مۆبایل و تابلێت 5, كانونی یه‌كه‌م 2019

مۆبایلی Sharp Aquos Zero2 وەکو یەکەم مۆبایل بە ڕوونمای 240 هێرتز لە تایوان ڕاگەیاندرا

شارپ هەمیشە یەکێک بووە لەوانەی کە تایبەتمەندییە جیاوازەکانی لێوە تەشەنەی کردووە. ئەمڕۆش بە فەرمی ڕێکەوتی فرۆشی مۆبایلی SHARP AQUOS ZERO2 ئاشکرا کرد، کە دەبێتە یەکەم مۆبایل بە ڕوونمای 240 هێرتزییەوە، کە تایبەتمەندییەکە تا ئەم خولەکە تەنها لە مۆنیتەرە پێشکەوتووەکانی بواری یارییە ڤیدیۆییەکان بەردەستە.

لە ڕاستیدا، ڕوونما 240 هێرتزییەکەی تاکە تایبەتمەندی سەرەنج ڕاکێش نییە لەم مۆبایلەدا، بەڵکو ئەم مۆبایلە خاوەنی پڕۆسێسەری سناپدراگۆن 855 و ڕامێکی 8 گێگابایتەییە بە هاوەڵی لەگەڵ بیرگەی 256 گێگابایتی لە جۆری UFS3.0.

شایەنی باسە، ئەم مۆبایلە پاترییەکەی تەنها 3130 ملی ئەمپێرە و ڕوونماکەیشی 6.4 ئینجە، بەڵام پرسیار ئەوەیە لەگەڵ بوونی ئاستی نوێبوونەوەی 240 هێرتزی لە ڕوونماکەیدا، ئایا ئەم پاترییە تا چەند بەرگە دەگرێت؟ 1 کاتژمێر؟ یان زیاتر؟ چونکە بیرت بێت ئەم ئاستی نوێبوونەوەیە چوار جار زیاتر لەوەی لە زۆربەی مۆبایلەکانی ئەمڕۆ هەیە.

جێگای وەبیرهێنانەوەیە، مۆبایلی SHARP AQUOS ZERO2 لە مانگی 9ـی ئەم ساڵ لە یابان نمایشکرا و ئەم کات بووە سەردێری میدیاکان وەکو یەکەم مۆبایل بە ڕوونمای 240 هێرتزی. ئێستاش بە فەرمی لە تایوان ڕاگەیاندراوە، لەگەڵ ئەوەیشی بۆ کڕین بەردەست نییە، بەڵام بەڕێوەبەری بەرهەمەکانی شارپ دەڵێت لە ئێستادا چاوەڕوانی وەرگرتنی مۆڵەت و بڕوانامەین بۆ مۆبایلەکە لە تایوان و هەوڵدەدەین بە زووترین کات فرۆشتنی دەست پێ بکرێت بەلانی کەمەوە لە چارەکی یەکەمی ساڵی داهاتوو. بە هەمان شێوە چاوەڕوان دەکرێت لە یابانیش لە سەرەتای ساڵی داهاتوو فرۆشی دەست پێ بکات.

سەرچاوە MyDrivers News
تاگەکان Sharp
بۆچونی تۆ