10
ئاسایشی ئەلیکترۆنی 22, كانونی یه‌كه‌م 2019

ئەپڵ پڕۆگرامی خەڵاتی دۆزینەوەی کەلێنی بۆ هەمووان بەردەستکرد

ئەپڵ پڕۆگرامێکی مەزنی خەڵاتی تایبەت بە دۆزینەوەی کەلێنەکان بۆ سەرجەم توێژەرەوە ئاسایشییەکان بەردەستکرد، کە ئۆفەری تاوەکو 1 ملیۆن دۆلار و زیاتری بۆ ئەو کەسانە تێدایە کە کەلێنی جۆراوجۆر لە نێو سیستەم و خزمەتگوزارییەکانی ئەپڵدا دەدۆزنەوە.

ئەم پڕۆگرامە لە سەرەتادا لە ساڵی 2016 ـدا بەردەست ببوو، بەڵام سیستەمەکانی لەخۆ نەگرتبوو. ئێستا، سەرجەم سیستەمە کارپێکەرەکانی ئەپڵ لە نێو پڕۆگرامەکەدان. بۆ یەکەمجار ئەپڵ لە کۆنگرەی Black Hat ـی مانگی 8 ـی ئەمساڵدا سیستەمە کارپێکەرەکانیشی زیاد کردە ئەم پڕۆگرامەوە.

ئۆفەری دۆزینەوەی کەلێنەکان بە پێی جۆرەکەی جیاوازی لە نرخەکەیدا درووست دەکات. هەر کەسێک کەلێنێک لە Lock Screen ـدا بدۆزێتەوە، لە نێوان بڕی 25,000$ و 100,000$ ـدا وەردەگرێت، تێپەڕاندنی iCloud ـیش بە هەمان نرخە. دەربارەی بەدەستخستنی زانیارییە هەستیارەکان لە ئامێرێکی قفڵکراودا، بڕی پارەی خەڵاتەکە لە نێوان 100,000$ و 250,000$ ـدایە. بەڵام هەر کەسێک توانای دۆزینەوەی کەلێنێکی هەبێت کە لە ڕێگەیەوە هێرشی ئەلیکترۆنی بکرێتە سەر ئامێرێک بەبێ ئەنجامدانی هیچ کردارێک لە لایەن بەکارهێنەرەوە، بڕی 1 ملیۆن دۆلار لە لایەن ئەپڵەوە وەکو خەڵات وەردەگرێت.

هەروەها، نرخەکان بە ڕێژەی 50% زیاد دەکەن بۆ ئەو کەسانەی هەمان کەلێنەکانی نێو پڕۆگرامەکە لە نێو وەشانێکی تاقیکاریدا دەدۆزنەوە. لێرەوە سەیری نرخەکانی پڕۆگرامەکە بکە.

ئامانج لەم پڕۆگرامەی ئەپڵ، بۆ کەمکردنەوەی کەلێنە ئاسایشییەکانی نێو سیستەم و خزمەتگوزارییە سەرهێڵییەکانیەتی، هەروەها وەکو هاندانێکە بۆ توێژەرەوە ئاسایشییەکان.

لەگەڵ ئەوەشدا، ئەپڵ دەڵێت ئۆفەرەکان بۆ ئەو ڕێکخراو و گرووپە ئاسایشییە بەناوبانگانە زیاتر دەبن کە کەلێن لە سیستەم و خزمەتگوزارییە جیاوازەکانیاندا بدۆزنەوە.

سەرچاوە The Verge
بۆچونی تۆ