سامسۆنگ
14, شوبات 2019
تەواوی زانیارییەکانی گالەکسی S10 دزەیان پێکرا

لە ماوەی ڕابردوودا گوێبیستی چەندان پڕوپاگەندە و زانیاری دزەپێکراو بووین دەربارەی مۆبایلی گالەکسی S10. چەند ڕۆژێک بەر لە نمایشکردنی مۆبایلەکە، کۆتا زانیاری و وردەکارییەکانی گالەکسییەکە دزەیان پێکرا. ئەمەش لە پێش چەند ڕۆژێکی زۆر کەم لە نمایشکردن و ناساندنی مۆبایلەکە لە لایەن سامسۆنگەوە.
لە 2 پەڕەی دزەپێکراودا کە دەست پێگەی GSMArena کەوتووە، گشت وردەکارییەکانی جۆرەکانی نەوەی دەیەمی زنجیرەی گالەکسی S ئاشکرا کراون و پشتڕاستی دەکاتەوە کە گالەکسییەکە لە 3 جۆری جیاواز پێکدێن.
هەر وەک لە پەڕە دزەپێکراوەکاندا دیارن، گالەکسیەکان بە ناوی Beyond دیاری کراون و Beyond 0 جۆری گالەکسی S10e ـە و Beyond 1 جۆری گالەکسی S10 ـە و Beyond 2 ـیش جۆری گالەکسی S10 Plus ـە.
با سەرەتا لە جۆری گالەکسی S10e دەست پێ بکەین؛ خاوەن ڕوونمایەکی AMOLED ـە بە قەبارەی 5.8 ئینج لە جۆری Infinity O ، خاوەن 2 کامێرایە لە پشتەوە بە ڕوونی 12 و 16 مێگاپێکسڵ و کامێرایەک لە پێشەوە بە ڕوونی 10 مێگاپێکسڵ. هەروەها خاوەن بژاردەی ڕامی 6 و 8 گێگابایتیە لەگەڵ بیرگەی بژاردەی 128 و 256 گێگابایت، لەگەڵ ئەوەشدا خاوەن هەستەوەری پەنجەمۆرە لە لاوە و ناسێنەرەوەی دەموچاو و پاترییەکە بە توانستی 3100 ملی ئەمپێر بە پشتگیری کردن لە بارگاویکردنەوەی خێرا و خاوەن دەرچەی USB-C.
جۆری گالەکسی S10 خاوەن ڕوونمایەکی AMOLED ـە بە قەبارەی 6.1 ئینج لە جۆری Infinity O، خاوەن 3 کامێرایە لە پشتەوە بە ڕوونی 12 و 12 و 16 مێگاپێکسڵ و کامێرایەک لە پێشەوە بە ڕوونی 10 مێگاپێکسڵ. هەروەها خاوەن بژاردەی ڕامی 6 و 8 گێگابایتیە لەگەڵ بیرگەی بژاردەی 128 و 512 گێگابایت، لەگەڵ ئەوەشدا خاوەن هەستەوەری پەنجەمۆری سەر ڕوونما و ناسێنەرەوەی دەموچاو و پاترییەکە بە توانستی 3400 ملی ئەمپێر بە پشتگیری کردن لە بارگاویکردنەوەی خێرا و خاوەن دەرچەی USB-C.
جۆری گالەکسی S10 Plus خاوەن ڕوونمایەکی AMOLED ـە بە قەبارەی 6.3 ئینج لە جۆری Infinity O، خاوەن 3 کامێرایە لە پشتەوە بە ڕوونی 12 و 12 و 16 مێگاپێکسڵ و 2 کامێرا لە پێشەوە بە ڕوونی 10 و 8 مێگاپێکسڵ. هەروەها خاوەن بژاردەی ڕامی 6 و 8 و 12 گێگابایتیە لەگەڵ بیرگەی بژاردەی 128 و 512 گێگابایت و 1 تێرابایت، لەگەڵ ئەوەشدا خاوەن هەستەوەری پەنجەمۆری سەر ڕوونما و ناسێنەرەوەی دەموچاو و پاترییەکە بە توانستی 4100 ملی ئەمپێر بە پشتگیری کردن لە بارگاویکردنەوەی خێرا و خاوەن دەرچەی USB-C.
بە داخەوە پەڕە دزەپێکراوەکان وردەکارییەکان و جۆری پڕۆسێسەر و نرخی گالەکسییەکانی تێدا نەبوو، بەڵام لە پێشوودا پێشبینی بۆ نرخەکانی کرابوون.
وا بڕیارە ڕێکەوتی 20 ـی ئەم مانگە سامسۆنگ کۆنگرەی Unpacked ئەنجام بدات بە مەبەستی ڕاگەیاندنی گالەکسییە نوێیەکان.
ماکوان بەرزان
نووسەر و بەڕێوەبەری نووسین لە کەی ئای تی ئێن. گەشەپێدەری iOS، هەواداری و خوێندکاری پەیمانگەی زانستی کۆمپیوتەر.