ئەپڵ 24, ئازار 2019

سبەینێ ئەپڵ کۆنگرەیەکی تایبەت ئەنجام دەدات، ئەو بەرهەمانەی پێشبینی دەکرێن لە کۆنگرەکەدا نمایش بکرێن

لە چەند ڕابردوودا ئەپڵ ڕێکەوتی ئەنجامدانی کۆنگرەیەکی تایبەتی لە ژێر ناوی It’s show time ـدا ڕاگەیاند. بە بەستنی کۆنگرەکە، دەبێتە یەکەمین کۆنگرەی کۆمپانیاکە لە ئەمساڵدا.

ڕێکەوتی 25 ـی ئەم مانگە ئەپڵ یەکەمین کۆنگرەی ئەمساڵی خۆی لە ژێر ناوی It’s show time ئەنجام دەدات، کۆنگرەکە لە سەکۆی Steve Jobs لە کەمپەسی ئەپڵ پارک لە شاری کیوپەرتینۆی ویلایەتی کالیفۆڕنیای ئەمریکا بەڕێوەدەچێت لە کاتژمێر 8:00 ـی شەو بە کاتی هەولێری پایتەخت.Image result for apple march event gif

ئەو بەرهەمانەی کە چاوەڕێ دەکرێن نمایش بکرێن ئەمانەن:

  • ڕاگەیاندنی بەژداربوونی مانگانە لە خزمەتگوزاری Apple News

ئەپڵ کار لەسەر بە پارە کردنی خزمەتگوزاری Apple News ـی تایبەت بە خوێندنەوەی هەواڵ دەکات. بەمەش دەبێت لەمەودوا بەکارهێنەرانی خزمەتگوزارییەکە مانگانە بڕە پارەیەکی دیاریکراو بدەن بۆ بەدەستهێنانی مافی بەکارهێنانی خزمەتگوزارییەکە. وا پێشبینی دەکرێت بڕە پارەکە لە دەوروبەری 9.99$ ـدا بێت.

چەندین پێگە دڵنیان لەسەر ئەوەی کە ئەپڵ لە کۆنگرەکەیدا خزمەتگوزاری ڤیدۆیی تایبەت بە خۆی ڕادەگەیەنێت. خزمەتگوزارییە ڤیدیۆییەکە هاوشێوەی Netflix دەبێت و دەبێتە کۆگایەک بۆ فیلم و زنجیرە و پڕۆگرامە تەلەفزیۆنییە جیهانییەکان. پێشبینی دەکرێت خزمەتگوزارییەکە لە نێو ئەپی TV ـی ئای ئۆ ئێسدا یەکبخرێت و بەژداربوون بە شێوەی پارە بێت.

  • بەردەستکردنی وەشانی iOS 12.2

وەشانی iOS 12.2 لە ئێستادا لە حاڵەتی تاقیکاریدایە، هەر بۆیە کۆنگرەکە دەبێتە شوێنێکی باش بۆ ناساندنی تایبەتمەندییە نوێیەکانی وەشانەکە. ئەو نوێکارییانەی لە دواین وەشانە تاقیکارییەکانی iOS 12.2 ـدا بەدی کراون؛ گۆڕینی وێنۆچکەی ئەپی Apple News، گۆڕینی دیزاینی نێو ئەپی Wallet، زیادکردنی 4 دانە Animoji ـی نوێ، بەردەستکردنی خزمەتگوزاری Apple News بۆ وڵاتی کەنەدا، گونجاندنی لەگەڵ نەوەی دووەمی بیستۆکی بێوایەری AirPods و لە خۆگرتنی بەژداربوونی مانگانەی خزمەتگوزاری Apple News. پێشبینی دەکرێت وەشانەکە دوا بە دوای تەواوبوونی کۆنگرەکە بۆ گشت بەکارهێنەران بەردەست بکرێت.

  • کارتی ئەلکترۆنی

چەند پێگەیەک پێشبینی دەکەن کە ئەپڵ کارتێکی ئەلکترۆنی تایبەت بە خۆی ڕابگەیەنێت، کە لە ڕێگایەوە بەکارهێنەران بتوانن بە شێوەی ئەلکترۆنی کرداری ئاڵوگۆڕکردنی پارە و کڕین ئەنجام بدەن. ئەگەر ڕووبدات، بێگومان لە نێو ئەپی Apple Pay ـدا یەکدەخرێت.

  • بەردەستکردنی AirPower و iPod Touch ـی نوێ

لە هەفتەی ڕابردوودا ئەپڵ نەوەیەکی نوێی لە iPad Air و iPad Mini و بیستۆکی بێوایەری AirPods بەردەست کرد. لە پێشوودا چەند هەواڵێک هەبوون کە گوایە بارگاویکەرەوەی بێوایەری AirPower لە چارەکی دووەمی ئەمساڵ و کۆتاییەکانی ئەم مانگەدا بەردەست دەکرێت، هەروەها چەند کۆدێکی نوێ لە وەشانی تاقیکاری iOS 12.2 ـدا دۆزرابوونەوە کە بەردەستکردنی نەوەی حەوتەمی iPod Touch ـی ئاشکرا دەکرد. هەر بۆیە کاتی کۆنگرەکە شیاوە بۆ بەردەستکردنی هەردوو ئامێرەکە.

سبەی شەو کاتژمێر 8:00 کەی ئای تی ئێن لە پەڕەی فەرمی خۆی لە فەیسبووک لەگەڵتان دەبێت بۆ ڕووماڵکردنی کۆنگرەکەی ئەپڵ بە زمانی کوردی، سبەی شەو لەگەڵمان بن!

پەڕەی فەرمی کەی ئای تی ئێن لە فەیسبووک:

بۆچونی تۆ