ئەندرۆید
4, ئەیلوول 2025
چەند تایبەتمەندییەکانی نوێ بۆ مۆبایلەکانی ئەندرۆید بەردەست دەبن

گووگڵ مانگی ڕابردوو تایبەتمەندییەکی گرنگی بۆ زنجیرەی گووگڵ پێکسڵ 10 ڕاگەیاند کە بریتی بوو لە چەند ئامرازێکی نووسین کە بە زیرەکی دەستکرد بەهێز کراون. ئێستا گووگڵ ئەم تایبەتمەندییە بۆ هەموو ئەو مۆبایلانەش بەردەست دەکات کە پشتگیری لە مۆدێلی زیرەکی دەستکردی Gemini Nano v2 یاخوود بەرزتر دەکەن. بەو واتایەی ئەو مۆبایلانەی کە چیپسێتی Qualcomm Snapdragon 8 Elite, MediaTek Dimensity 9400, Exynos 2500 لەسەر جێگیر کراوە ئەم تایبەتمەندییەیان بۆ بەردەست دەبێت.
ئەم تایبەتمەندییە هەر لە تەختەکلیلی Gboard بەردەست دەبێت و دڵنیا دەبێتەوە لە هەڵەی ڕێنووسی. هەروەها دەتوانێت شێوازی نوسینەکان بگۆڕێت بۆ نموونە دەتوانێت بیکات بە شێوازێکی فەرمی، یان کورتی بکاتەوە یاخوود ئیمۆجی بۆ زیاد بکات و هاوڕێیانە بینووسێت.
هەروەها هەندێک تایبەتمەندی دیکە بەردەست دەبن لەوانە درووستکردنی ئیمۆجی نوێ لە دوو ئیمۆجییەوە.
ئێستا دەتوانیت دوو هێدفۆن پێکەوە پەیوەست بکەیت بە مۆبایلەکەت و لە یەک کاتدا خۆت و هاوڕێکەت گوێ لە گۆرانی بگرن یان تەماشای فیلم بکەن.
تایبەتمەندی Quick Share دیزاین کراوەتەوە و ئێستا بە ڕێژەی سەدی پێت دەڵێت چەندێکی فایلەکانت گواستراوەتەوە.
میران ئەبوبەکر
بەڕێوبەری نووسین لە پێگە و ماڵپەڕی کەی ئای تی ئێن، خوێندکاری کۆلێژی پزیشکی دەرمانسازی.