10
هەواڵ 14, تشرینی یه‌كه‌م 2019 بۆچوون

دەنگۆ: لەم مانگەدا دەست دەکرێت بە فرۆشتنی مۆبایلی چەماوەیی Huawei Mate X

دەبووایە مۆبایلی چەماوەیی Huawei Mate X لە مانگی 5 ـی ئەمساڵدا بەردەست بکرایە بۆ فرۆشتن، بەڵام بە شێوەیەکی لە ناکاو کۆمپانیای هواوەی ڕێکەوتی بەردەستکردنی مۆبایلەکەی بۆ کاتێکی نادیار دواخست.

بەڕێز Richard Yu بەڕێوەبەری کۆمپانیای هواوەی لە ماوەی ڕابردوودا بەڵێنیدا کە لە ئەم مانگەدا (مانگی 10) مۆبایلە چەماوەییەکە بەردەست بکرێت. ئێستا دەنگۆ هەیە کە مۆبایلەکە ئامادەیە بۆ فرۆشتن و لە ناوەڕاستەکانی ئەم مانگەدا دەست دەکرێت بە فرۆشتنی لە ناوخۆی وڵاتی چین. بەڵام دیار نییە لە چ کاتێکدا دەست دەکرێت بە فرۆشتنی مۆبایلەکە لە بازاڕی وڵاتانی دیکەی جیهان.

ئەم دەنگۆیەش لە دوای ئەوە پەیدابوو کە هەژمارێک بە ناوی Teme لە تویتەر جریوەیەکی ڤیدیۆیی بڵاوەپێکرد و تێیدا مۆبایلی چەماوەیی Huawei Mate X لە پاکەت دەردەهێنێت و دڵنیامان دەکاتەوە کە مۆبایلەکە ئامادەیە بۆ فرۆشتن.

 

هۆکاری دواخستنی مۆبایلی چەماوەیی Huawei Mate X بۆ 2 هۆکار لە لایەن هواوەییەوە دەگەڕێتەوە، یەکەم بۆ چاککردنی هەڵە و کەم و کورتییەکانی ڕوونمای مۆبایلەکە بوو، دووەمیش بۆ چاکسازیکردن لە ڕووکاری سیستەمی کارپێکەرەکەی بوو تاوەکو باشتر بگونجێت لەگەڵ مۆبایلە چەماوەییەکەدا.

مۆبایلی چەماوەیی Huawei Mate X بە هەمان نرخی پێشووتری کە 2,250$ ـە بەردەست دەکرێت. پێشبینی دەکەین کۆمپانیاکە پڕۆسێسەری مۆبایلەکە لە Kirin 980 ـەوە بگۆڕێت بۆ Kirin 990.

سەرچاوە GSMArenaAndroid Police
بۆچونی تۆ