ئامێرە هەمەجۆرەکان
9, ئەیلوول 2025
ئەپڵ نەوەی سێیەمی AirPods Pro بە پێوانی ترپەی دڵ نمایش کرد

ئەپڵ ئەمشەو نەوەی نوێی AirPods Pro بە دیزاینی نوێ نمایش کرد. لابەری ژاو ژاو، پاتری باشترە کراوە و پێوەری ترپەی دڵ لە خۆ دەگرێت.

تایبەتمەندی لابەری ژاو ژاوی بیستۆکە نوێیەکە دوو هێندە لە نەوەی پێشووتر و چوار هێندە لە نەوەی یەکەمی باشترە، ئەپڵ بە باشترین بیستۆک ناوی دەبات لە ڕووی لابەری ژاوە ژاو. هەروەکو چاوەڕوان دەکرا، ئەپڵ وەرگێڕانی ڕاستەوخۆ بۆ بیستۆکەکە زیاد کردووە، کە بە ژیری دەستکردی ئەپڵ بەهێز کراوە و کار دەکات، دەتوانێت گفتوگۆکانی کەسەکانی دەوروبەرت وەربگێڕێت.

بڕوانامەی IP57 هەیە بۆ دژە ئاو و ئارەق کردنەوە لە کاتی وەرزش کردن و کارە سەختەکان. ئەوەمان بیر نەچێت بیستۆکە نوێیەکە توانای پێوانی ترپەی دڵی هەیە و دەتوانیت لە ڕێگەی ئایفۆنەکەتەوە لە کاتی وەرزش و ڕێکردن خێرایی ترپەی دڵت بزانیت.

پاترییەکەی بەرگەی 8 کاتژمێر لە بەکارهێنان دەگرێت بە چالاک بوونی تایبەتمەندی لابەری ژاوە ژاو (ANC). هەروەها نرخی وەکو نەوەی پێشووتری ماوەتەوە کە 249 دۆلارە، دوای ئەوەی هەندێ لە دەنگۆکان باسییان لە بەرز کردنەوەی نرخەکەی دەکرد. ئێستا داواکاری پێش وەختەی کراوەیە و لە 19ی ئەم مانگە بەردەست دەبێت بۆ کڕین.
موحەمەد نەجات
نوسەری پێشکەوتوو لە ماڵپەڕی کەی ئای تی ئێن، دەرچووی بەشی سیستەمی زانیاری کارگێڕی.