ئەپڵ 14, ئه‌یلول 2019

هیچ کام لە ئایفۆنە نوێیەکانی ئەمساڵ پشتگیری لە 5G ناکەن، بەڵام بۆچی؟

ئەگەر ئاگاداری جیهانی تەکنەلۆژیا بووبیت لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا، بێگومان دەبێت بزانیت کە کۆمپانیای ئەپڵ مۆبایلەکانی iPhone 11 و iPhone 11 Pro و iPhone 11 Pro Max ـی ڕاگەیاند. ئەوەی مایەی سەرسوڕمانە سەبارەت بە ئایفۆنە نوێیەکان، ئەوەیە کە هیچ کامیان پشتگیری لە نەوەی پێنجەمی پەیوەندی 5G ناکەن. لە کاتێکدا کە دواین بەرهەمەکانی کۆمپانیاکانی Samsung و LG و OnePlus و چەندانی دیکە پشتگیری لە تەکنەلۆژیاکە دەکەن.

بەڵام ئەپڵ دەیەوێت تاوەکو ساڵێکی دیکە هەواداری ئایفۆن لە چاوەڕوانیدا بهێڵیتەوە تاوەکو تەکنەلۆژیاکە بۆ ئایفۆنە نوێیەکانی زیاد بکات. لە هەمان کاتدا کۆمپانیاکە دەیەوێت بە تەواوی تەکنەلۆژیاکە پەرەبستێنێت ئینجا زیادی بکات بۆ ئایفۆنە نوێیەکان، ئەمەش ڕەنگە ساڵی داهاتوو ڕووبدات. ئەمانەی خوارەوە چەند هۆکارێکن کە وای لە ئایفۆنە نوێیەکانی ئەمساڵ کردووە خاوەن نەوەی پێنجەمی پەیوەندی 5G نەبن.

  • نەوەی پێنجەمی پەیوەندی 5G بەربڵاو نییە

لە سەرەتاکانی ئەمساڵدا کۆمپانیا ئەمریکییەکانی Verizon و AT&T و T-Mobile تایبەت بە پەیوەندی دەستیان کرد بە بڵاوکردنەوەی نەوەی پێنجەمی پەیوەندی 5G لە ژمارەیەک لە ویلایەتەکانی ئەمریکادا، بەڵام پڕۆسەکە خاوە و تەنانەت هەندێک لە کۆمپانیاکان تاوەکو ئێستا تەکنەلۆژیاکەیان بۆ بەکارهێنەران بەردەست نەکردووە.

  • ئەپڵ هەرگیز یەکەم کۆمپانیا نەبووە لە زیادکردنی نەوە نوێیەکانی پەیوەندی بۆ ئایفۆنە نوێیەکان

یەکەمین نەوەی ئایفۆن بە پشتگیریکردن لە نەوەی دووەمی پەیوەندی 2G/Edge ـەوە بەردەستکرا، لە کاتێکدا کە لەو کاتەدا زۆرێک لە مۆبایلی کۆمپانیاکانی دیکە خاوەن نەوەی سێیەمی پەیوەندی 3G بوون. سەبارەت بە نەوەی چوارەمی پەیوەندی 4G/LTE ـیش، کۆمپانیاکە هیچ پەلەیەکی نەبوو و تاوەکو پێش بەردەستکردنی iPhone 5 چاوەڕێی کرد بۆ جێگیرکردنی نەوە نوێیەکەی پەیوەندی لە ئایفۆنەکاندا. هەر بە پێی ئەمە بێت، هیچ گومانێک نییە لەوەی کە کۆمپانیاکە پەلەی نییە لە جێگیرکردنی نەوەی پێنجەمی پەیوەندی 5G لە ئایفۆنە نوێیەکاندا.

  • تەکنەلۆژیاکە بە شێوەیەکی تەواو بەردەست نییە

لە ئێستادا، زۆرێک لەو مۆبایلانەی کە پشتگیری لە نەوەی پێنجەمی پەیوەندی 5G دەکەن، پشتگیری سەرجەم کۆمەڵەکانی تەکنەلۆژیاکە ناکەن و هێندە بەهێز نین، هەروەها ئەوە نییە کە کۆمپانیاکان دەیانەوێت. کۆمپانیای Qualcomm ـیش هێشتا لەسەر بەرهەمهێنانی نەوەی یەکەمی چیپی 5G ماوەتەوە و تەکنەلۆژیاکە پێویستی بە پەرەپێدانی زیاترە.

  • لە ئێستادا کڕیاران حەزی لێ ناکەن

لە ماوەی ڕابردوودا کۆمپانیای سامسۆنگ جۆرێکی تایبەتی لە مۆبایلەکانی گالەکسی S10 و Note 10 ـی بە پشتگیری لە نەوەی پێنجەمی پەیوەندی 5G ـەوە بەردەستکرد، بەڵام مۆبایلەکان نەگەیشتنە ئاستی فرۆشی پێشبینیکراو و خواستێکی وەهای لەسەر نەبوو. بەشێکی ئەم نەبوونی خواستەش دەگەڕێتەوە بۆ سەر نرخە بەرزەکەی و ناپێویستی نەوە نوێیەکەی پەیوەندی لە ئێستادا. ئەپڵ هەرگیز نایەوێت ئایفۆنەکانی ئاستێکی کەمی فرۆش تۆمار بکەن.

  • نەوەی چوارەمی پەیوەندی 4G/LTE ـی مۆبایلی iPhone 11 Pro خێراترە لە ئایفۆنەکانی ڕابردوو

ئەپڵ دەڵێت تەکنەلۆژیای LTE لە نێو ئایفۆنە نوێیەکاندا بە ڕێژەی 20% خێراترە لە چاو ئایفۆنەکانی ساڵی ڕابردوودا. ئەمەش وا دەکات خێرایی نەوەی چوارەمی پەیوەندی 4G/LTE نزیک بکاتەوە لەو خێراییەی کە نەوەی پێنجەمی پەیوەندی 5G لە ئێستادا هەیەتی، سوپاس بۆ پڕۆسێسەری A13 Bionic.

لە کۆتایدا، پڕوپاگەندەکان ماوەیەکی زۆرە دەڵێن کە سەرجەم ئایفۆنەکانی ساڵی داهاتوو پشتگیری لە نەوەی پێنجەمی پەیوەندی 5G دەکەن. بەو هۆیەی کە مۆدیەمی تایبەت بە نەوە نوێیەکەی پەیوەندی بە تەواوی ئامادە دەبێت بۆ ئایفۆنەکان.

بۆچونی تۆ