ئەپڵ 1, تشرینی یه‌كه‌م 2019

ئەپڵ شوێنی درووستکردنی Mac Pro لە چینەوە دەگوازێتەوە بۆ ویلایەتی تێکساسی ئەمریکا

بە بڕیارێکی لە ناکاو، بە فەرمی کۆمپانیای ئەپڵ ڕایگەیاند کە شوێنی درووستکردنی Mac Pro لە چینەوە دەگوازنەوە بۆ ویلایەتی تێکساسی ئەمریکا. بەمەش بڕی سەدان ملیار دۆلار دەخاتە نێو ئابووری ئەمریکاوە.

لە ڕاگەیاندراوێکدا، کۆمپانیای ئەپڵ ڕایگەیاند کە شوێنی درووستکردن و پێکەوە لکاندنی Mac Pro ـی دیزاینکراوەیان لە وڵاتی چینەوە دەگوازنەوە بۆ شاری ئۆستنی ویلایەتی تێکساسی ئەمریکا. ئەمەش لە دوای ئەوەوە دێت کە لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا فەرمانگەی بازرگانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا ڕازی بوو بەوەی کە پارچەکانی Mac Pro لە چینەوە هاوردەی ئەمریکا بکرێن بەبێ ئەوە بەشێک ببن لە باجە زۆرەکانی ئەم دواییەی ئەمریکا.

سەبارەت بە گواستنەوەی شوێنی درووستکردنی کۆمپیوتەری Mac Pro بۆ ئەمریکا، تیم کوک بەڕێوەبەری گشتی کۆمپانیای ئەپڵ وتی:

کۆمپیوتەری Mac Pro بە تواناترین کۆمپیوتەری ئەپڵە کە تاوەکو ئێستا درووست کرابێت و سەربەرزین بەوەی کە ئەو کۆمپیوتەرە لە شاری ئۆستنی ویلایەتی تێکساسی ئەمریکا درووست دەکرێت. سوپاسی حکومەت دەکەین بۆ پشتگیرییان و پێدانی ئەو دەرفەتە.

لە مانگی 6 ـی ئەمساڵدا، پێگەی The Wall Street Journal ڕایگەیاند کە ئەپڵ بە تەواوەتی شوێنی بەرهەمهێنانی Mac Pro ـی لە ئەمریکاوە گواستۆتەوە بۆ چین و پڕۆسەی درووستکردنەکە لەو وڵاتە ئەنجام دەدرێت، بەڵام ئەمڕۆ بە تەواوەتی ئەوە ئاشکرابوو کە شوێنی درووستکردنی کۆمپیوتەرەکە لە هەمان شوێن دەمێنێتەوە کە Mac Pro ـی لە ساڵی 2013 ـەدا لێ درووست کرا.

کۆمپیوتەری Mac Pro لە ساڵی 2013 تاکە بەرهەمی کۆمپانیا ئەمریکییە بوو کە لە وڵاتی دایکی، ئەمریکا درووستی کردبێت.

بەردەوامبوون لەسەر درووستکردنی Mac Pro لە ئەمریکا، دەبێتە هۆی ڕەخساندنی 450,000 هەلی کار لە ناوخۆی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و زیادکردنی داهاتی کۆمپانیا بەرهەمهێنەرەکانی ئەمریکا.

لە میانەی بەڕێوەچوونی کۆنگرەی WWDC 18 ـی ئەمساڵدا، کۆمپانیای ئەپڵ کۆمپیوتەری بە توانای Mac Pro ـی بە نرخی دەستپێکی 5,999$ ـەوە ڕاگەیاند و وا بڕیارە لە کۆتاییەکانی ئەمساڵدا دەست بە فرۆشتنی بکرێت.

سەرچاوە :
بۆچونی تۆ