سامسۆنگ 24, كانونی دووه‌م 2020

سامسۆنگ کار لەسەر تایبەتمەندییەکی نوێی گوێزەرەوەی زانیارییەکانی وەکو AirDrop ـی ئامێرەکانی ئەپڵ دەکات

ڕاپۆرتێکی پێگەی XDA Developers ئاشکرای کردووە کە کۆمپانیای سامسۆنگ کار لەسەر تایبەتمەندییەکی نوێی گوێزەرەوەی زانیارییەکانی هاوشێوەی AirDrop ـی ئامێرەکانی ئەپڵ دەکات.

تایبەتمەندییە نوێیەکە ناوی Quick Share ـە و توانای دەبێت زانیارییە جۆراوجۆرەکان لە نێوان ئامێرەکانی سامسۆنگدا بگوازێتەوە، هەر وەکو AirDrop ـی ئامێرەکانی ئەپڵ. پێگەکە توانیویانە تایبەتمەندییە نوێیەکە لە شێوەی ئەپدا بەدەست بهێنن و ژمارەیەک وێنەیان بڵاو کردۆتەوە. لە تایبەتمەندییەکەدا، دەتوانیت ئەو کەسانەش سنووردار بکرێن کە ناتەوێت زانیارییە جۆراوجۆرەکانت بۆ بنێرن.

بۆ گواستنەوەی زانیارییەکان، تایبەتمەندی Quick Share زانیارییەکان بار دەکاتە نێو خزمەتگوزاری هەوری Samsung Cloud بەر لەوەی لە ئامێرەکەتدا دابگیرێن، هەر بۆیە پێدەچێت قەبارەی زانیارییە گوازراوەکان بۆ پەڕگەیەک 1 گێگابایت ببێت و لە ڕۆژێکیشدا 2 گێگابایت ببێت.

تەنانەت پێگەی XDA Developers چۆنیەتی بەکارهێنانی تایبەتمەندییەکەی کردووە بە ڤیدیۆیەک:

لە دواین وەشانەکانی Android ـدا، تایبەتمەندییەک بە ناوی Nearby Sharing لە پانێڵی ڕێکخستنی خێرادا بەدی کرابوو کە دەگوترا توانای دەبێت زانیارییەکان بۆ مۆبایلە نزیکەکانی چواردەور بنێرێت، یەکەمجار تایبەتمەندییە ناوی Fast Share بوو و لە مانگی 6 ـی ساڵی ڕابردوودا ڕاگەیاندرا، بەڵام وا دەردەکەوێت تاوەکو ئێستا لە ژێر گەشەپێداندا بێت.

لە ساڵی 2011 ـەوە، ئامێرە کارکردووەکانی iOS و macOS ـی ئەپڵ خاوەن تایبەتمەندی AirDrop ـن تایبەت بە گواستنەوەی زانیارییە جۆراوجۆرەکان. وا دیارە سامسۆنگ دەیەوێت کۆتایی بە نەبوونی تایبەتمەندییەکی لەو جۆرە لە ئامێرەکانیدا بهێنێت.

کۆمپانیای سامسۆنگ تاکە کۆمپانیا نییە کە کار لەسەر تایبەتمەندییەکی هاوشێوەی AirDrop ـی ئەپڵ دەکات، بەڵکو هەر سێ کۆمپانیای چینی، شاومی و ئۆپۆ و ڤیڤۆ، لە ڕابردوودا ڕایانگەیاندبوو کە کار لەسەر تایبەتمەندییەکی گوێزەرەوەی زانیارییەکان دەکەن تاوەکو توانای هەبێت زانیارییەکان لەسەر ئامێرەکانی هەر سێ کۆمپانیاکە بگوازێتەوە.

ئەم تایبەتمەندییە نوێیەی سامسۆنگ توانای دەبێت لە سەرجەم ئامێر و مۆبایلەکانی کۆمپانیاکاندا کار بکات و پێدەچێت لە ڕووکاری داهاتووی OneUI ـدا جێگیر بکرێت.

چاوەڕوان دەکرێت لەگەڵ ڕاگەیاندنی مۆبایلەکانی Galaxy S20 لە 11 ـی مانگی داهاتوودا، سامسۆنگ وردەکارییەکان دەربارەی تایبەتمەندی نوێی Quick Share ئاشکرا بکات.

سەرچاوە The Verge
بۆچونی تۆ