10
ئۆتۆمبێل 8, تشرینی دووه‌م 2019 بۆچوون

کۆمپانیای Tesla ڕێکەوتی نمایشکردنی بارهەڵگری کارەبایی Cybertruck ـی ئاشکراکرد

لە کۆتایدا، خەریکە چاوەڕوانییەکان بە کۆتا دێن و ئەو بارهەڵگرە کارەباییە لە لایەن کۆمپانیای Tesla ـەوە نمایش دەکرێت کە بۆ ماوەی چەند ساڵێکە هەوادارانی کۆمپانیاکە چاوەڕێی دەکەن.

کۆمپانیای Tesla لە زاری Elon Musk ـی بەڕێوەبەری گشتییەوە، بە فەرمی ڕایگەیاند کە لە ڕێکەوتی 21 ـی ئەم مانگەدا بارهەڵگری کارەبایی Cybertruck لە بۆنەیەکی تایبەتدا نمایش دەکات. بۆنەکە لە شاری لۆس ئەنجلێسی ویلایەتی کالیفۆڕنیای ئەمریکا لە نزیک کارخانەی کەشتییە ئاسمانییەکانی کۆمپانیای SpaceX ـەوە ئەنجام دەدرێت.

لە سەرەتای ئەمساڵدا، Elon Musk ئاشکرای کرد کە کۆمپانیاکە لە پلانیدایە لە ئەمساڵدا بارهەڵگرە کارەباییەکە نمایش بکات. هەرچی دەربارەی دیزاینەکانی بەرهەڵگرە کارەباییەکە، تاوەکو ئێستا دیزاینی ئاشکرا نەکراوە و نازاندرێت شێوەی چۆنە. بەڵام Elon Musk دەڵێت خاوەن دیزاینێکی جیاواز دەبێت و زۆر لە Ford F-150 بە سوودتر دەبێت. ئەمە نموونەیەکی پێشبینیکراوی بارهەڵگرە کارەباییەکەی کۆمپانیای Tesla ـیە:

بیرۆکەی درووستکردنی بارهەڵگرێکی کارەبایی لە لایەن Tesla ـەوە، لەو کاتەدا سەری هەڵدا کە Elon Musk ئاشکرای کرد خواستی هەیە بازاڕی بارهەڵگرەکان لە دەست Ford F-150 بسێنێتەوە. بەڕێوەبەرە ملیاردێرەکەی Tesla، زیاتر لە 6 ساڵی ڕابردووی بە باسکردنی بارهەڵگرێکی کارەباییەوە بەفیڕۆ دا، بە بێ ئەوەی تەنانەت یەک نموونەشی لێ ئاشکرا بکات.

بۆنەی نمایشکردنەکە لە هەمان کاتی بەڕێوەچوونی بۆنەی Los Angeles Auto Show بەڕێوە دەچێت، یەو بۆنەیەی کە پێشبینی دەکرێت کۆمپانیای Ford یەکەمین ئۆتۆمبێلی کارەبایی بنچینەکراو لەسەر Mustang لە جۆری SUV ـی تێدا نمایش بکات. Tesla مێژوویەکی درێژی هەیە لە نمایشکردنی ئۆتۆمبێلەکانیدا لە هەمان ڕێکەوتی نمایشکردنی ئۆتۆمبێلەکانی کۆمپانیایەکانی دیکە.

بە شێوەیەکی گشتی، ئۆتۆمبێلە کارەباییەکان بە شێوەیەکی لاواز لە سەرانسەری جیهاندا گەشە دەکەن، بەڵام خواست لەسەریان بەردەوامی هەیە، هەر بۆیە ئەمە نابێتە هۆکاری نائومێدبوونی کۆمپانیاکانی بەرهەمهێنەری ئۆتۆمبێلە کارەباییەکان.

سەرچاوە The Verge
بۆچونی تۆ