سامسۆنگ

بە فەرمی کۆمپانیای سامسۆنگ کۆتا ڕێکەوتی بەردەستکردنی مۆبایلی چەماوەیی Galaxy Fold ـی ئاشکرا کرد

مۆبایلی چەماوەیی Galaxy Fold لە سەرەتاکانی ئەمساڵدا بۆ یەکەمجار نمایشکرا، وا بڕیاربوو لە مانگی 4 ـی ئەمساڵدا مۆبایلە چەماوەییەکە بەردەست بکرێت. چەند یەکەیەک لە مۆبایلەکە بۆ ڕۆژنامەنووسان و هەڵسەنگێنەران بەردەست کرا، بەڵام مۆبایلەکە کێشەی ڕوونمای هەبوو و کۆمپانیای سامسۆنگ بڕیاری دا ڕێکەوتی بەردەستکردنی دوا بخات تاوەکو بە یەکجاری سەرجەم کێشەکانی چارەسەر دەکات. دواجار، بە فەرمی کۆمپانیا کۆرییەکە کۆتا ڕێکەوتی بەردەستکردنی مۆبایلی چەماوەیی Galaxy Fold ـی ئاشکرا کرد.

کۆمپانیای سامسۆنگ ڕایگەیاند کە لە ڕێکەوتی 6 ـی ئەم مانگەوە دەست دەکات بە بەردەستکردنی مۆبایلی چەماوەیی Galaxy Fold لە بازاڕەکانی وڵاتی کۆریای باشووردا. هەروەها مۆبایلە چەماوەییەکە لە ڕێکەوتی 18 ـی ئەم مانگەدا لە بازاڕی هەریەکە لە وڵاتەکانی فەڕەنسا، ئەڵمانیا، سەنگافور و بەریتانیای مەزندا بەردەست دەکرێت بۆ فرۆشتن.

بەڵام تاوەکو ئێستا کۆمپانیا کۆرییەکە ڕێکەوتی بەردەستکردنی مۆبایلە چەماوەییەکەی لە بازاڕەکانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکادا ڕانەگەیاندووە، بەڵام پێشبینی دەکرێت لە ڕێکەوتی 27 ـی ئەم مانگەدا مۆبایلە چەماوەییەکە لە بازاڕەکانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکادا بەردەست بکرێت بۆ فرۆشتن.

هەروەها سامسۆنگ خزمەتگوزاری Galaxy Fold Premier Service ـی تایبەت بە خاوەنەکانی مۆبایلە چەماوەییەکە ڕاگەیاند، تاوەکو بتوانن بە زووترین کات پەیوەندی بە کۆمپانیای سامسۆنگ بکەن لە ئەگەری هەبوونی هەر کێشەیەکدا و وەرگرتنی پشتگیری تەواو لە هەر کاتێکدا.

وا خەریکە کاتی بینینی مۆبایلە چەماوەییەکەی سامسۆنگ بە کۆتا دێت، لە داهاتوودا سامسۆنگ ڕێکەوتی بەردەستکردنی مۆبایلی Galaxy Fold لە وڵاتان و ناوچەکانی دیکەی جیهاندا ئاشکرا دەکات.

ئەوەی جێگەی ئاماژەپێکردنە، نرخی مۆبایلە چەماوەییەکە هەمان نرخ دەبێت کە لە سەرەتاکانی ئەمساڵدا ڕاگەیەندرا، ئەویش 1.980$ بوو.

سەرچاوە :
5 ئه‌یلول، 2019
ئاڤاتار
بەڕێوەبەری نووسین و نووسەرم لە کەی ئای تی ئێن. خوێندکاری پەیمانگەی کۆمپیوتەرم، گەشەپێدەرم و شارەزایی تەواوم هەیە لە هەریەک لە سیستەمە کارپێکەرەکانی iOS و macOS و Windows. ڕۆژانە و بە بەردەوامی ئاگاداری دواین هەواڵ و گۆڕانکارییەکانی تایبەت بە تەکنەلۆژیام. دەتوانیت کرتە لە وێنۆچکەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بکەیت ئەگەر خوازیاریت پەیوەندیم پێوە بکەیت یاخود ئاگات لە دواین چالاکییەکانم ببێت.
927