ئەپ و نەرمەکاڵا 10, تەممووز 2026

پێویست بە گەڕان ناکات! ئەم 3 ئەپە باشترینن بۆ داگرتنی ڤیدیۆ!

زۆرجار کاتێک بەناو تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا دەگەڕێین، دەمانەوێت ڤیدیۆیەک دابگرین بۆ ئەوەی دواتر بەبێ ئینتەرنێت سەیری بکەینەوە یان سوودی لێ ببینین بۆ بەرهەمهێنان و دروستکردنی ناوەڕۆک. لەم بابەتەدا باس لە ٣ ئەپڵیکەیشنی نایاب دەکەم کە یارمەتیت دەدەن بە ئاسانی ڤیدیۆکان لە پلاتفۆرم و تۆڕەکۆمەڵایەتییە جیاوازەکانەوە دابگریت. من بەردەوام لە مۆبایلەکەم بەکاریان دەهێم و بەردەوام نوێکردنەوەیان بۆ دێت و گرفتەکان چارەسەردەکەن، ئەمەش وایکردووە ببن بە ٣ سەرکەوتووترین ئەپ بۆ داگرتنی ڤیدیۆ لە تۆڕەکان.

١. Publer (پەبلەر)

پەبلەر تەنها ئامرازێک نییە بۆ داگرتنی ڤیدیۆ، بەڵکوو ئەپڵیکەیشنێکی گشتگیرە بۆ بەڕێوەبردنی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان. ئەم ئەپە زۆر گونجاوە بۆ ئەو کەسانەی کە دروستکەری ناوەڕۆکن یان چەندین لاپەڕەی سۆشیاڵ میدیا بەڕێوەدەبەن.

  • تایبەتمەندییە سەرەکییەکان:
    • داگرتن بەبێ لۆگۆ (Watermark): بەکارهێنەران دەتوانن بە ئاسانی ڤیدیۆکان لە پلاتفۆرمەکانی وەک تیکتۆک و ئینستەگرام بەبێ لۆگۆ دابگرن.
    • بەڕێوەبردنی گشتگیر: دەتوانیت سەرجەم هەژمارەکانت (فەیسبووک، ئینستاگرام، تیکتۆک، لینکدئین و زیاتر) لە یەک شوێندا کۆبکەیتەوە و پۆستەکانت خشتەبەند بکەیت.
    • ئامرازی زیرەکی دەستکرد: یارمەتیت دەدات لە نووسینی کاپشن و دروستکردنی هاشتاگ بۆ پۆستەکانت پێش بڵاوکردنەوەیان.
    • داگرتن لەڕێگەی ShareSheet: واتا کە شەیر لەسەر ڤیدیۆکە لێ بدەیت لە لیستەکە دەردەکەوێت و ڕاستەوخۆ لەوێوە دەتوانیت ڤیدیۆکە دابگریت.

نایابی پەبلەر لەوەدایە بۆ هەردوو سیستەمی iOS و Android بەردەستە.

٢. Seal (سیڵ)

ئەگەر بەدوای ئەپێکی سەرچاوە کراوە (Open-source) و زۆر بەهێزدا دەگەڕێیت، سیڵ یەکێکە لە باشترین بژاردەکان کە لەسەر بنەمای پڕۆژەی ناسراوی yt-dlp کار دەکات و بەتەواوی بێ ڕیکلامە.

  • تایبەتمەندییە سەرەکییەکان:
    • پشتیوانییەکی فراوان: پشتگیری لە داگرتنی ڤیدیۆ دەکات لە زیاتر لە ١٠٠٠ ماڵپەڕ و تۆڕی کۆمەڵایەتی جیاواز.
    • کوالیتی بەرز و دەنگ: دەتوانیت ڤیدیۆکان بە کوالیتی بەرز دابگریت، هەروەها دەتوانیت تەنها فایلی دەنگی (وەک MP3 و FLAC) بە کوالیتییەکی نایاب لە ڤیدیۆکان جیا بکەیتەوە.
    • خێرایی و دیزاین: بەهۆی تەکنەلۆژیای Multi-threading لە کاتی داگرتندا زۆر خێرایە، و خاوەنی ڕووکارێکی مۆدێرنە بە دیزاینی Material Design 3.
    • داگرتن لەڕێگەی ShareSheet: واتا کە شەیر لەسەر ڤیدیۆکە لێ بدەیت لە لیستەکە دەردەکەوێت و ڕاستەوخۆ لەوێوە دەتوانیت ڤیدیۆکە دابگریت.

تەنها بۆ سیستەمی Android بەردەستە. کرتە بکە بۆ داگرتن لە GitHub یان F-Droid

٣. SuperX (سوپەر ئێکس)

سوپەر ئێکس ئەپێکی خێرا و تایبەتە بە داگرتنی ڤیدیۆ کە وێبگەڕێک (Browser) و پلەیەرێکی ناوەکیی تێدایە، ئەمەش کارەکە زۆر ئاسانتر دەکات بۆ گەڕان و سەیرکردنی ڤیدیۆکان پێش داگرتنیان.

  • تایبەتمەندییە سەرەکییەکان:
    • کوالیتی 4K و 8K: پشتگیری لە داگرتنی ڤیدیۆی کوالیتی زۆر بەرز دەکات بێ ئەوەی کێشە بۆ فایلی ڤیدیۆکە دروست بکات.
    • داگرتنی هەمەجۆر: دەتوانیت ڤیدیۆ لە فەیسبووک، ئینستاگرام، تویتچ (Twitch) و تەنانەت پەخشی ڕاستەوخۆش (Live streams) دابگریت.
    • باکگراوند و فۆرماتەکان: دەتوانێت لە باکگراونددا ڤیدیۆکان دابگرێت و پشتگیری چەندین فۆرماتی جیاوازی وەک MP4 و AVI دەکات.
    • ئەوەی نایابی کردووە لە هەر ماڵپەڕێک ڤیدیۆ هەبێت هەستی پێ دەکات و دوگمەی داونلۆد دەردەکەوێت.

تەنها بۆ سیستەمی Android بەردەستە. کرتە بکە بۆ داگرتن بۆ ئەندرۆید یان لە F-Droid

تاگەکان Publer Seal SuperX
بۆچونی تۆ