ئای ئۆ ئێس 26, كانونی دووه‌م 2020

پێشبینی: ئەو ئامێرانەی پشتگیری لە وەشانی نوێی iOS 14 دەکەن

وەکو هەمیشە، بۆ ئەمساڵیش ئەپڵ وەشانی نوێی iOS 14 و وەشانە نوێیەکانی سیستەمەکانی دیکەی لە میانەی بەڕێوەچوونی کۆنگرەی گەشەپێدانی جیهانی WWDC 20 ـدا لە مانگی 6 ڕادەگەیەنێت. دەنگۆیەکی نوێ هەیە سەبارەت بەو ئامێرانەی کە پشتگیری لە وەشانە نوێیەکەی iOS دەکەن.

ڕاپۆرتێکی نوێ لە لایەن پێگەی iPhonesoft ـی فەڕەنسییەوە دەڵێت وەشانی نوێی iOS 14 پشتگیری لە سەرجەم ئەو ئامێرانە دەکات کە لە ئێستادا وەشانی iOS 13 پشتگیرییان لێ دەکات، بەو واتایەی کە مۆبایلەکانی iPhone SE و iPhone 6s بۆ ئەمساڵیش وەشانی نوێی iOS 14 ـیان بۆ ڕەوانە دەکرێت و چاوەڕوان دەکرێت ببێتە کۆتا وەشانیان. ئەمانە سەرجەم ئەو ئامێرانەن کە پێشبینی دەکرێن پشتگیری لە وەشانی iOS 14 بکەن:

  • iPhone 11 Pro
  • iPhone 11 Pro Max
  • iPhone 11
  • iPhone XS
  • iPhone XS Max
  • iPhone XR
  • iPhone X
  • iPhone 8
  • iPhone 8 Plus
  • iPhone 7
  • iPhone 7 Plus
  • iPhone 6s
  • iPhone 6s Plus
  • iPhone SE
  • iPod touch (نەوەی حەوتەم)

بێگومان، وەشانی نوێی iOS 14 پشتگیری لە ئایفۆنە نوێیەکانی ئەمساڵ دەکات، بە ئایفۆنی نرخ هەرزانی iPhone 9 ـیشەوە، کە دەنگۆکان دەڵێن خاوەن هەمان دیزاینی iPhone 8 دەبێت بە هەبوونی هەستەوەری پەنجەمۆری ژێر ڕوونما و ناسێنەرەوەی دەموچاو و پڕۆسێسەری A14 و زیاترەوە.

هەرچی دەربارەی زنجیرە ئامێرەکانی ئایپادە، دەزانین کە ئێستا خاوەن سیستەمێکی نوێن بە ناوی iPadOS ـەوە، ئەویش ساڵی پار ڕوویدا و جیا بووەوە لە iOS. ڕاپۆرتەکە دەڵێت وەشانی iOS 14 پشتگیری لە ئامێرەکانی iPad mini 4 و iPad Air 2 ناکات. ئامێری iPad mini 4 لە ئەیلوولی ساڵی 2015 ـدا ڕاگەیاندرا و iPad Air 2 ـیش لە تشرینی یەکەمی ساڵی 2014 ـدا ڕاگەیاندرا و هەردووکیان خاوەن پڕۆسێسەرەکانی A8 و A8X ـن.

ئەمانە لیستی سەرجەم ئایپادەکانن کە پێشبینی دەکرێت پشتگیری لە وەشانی نوێی iPadOS 14 بکەن:

  • iPad Pro ـی 12.9 ئینجی
  • iPad Pro ـی 11 ئینجی
  • iPad Pro ـی 10.5 ئینجی
  • iPad Pro ـی 9.7 ئینجی
  • iPad (نەوەی حەوتەم)
  • iPad (نەوەی شەشەم)
  • iPad (نەوەی پێنجەم)
  • iPad mini (نەوەی پێنجەم)
  • iPad Air (نەوەی سێهەم)

ناکرێت 100% متمانە بە دەنگۆیەکان بکەین، ڕەنگە وەشانی iOS 14 پشتگیری لە مۆبایلەکانی iPhone SE و iPhone 6s نەکات، بە پێچەوانەی ئەوەی کە ڕاپۆرتەکە ڕایگەیاندووە. پێگەی iPhonesoft ساڵی پار گوتی کە وەشانی iOS 13 پشتگیری لە iPhone SE ناکات، بەڵام پێچەوانەکەی دەرچوو، لەگەڵ ئەوەشدا گوتی کە وەشانی iOS 13 پشتگیری لە iPhone 5s و iPhone 6 ناکات، ئەمەیان بە تەواوەتی ڕوویدا.

وەشانەکانی iOS بۆ ماوەیەکی درێژ پشتگیری لە ئایفۆنە کۆنەکان دەکەن، بەڵام بە هۆی ئەوەی کە وەشانە نوێیەکانی iOS تایبەتمەندی نوێیان بۆ زیاد دەکرێت، ژمارەیەک ئایفۆنی کۆن توانایان نییە کار بە وەشانەکە بکەن، هەر بۆیە چیدیکە پشتگیرییان لێ ناکرێت.

سەرچاوە 9to5Mac
بۆچونی تۆ