ژیری دەستکرد AI
22, ئازار 2024
مایکرۆسۆفت دوو لاپتۆپی نوێی بۆ بازرگانی کە بە زیرەکی دەستکرد بەهێز کراون، نمایش کرد

مایکرۆسۆفت ئەمڕۆ کۆنگرەی بەست و دەستەواژەی “ساڵی کۆمپیوتەری زیرەکی” دەوڵەمەند تر کرد بە دوو لاپتۆپی نوێی Surface Pro 10 و Surface Laptop 6 کە تایبەتن بە بازرگانی (Business). دوو لاپتۆپە نوێیەکە بە نوێترین پرۆسێسەری Intel Core Ultra بەهێز کراون و دوگمەی تایبەتی Copilot ـیان هەیە بۆ زیرەکی دەستکرد. هیچکام لە لاپتۆپەکان لە ڕووی دیزاینی دەرەوەیان گۆڕانکاریان تێدا نەکراوە، تەنها ئەوە نەبێت مۆدێلی Surface Laptop 6 دەرچەیەکی نوێی USB-C Thunderbolt 4 و خوێنەری کارتی زیرەکی هەیە.
جۆری Surface Pro 10
مۆدێلی Surface Pro 10 بە دوو بژاردەی چیپسێتی Core Ultra 5 135U و Core Ultra 7 165U بەردەست دەبێت لەگەڵ ڕامی 8 گێگابایت و بژاردەی تاوەکو 64 گێگابایت. نرخی دەستپێکی لاپتۆپەکە 1,199 دۆلارە بۆ بیرگەی 256 گێگابایت لە جۆری SSD. لاپتۆپەکە دوو دەرچەی USB-C Thunderbolt 4 و دەرچەی Microsoft Surface Connect port بۆ بارگاوی کردنەوە لە خۆ دەگرێت. مایکرۆسۆفت دەڵێت لاپتۆپەکە بەرگەی 19 کاتژمێر کار کردن دەگرێت بە یەکجار بارگاوی کردنەوە. مایکرۆسۆفت ڕوونما 13 ئینجییەکەی لاپتۆپەکەی باشتر کردووە بە ڕوپۆشی دژە تیشک دانەوە ( Anti-reflective Coating) و %33 ڕووناکی زیاتر بەراورد بە نەوەی پێش خۆی. هەرچەندە دەنگۆ هەبوو کە ڕوونماکەی OLED بێت، بەڵام دەنگۆکە ڕاست نەبوو و لاپتۆپەکە جۆری ڕوونماکەی LCD ـیە.
ڕووپۆشی دژە تیشک دانەوە
مایکرۆسۆفت گۆڕانکاری گەورەی کردووە لە کامێرای پێشەوەی لاپتۆپەکە، ئێستا کامێرایەک لە خۆ دەگرێت کە دەتوانێت بە گۆشەی 114 پلە ببینێت و ڕوونی 1440 پێکسڵە و بەمەش دەبێتە یەکەمین لاپتۆپ لە جیهاندا بەم پلە بینینە و بە کامێرای گۆشە فراوان دادەنرێت.
کامێرای نوێی مۆدێلی Surface Pro 10
مایکرۆسۆفت تەختەکلیلی Surface Proی نوێکردەوە بە زیاد کردنی دوگمەی Copilot، لەگەڵ تۆخ کردنەوەی پیتەکان و گەورە کردنیان.
تەختەکلیلی نوێی Surface Pro
هەرچی لاپتۆپی Surface Laptop 6 هەیە، نرخی دەستپێکی بۆ پرۆسێسەری Core Ultra 5 135H و 8 گێگابایت ڕام و 64 گێگابایت بیرگە بریتییە لە 1,199 دۆلار. مۆدێلی 15 ئینجی لاپتۆپەکە بۆ یەکەمین جار دوو دەرچەی USB-C Thunderbolt 4 لە خۆ دەگرێت لە پاڵ دەرچەی USB-A و هێدفۆن جاک و Surface Connect port بۆ بارگاوی کردنەوە. هەرچی مۆدێلی 13.5 ئینجە تەنها یەک دەرچەی USB-C Thunderbolt 4 هەیە. کامێرای پێشەوەی ڕوونی بەرز کراوەتەوە بۆ 1080 پێکسڵ، بەڵام وەک جۆری پرۆ گۆشە فراوان نییە.
مۆدێلی Surface Laptop 6
ئەم دوو لاپتۆپە تایبەتە لە بازرگانی، پێشبینی دەکرێت ئەو جۆرەی کە بۆ کڕیاری ئاسایی بەردەست دەبێت لە ڕۆژی 20ی مانگی 5ی ئەمساڵ بە بۆنەیەکدا نمایش بکرێت.
میران ئەبوبەکر
بەڕێوبەری نووسین لە پێگە و ماڵپەڕی کەی ئای تی ئێن، خوێندکاری کۆلێژی پزیشکی دەرمانسازی.