سامسۆنگ 2, شوبات 2020

مۆبایلەکانی Samsung Galaxy S20 لە هەڵسەنگاندنی Geekbench بەدیکران و ژمارەیەک تایبەتمەندییان ئاشکرا بوون

وا بڕیارە لە چەند ڕۆژی داهاتوودا و بە دیاریکراوی لە ڕێکەوتی 11 ـی ئەم مانگەدا، مۆبایلەکانی Samsung Galaxy S20 و +S20 و S20 Ultra نمایش بکرێن. لە ڕابردووشدا ژمارەیەک وێنە و تایبەتمەندییەکانی مۆبایلە ناوبراوەکان دزەیان پێکرا و دەتوانین بڵێن دەزانین کە مۆبایلەکان دیزاینیان چۆن دەبن و تایبەتمەندییەکانیان چی دەبن.

ڕاپۆرتێکی پێگەی GSMArena ئاشکرای کردووە کە هەر سێ مۆبایلی Samsung Galaxy S20 و +S20 و S20 Ultra لە هەڵسەنگاندنەکانی Geekbench ـدا بەدی کران بە ژمارە مۆدێلەکانی SM-G981 (مۆبایلی Galaxy S20) و SM-G986 (مۆبایلی +Samsung Galaxy S20) و SM-G988 (مۆبایلی Samsung Galaxy S20 Ultra). ژمارە مۆدێلەکان خاوەن پاشگری N دەبن بۆ بازاڕەکانی کۆریای باشوور و U بۆ بازاڕەکانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا.

هەڵسەنگاندنەکان ئاشکرایان کردووە کە هەر سێ مۆبایلەکە پڕۆسێسەری Qualcomm Snapdragon 865 ـیان لەسەر جێگیر دەبێت، تەنانەت بۆ وڵاتی نیشتیمانیش، کۆریای باشوور. هەر بۆیە وا دەردەکەوێت کە مۆبایلەکان بە تەنها بۆ بازاڕەکانی ئەوروپا پڕۆسێسەری Exynos 9830 ـیان لەسەر جێگیر دەبێت.

هەمان هەڵسەنگاندن، ئاشکرای کردووە کە سەرجەم جۆرەکانی نەوە نوێیەکەی گالەکسییەکە خاوەن ڕامێک دەبن بە فراوانی 12 گێگابایت و پێدەچێت بە تەنها ئەو بژاردەیەیان لە ڕام لێ بەردەست ببێت، بە هەمان شێوەی کە پڕوپاگەندەکانی ڕابردوو ڕایانگەیاندبوو.

پێشبینی دەکرێت سەرجەم جۆرەکانی Samsung Galaxy S20 پشتگیری لە نەوەی پێنجەمی پەیوەندی 5G بکەن، هەر بۆیە جۆرێکی تایبەت بە نەوە نوێیەکەی پەیوەندییان لێ بەردەست نابێت، بەڵام جەخت لەوە کراوەتەوە کە بژاردەی 4G LTE ـیان لێ بەردەست دەبێت.

وا بڕیارە لە ڕێکەوتی 11 ـی ئەم مانگەدا کۆمپانیای سامسۆنگ کۆنگرەی Unpacked 2020 ئەنجام بدات و تێیدا گالەکسییە نوێیەکان و ژمارەیەک بەرهەمی دیکەی نوێی خۆی نمایش بکات.

سەرچاوە GSMArena
بۆچونی تۆ