رەقەکاڵا
8, كانونی دووهم 2020
کۆمپانیای AMD پڕۆسێسەری Threadripper ـی بە 64 ناوک و نرخی 3,990$ ـەوە نمایشکرد

لە میانەی بەڕێوەچوونی پێشانگای CES 2020 ـدا، کۆمپانیای AMD یەکێک لە ناوازەترین پڕۆسێسەرەکانی خۆی بە ناوی Threadripper ـەوە بە هەبوونی 64 ناوک و نرخی 3,990$ ـەوە نمایشکرد.
پڕۆسێسەری AMD Threadripper خاوەن 64 ناوک و 128 یەکەیە و خێرایی 2.9 گێگاهێرتزە و بەرزترین خێرایی دەگاتە 4.3 گێگاهێرتز. خاوەن بیرگەیەکی عەمبار (Cache) ـە بە فراوانی 288 مێگابایت. کۆمپانیای AMD لەگەڵ کۆمپانیای RED ـی تایبەت بە درووستکردنی کامێرای ئاست بەرز هاوبەشێتی کردووە بۆ مەبەستی تاقیکردنەوەی پڕۆسێسەرەکە.

کۆمپانیاکە لە پێشوودا ڕایگەیاندبوو کە ئەم پڕۆسێسەرە تایبەت دەبێت بە بەرهەمهێنەرانی فیلمەکانی هۆڵیود، ئەمەش مانای وایە بۆ کاری زۆر زۆر ئاست بەرز بەکاردێت، نەوەک مەبەست لێی جێگیرکردن بێت لەسەر کۆمپیوتەرێکی نیمچە ئاست بەرز.
نرخی پڕۆسێسەری AMD Threadripper بڕی 3,990$ دەبێت و لە ڕێکەوتی 7 ـی مانگی داهاتووەوە بەردەست دەکرێت، بەڵام پێشبینی ناکرێت لە داهاتوویەکی نزیکدا لەسەر هیچ لاپتۆپێک و کۆمپیوتەرێک جێگیر بکرێت بە هۆی نرخە بەرزەکەیەوە.
ماکوان بەرزان
نووسەر و بەڕێوەبەری نووسین لە کەی ئای تی ئێن. گەشەپێدەری iOS، هەواداری و خوێندکاری پەیمانگەی زانستی کۆمپیوتەر.