادا بە شێوەی تاقیکاری بەردەستن بۆ گەشەپێدەران و لە مانگی داهاتووشدا بە شێوەی تاقیکاری گشتی بەردەست دەکرێن، هەروەها لە پایزی ئەمساڵدا بۆ سەرجەم بەکارهێنەران بەردەست دەکرێن.

پرسیار؛ کام تایبەتمەندی نوێی وەشانەکانی iOS 13 و iPadOS 13 بەلاتەوە سەرسامکەرە؟

سەرچاوە :
10 حوزه‌یران، 2019
ئاڤاتار
خوێندکاری پەیمانگای کۆمپیوتەرم، شارەزایی تەواوم هەیە لە هەریەک لە سیستەمە کارپێکەرەکانی iOS و macOS و Windows. ڕۆژانە و بە بەردەوامی ئاگاداری دواین هەواڵ و گۆڕانکارییەکانی تایبەت بە تەکنەلۆژیام. ئێستا، لە کەی ئای تی ئێن سەرقاڵی نووسینی بابەتی پەیوەندیدار بە تەکنەلۆژیاوەم. دەتوانیت کرتە لە وێنۆچکەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بکەیت ئەگەر خوازیاریت پەیوەندیم پێوە بکەیت یاخود ئاگات لە دواین چالاکییەکانم ببێت.
586