فەیسبووک 7, نیسان 2020

وەتسئەپ ڕەوانەکردنی نامە نێردراوەکان سنووردار دەکات

ئەپی WhatsApp ـی سەر بە فەیسبووک سنووردارکردنێکی دیکەی بۆ تۆڕەکەی زیادکرد، بە مەبەستی کەمکردنەوەی زانیارییە نادرووستەکان.

کۆمپانیاکە ڕایگەیاند لە ئەمڕۆوە دەست دەکەن بە سنووردارکردنی ڕەوانەکردنی نامە نێردراوەکان (Forward Messages)، بە شێوەیەک ئەگەر هەر نامەیەکی نێردراو 5 جار یاخود زیاتر ڕەوانە کرابێت، ئەوا لەمەودوا تەنها دەتوانرێت بۆ یەک کەس بنێدرێن. تۆڕەکە خۆی نامەکان وەکو “زۆرترین جار نێدراو” دیاری دەکات، لەم حاڵەتەدا ئەم سنووردارکردنە بە سەریدا ڕوودەدات.

مەبەست لە زیادکردنی ئەم سنووردارکردنە لە لایەن WhatsApp ـەوە، بۆ کەمکردنەوەی زانیارییە نادرووستەکانە، بە تایبەت دەربارەی ڤایرۆسی کۆرۆنا، کە لەم ماوەیەدا ئێجگار زۆر زیادی کردووە.

تۆڕەکە بە پێگەی TechCrunch ـی ڕاگەیاندووە کە ئەم بڕیارە لە ئەمڕۆوە بۆ سەرجەم بەکارهێنەرانی تۆڕەکە جێبەجێ دەکرێت.

لە ساڵی 2018 ـەدا بۆ یەکەمجار تۆڕی WhatsApp سنووردارکردنی خستە سەر ڕەوانەکردنی نامە نێردراوەکان و هەر نامەیەکی ڕەوانەکراو دەتوانرا بۆ چەند جارێکی کەم بنێدرابایە.

لە ماوەی ڕابردوودا تۆڕەکە لە ڕێگەی دانانی چاتێکی ڕۆبۆتییەوە، هاوکار بوو لەگەڵ ڕێکخراوی تەندرووستی جیهانی (WHO) بۆ ڕووبەڕوو بوونەوەی زانیارییە نادرووستەکانی ڤایرۆسی کۆرۆنا.

سەرچاوە TechCrunch
بۆچونی تۆ