ئەپڵ
23, نیسان 2024
دوای دوو ساڵ ئەپڵ ئایپادی نوێ نمایش دەکات

ئەپڵ بە فەرمی ڕایگەیاند لە ڕۆژی 7ی مانگی داهاتوو لە کاتژمێر 5ی ئێوارە بە کاتی هەولێری پایتەخت بۆنەیەک ڕێک دەخات بۆ نمایش کردنی نوێترین بەرهەمەکانی. بە پێی وێنەی بانگهێشتن نامەکەی ئەپڵ بێت، ئەوا بە ڕوونی دیارە ئەپڵ ئایپادی نوێ نمایش دەکات چوونکە پێنووسی زیرەکی ئەپڵ دەرکەوتووە. پێدەچێت بۆنەکە بە شێوەی سەرهێڵ(ئۆنڵاین) بێت و کەسی نەبێت. دەنگۆکان باس لەوە دەکەن ئەپڵ بۆ یەکەمین جار ئایپاد پرۆ بە ڕوونمای OLED ـەوە نمایش دەکات و بۆ یەکەمین جار ئایپاد ئێیەر بژاردەی ڕوونمای قەبارە 12.9 ئینجی بۆ بەردەست دەبێت.

ئەپڵ ماوەی دوو ساڵە هیچ ئایپادێکی نمایش نەکردووە و ئەمە زۆرترین ماوەیە کە ئەپڵ هیچ ئایپادێکی نوێی تێدا نمایش نەکردبێت لەو کاتەوەی کە بۆ یەکەمین جار ئایپادی ڕاگەیاند.
میران ئەبوبەکر
بەڕێوبەری نووسین لە پێگە و ماڵپەڕی کەی ئای تی ئێن، خوێندکاری کۆلێژی پزیشکی دەرمانسازی.