کۆمپیوتەر
16, تشرینی یهكهم 2019
گووگڵ لاپتۆپی Pixelbook Go ـی لە جۆری Chromebook و بە نرخی دەستپێکی 649$ ـەوە ڕاگەیاند

لە میانەی بەڕێوەچوونی کۆنگرەیەکی تایبەتدا، کۆمپانیای گووگڵ بۆ یەکەمجار لاپتۆپێکی خۆی لە جۆری Chromebook بە ناوی Pixelbook Go و بە نرخی دەستپێکی 649$ ـەوە ڕاگەیاند.
لاپتۆپە نوێیەکەی گووگڵ لە جۆری Chromebook ـە و بە سیستەمی ChromeOS کار دەکات. خاوەن ڕوونمایەکی هەستیارە بە قەبارەی 13.3 ئینج بە چێوەی 16:9 و بە ڕوونی FHD. کێشی 1 کیلۆگرامە و ئەستووری 13 میلیمەترە. لاشەکەی لە ماددەی مەگنسیۆم درووستکراوە و ڕەنگی چوارچێوەی ڕوونماکەی بە ڕەش ڕووپۆش کراوە.
سەبارەت بە ڕەقەکاڵاکانی دیکەی لاپتۆپەکە، پڕۆسێسەری نەوەی هەشتەمی Intel Core m3 ـی لەسەر جێگیرە و خاوەن ڕامێکە بە فراوانی 8 گێگابایت و بیرگەیەک بە قەبارەی 64 گێگابایت. هەروەها بژاردەیەکی دیکەی لێ بەردەست دەبێت کە خاوەن پڕۆسێسەری نەوەی هەشتەمی Core i5 و i7 لە زنجیرەی Y دەبێت و خاوەن ڕامێک دەبێت بە فراوانی 16 گێگابایت و بیرگەیەک بە قەبارەی 256 گێگابایت. لە پێشەوەدا خاوەن کامێرایەک دەبێت بە ڕوونی 2 مێگاپێکسڵ.
خاوەن پاترییەکە کە دەتوانێت بەرگەی 12 کاتژمێر لە بەکارهێنانی بەردەوام بگرێت و بە تەنها 2 کاتژمێر و 20 خولەکیش بارگاوی ببێتەوە. هەروەها خاوەن دەرچەکانی USB-C و بیستۆکە.
لە تەنیشت تەختەکلیلەکەیەوە، خاوەن 2 دانە بڵندگۆی درێژە و یەکەم شتە کە لە دوای کردنەوەی لاپتۆپەکەوە سەرنجت ڕادەکێشێت بۆ لای خۆی. تەختەکلیلەکەی زۆر لە باش دەچێت و پێدەچێت جێگرەوەی تەختەکلیلە خراپەکەی MacBook بێت.

لە ئێستادا بژاردە ئاست نزمەکانی لاپتۆپەکە بە ڕەنگەکانی ڕەش و پەمەیی بە نرخی 649$ لە ئەمریکا و کەنەدا بەردەستن، نرخی بژاردە ئاستبەرزەکانی تاوەکو 1,399$ بەرز دەبنەوە و لە ئێستادا بەردەستن بۆ کڕین بە شێوەی داواکاری پێشوەختە و لە چەند هەفتەی داهاتووشدا بەردەست دەکرێن.
ماکوان بەرزان
نووسەر و بەڕێوەبەری نووسین لە کەی ئای تی ئێن. گەشەپێدەری iOS، هەواداری و خوێندکاری پەیمانگەی زانستی کۆمپیوتەر.