سامسۆنگ

پێشبینی دەکرێت بەرزترین نرخی گالەکسی S10 بگاتە سەروو 1.800 دۆلار

وا بڕیارە ڕێکەوتی 20 ـی مانگی داهاتوو سامسۆنگ لە کۆنگرەی Unpacked ـدا دەیەمین نەوەی زنجیرەی S ـی گالەکسی نمایش بکات، بەڵام پڕوپاگەندەکان بەردەوامییان هەیە لەسەر گالەکسییە نوێیەکە. پێگەی TuttoAndroid ئاماژەی بە نرخەکانی گالەکسی S10 داوە.

وەکو لە پێشوودا ئاماژەمان پێدا کە وێنەیەکی دزەپێکراو پشتڕاستی کردەوە گالەکسی S10 لە 3 جۆر پێکدێن، ئەوانیش S10E و S10 و S10 Plus دەبن، بەڵام لە زانیارییەکانی پێگەکەدا لە جیاتی جۆری S10E ئاماژەی بە S10 Lite داوە. بە پێی پێگەکە بێت گالەکسی S10 خاوەن بژاردەی بیرگەی 1 تێرابایت دەبێت. ئەمانە نرخەکانی 3 جۆرەکەی گالەکسی S10 ـەن بە پێی جیاوازی فراوانی ڕام و بیرگەی ناوەکییان:

  • S10 Lite ڕامی 6 گێگابایت و بیرگەی 128 گێگابایت: 779 یۆرۆ (908 دۆلار).
  • S10 ڕامی 6 گێگابایت و بیرگەی 128 گێگابایت: 929 یۆرۆ (1.056 دۆلار).
  • S10 ڕامی 8 گێگابایت و بیرگەی 512 گێگابایت: 1179 یۆرۆ (1.340 دۆلار).
  • S10 Plus ڕامی 6 گێگابایت و بیرگەی 128 گێگابایت: 1049 یۆرۆ (1.193 دۆلار).
  • S10 Plus ڕامی 8 گێگابایت و بیرگەی 512 گێگابایت: 1299 یۆرۆ (1.477 دۆلار).
  • S10 Plus ڕامی 8 گێگابایت و بیرگەی 1 تێرابایت: 1599 یۆرۆ (1.818 دۆلار).

نرخەکان زۆر بەرزن و وا چاوەڕوان ناکرێت ببنە جێی ڕەزامەندی هەوادارانی، بەڵام هێشتا پێویستە تاوەکو 20 ـی مانگی داهاتوو چاوەڕوان بین بۆ دەستپێکردنی کۆنگرەکەی سامسۆنگ و نمایشکردنی گالەکسی S10 و ڕاگەیاندنی نرخ و وردەکارییەکان لە لایەن سامسۆنگەوە.

سەرچاوە :
22 كانونی دووه‌م، 2019
ئاڤاتار
بەڕێوەبەری نووسین و نووسەر لە کەی ئای تی ئێن. خوێندکاری پەیمانگەی کۆمپیوتەرم، گەشەپێدەرم و شارەزایی تەواوم هەیە لە هەریەک لە سیستەمە کارپێکەرەکانی iOS و macOS و Windows. ڕۆژانە و بە بەردەوامی ئاگاداری دواین هەواڵ و گۆڕانکارییەکانی تایبەت بە تەکنەلۆژیام. دەتوانیت کرتە لە وێنۆچکەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بکەیت ئەگەر خوازیاریت پەیوەندیم پێوە بکەیت یاخود ئاگات لە دواین چالاکییەکانم ببێت.
836