10
شاومی 19, كانونی یه‌كه‌م 2019

بەراوردێک لە نێوان مۆبایلی Realme 2x Pro و Mi Note 10

ماوەیەی چەند ڕۆژێکە لە نێوان زۆرێک لە بەکارهێنەرانی مۆبایلە هۆشمەندەکان مشتومڕێکی گەرمە لەسەر ئەوەی کامە مۆبایل باشترە، Realme 2x Pro یان Mi Note 10؟

من لە چەند خاڵێک بەراوردێکی خێراتان بۆ ڕوون دەکەمەوە لە نێوان ئەم دوو مۆبایلە هۆشمەندە. دواجاریش کڕیار سەرپشکە لەوەی کامەیان دەکڕێت. هەروەک پێش ئەوەی بچمە سەر خاڵەکان دەبێت ئەوە لە بیر نەکەین کە مۆبایلی ریەلمی 2 ئێکس پڕۆ لە جۆری تایبەتمەندی بەرزە واتە (Flagship)ـە، و مۆبایلی می نۆت 10 و 10 پڕۆ لە جۆری تایبەتمەندی مامناوەندن، واتا (Mid-range)ـن. بۆیە سەختە دوو مۆبایل هەر یەکە و لە ئاستێکی جیاوازدابن و بەراورد بە یەکدی بکرێن. سەرباری ئەوە جیاوازییەش من هەندێک بەراورد دەخەمە ڕوو.

زنجیرە مۆبایلی می نۆت 10ـی کۆمپانیای شاومی یەکێکە لە هەرە باشترین مۆبایلەکانی کۆمپانیای شاومی و بە بەرزترین کوالیتی و جوانترین شێواز بەرهەم هاتووە، بەڵام کە دێیە سەر نرخەکەی خەڵک دەڵێن ئەمە بۆ دەبێت نرخی وا بێت لە کاتێکدا مۆبایلێکی ئاست بەرز بەو نرخەیە یاخود ریەلمی 2 ئێکس پڕۆ لە هەمان نرخدایە؟

کۆمپانیای شاومی لە مۆبایلەکانی زنجیرەی نۆتدا زیاتر تیشکی لەسەر کامێرایە وەک لە پڕۆسێسەر چونکە ئەو ئامانجەی کە کۆمپانیای شاومی هەیەتی تایبەتە بە هەوادارانی کامێرای مۆبایل و زیاتر ئەو کەسانەی گرنگی بە کامێرا و وێنە دەدەن، ئەوەشی لە کامێرای می نۆت 10 و نۆت 10 پڕۆ بەکارهێنا کە توانی لە پێگەی DXOMARK، کە تایبەتە بە هەڵسەنگاندنی کامێرای مۆبلە هۆشمەندەکان هاوشانی مۆبایلی مەیت 30 پڕۆ 121 خاڵ بە دەست بهێنێت و پلەی سێیەم وەرگرێت، بە پێش هەر یەک لە مۆبایلەکانی ئایفۆن 11 پرۆ ماکسی ئەپڵ و نۆت 10 پڵەس و 10 پڵەسی 5G سامسۆنگ بکەوێت.

هەروەک باسمان کرد ئەم دوو مۆبایلە تا رادەیەک لە یەک ئاست دان لە ڕووی نرخ، بەڵام لە ڕووی تایبەتمەندی هەر یەکەیان تایبەتمەندیەکی بەرزتری هەیە لەوەی دیکە، بۆ نموونە لە ڕووی پاتری و کامێرای دواوە و پێشەوە و کوالیتی بڕاندەکە و مۆبایلەکە و هەندێ تایبەتمەندی تر نۆت ١٠ باشترە، بەڵام لە ڕووی پڕۆسێسەر و خێرا بارگاوی بوونەوە ریەلمی باشترە.

ئەوەی دەمێنێتەوە ئەوەیە گەر تۆ ئارەزوومەندێکی بواری فۆتۆگرافی و دەتەوێت بە بڕە پارەیەکی کەم مۆبایلێکی ئاست بەرز بکڕیت لە ڕووی بەرزی جۆری وێنە گرتن، ئەوا بژاردەی می نۆت ١٠ لەبەردەمتە و دەتوانیت ئەو بکڕیت، بەڵام ئەگەر تۆ کەسێکی گرنگی بە پڕۆسێسەر دەدەیت کە مۆبایلەکەت ئاست بەرز بێت لە ڕووی پڕۆسێسەرەوە ئەوا فەرموو ڕیەلمی یان مۆبایلێکی تری هاوشێوە بکڕە.

دوا خاڵ کە پێویستە ئاماژەی پێ بکەم ئەوەیە، ڕیەلمی تا ئێستا هیچ بریکارێکی لە وڵاتی عێراق و هەرێمی کوردستان نیە، کە ئەمەش جۆرێک کێشە بۆ بەکارهێنەرانی مۆبایلەکە دروست دەکات لە ڕووی خزمەتگوزاری چاککردنەوە، لە کاتێکدا کۆمپانیای شاومی بریکاری فەرمی لە عێراق و هەرێمی کوردستان هەیە و سەنتەری چاککردنەوەی مۆبایلەکەی لە گشت شارەکانی عێراق هەیە. دەکرێت ئەم خاڵەش لە کاتی کڕین لەبەرچاو بگیرێت.

هەروەک سەرەتاش ئاماژەم پێکرد، کڕیار سەرپشکە و بەراوردەکەی من پوختەیەک لە دیارترین جیاوازییەکان بوون و دەکرێت بەراوردی زۆر ورد و باشتر هەبن.

بۆچونی تۆ