فەیسبووک

فەیسبووک لە تاقیکردنەوەدایە بۆ یەکخستنی بەشی سەرەکی بڵاوکراوەکان (News Feed) و ستۆرییەکان لە یەک ڕووکاردا

فەیسبووک کار لەسەر تاقیکردنەوەی ڕووکارێکی تەواو جیاواز دەکات بۆ ئەپەکەی. دەیەوێت لە ڕووکارێکی نوێدا بەشی سەرەکی بڵاوکراوەکان (News Feed) و ستۆرییەکان یەکبخات و لە یەک ڕووکاردا کۆیان بکاتەوە.

بەڕێز Jane Manchun Wong توێژەرەوەی ئەپەکان گۆڕانکارییەکی نوێی لە دواین وەشانی ئەپی فەیسبووک لە ئەندۆیددا دۆزیوەتەوە، وێنەیەکی جوڵاوەی لە تویتەردا بڵاوە پێکردووە کە بە تەواوی ڕووکارە نوێیەکەمان بۆ ئاشکرا دەکات. ڕووکارە نوێیەکە بەشی سەرەکی بڵاوکراوەکان (News Feed) و ستۆرییەکان یەک دەخات، کە پێکدێن لە وێنە و بڵاوکراوە نووسراوییەکان و ڤیدیۆ و بڵاوکراوە سپۆنسەر بۆ کراوەکان. بەو واتایەی، لە ڕووکارە نوێیەکەدا دەتوانیت گەشت بکەیت بە نێو بڵاوکراوەکاندا و لە هەمان کاتیشدا ستۆرییەکانیش بە شێوەیەکی پچڕ پچڕ ببینیت.

وێنە جوڵاوەکەی ناو جریوەکەی سەرەوە تەنها بڵاوکراوەکانمان بە هەمان ڕووکاری ستۆری نیشان دەدات. بەڵام توێژەرەوەکە لە جیوەیەکی دیکەدا دڵناییمان دەداتێ بە یەکخستنی بەشی سەرەکی بڵاوکراوەکان لەگەڵ ستۆرییەکاندا. وەکو ئەم وێنەیەی خوارەوە کە بەشێکی بڵاوکراوەیەک و ستۆرییەک دەردەکەون.

فەیسبووک ڕووکارە نوێیەکەی پشتڕاست کردۆتەوە و لە ڕێگەی وتەبێژێکیەوە بۆ پێگەی TechCrunch دواوە و ڕایگەیاندووە کە تاقیکردنەوە زۆر سەرەتاییە و نایانەوێت ئێستا بە شێوەیەکی تاقیکاری گشتی بەردەستی بکەن.

ساڵی ڕابردوو فەیسبووک شێوازی ئاڵوگۆڕکردنی بڵاوکراوەکانی ئینستەگرامی لە ستونییەوە گۆڕی بۆ ئاسۆیی، بەڵام ماوەیەکی زۆر کەمی پێچوو و بە هۆی ناڕەزایی بەکارهێنەرانەوە لەسەر شێوازە نوێیەکە، شێوازەکەی گەڕانەوە بۆ شێوازە کۆنەکە و پۆزشی دەربارەی شێوازە نوێیەکە هێنایەوە.

سەرچاوە :

16 نیسان، 2019
ئاڤاتار
خوێندکاری پەیمانگای کۆمپیوتەرم، شارەزایی تەواوم هەیە لە هەریەک لە سیستەمە کارپێکەرەکانی iOS و macOS و Windows. ڕۆژانە و بە بەردەوامی ئاگاداری دواین هەواڵ و گۆڕانکارییەکانی تایبەت بە تەکنەلۆژیام. ئێستا، لە کەی ئای تی ئێن سەرقاڵی نووسینی بابەتی پەیوەندیدار بە تەکنەلۆژیاوەم. دەتوانیت کرتە لە وێنۆچکەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بکەیت ئەگەر خوازیاریت پەیوەندیم پێوە بکەیت یاخود ئاگات لە دواین چالاکییەکانم ببێت.
599