10
ئاسایشی ئەلیکترۆنی 25, ئه‌یلول 2019 بۆچوون

کەلێنێک لە وەشانی iOS 13.1 ڕێگە بە تەختەکلیلە لایەنە سێیەمینەکان دەدات نووسراوەکان بنێرێت بۆ درووستکەرانیان

دوێنێ شەو کۆمپانیای ئەپڵ وەشانەکانی iOS 13.1 و iPadOS 13 ـی ڕەوانەی سەرجەم بەکارهێنەرانی ئایفۆن و ئایپۆد و ئایپۆدەکان کرد. بەڵام لە وەشانە نوێیەکاندا کەلێنێکی مەترسیدار بوونی هەیە و ئەپڵیش لێی ئاگادارە.

کۆمپانیای ئەپڵ لە پەڕەی پاڵپشتی ماڵپەڕی فەرمی خۆی ڕایگەیاندووە لە وەشانەکانی iOS 13.1 و iPadOS 13 ـدا کەلێنێک بوونی هەیە کە ڕێگە بە تەختەکلیلە لایەنە سێیەمینەکان (دەرەکییەکان/ناسەرەکییەکان) دەدات نووسراوەکان بنێرێت بۆ درووستکەرانیان، تەنانەت ئەگەر مۆڵەتی تێپەڕبوونی تەواوەتی “full access” ـیشت لەسەر تەختەکلیلەکە کوژاندبێتەوە. کەلێنەکە مۆڵەتی تێپەڕبوونی تەواوەتی بۆ تەختەکلیلەکان کارا دەکات و ڕێگە بە گەشەپێدەرانیان دەدات بە ئاسانی ئەو نووسینانەیان دەست بکەوێت کە لە ڕێگەی تەختەکلیلەکەوە نووسیوتن.

ئەپڵ لە وەشانی داهاتووی iOS، کە دەکاتە وەشانی iOS 13.2، کەلێنەکە بە تەواوەتی چارەسەر دەکات و چیدیکە ناهێڵێت نووسراوەکانت لە ڕێگەی تەختەکلیلە لایەنە سێیەمینەکانەوە دزە بکەن.

بەناوبانگترین تەختەکلیلە لایەنە سێیەمینەکان بریتین لە تەختەکلیلەکانی Gboard ـی گووگڵ، SwiftKey ـی مایکرۆسۆفت و Grammarly. ئەگەر هەر کام لەوانە بەکاردەهێنیت، بێگومان بژاردەی مۆڵەتی تێپەڕبوونی تەواوەتی “full access” ـت بۆ کارا کردوون. بەڵام هیچ گومانێک نییە لەسەر خاوەنی ئەو تەختەکلیلە بەناوبانگانە، هەر بۆیە پێویست بە خەم خواردن ناکات. بەڵام لە ئێستادا وا باشترە سەرجەم تەختەکلیلە دەرەکییەکان بسڕیتەوە و تەختەکلیلی نێو سیستەم بەکاربهێنیت تاوەکو بەردەستکردنی وەشانێکی نوێی iOS، بە مەبەستی پارێزراوبوونی نووسراوەکانت.

سەرچاوە :
بۆچونی تۆ